بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە 2020/8/12 وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی ھەرێمی كوردستان، ئەنجامی تاقیكردنەوەكانی پۆلی 12ـی ئامادەیی رابگەیەنێت. بڕیارە ئەمڕۆ ئێوارە، وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی ھەرێم، ئەنجامی تاقیكردنەوەكانی خولی یەكەمی پۆلی 12ـی ئامادەیی رابگەیەنێت. وا بڕیاربوو لە سەرەتای ئەم ھەفتەیە ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی پۆڵی 12ـی ئامادەیی رابگەیەندرێ، بەڵام بەھۆی بوونی ھەڵە لە چەند پرسیارێکی تاقیكردنەوەكان، وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی ھەرێم، بڕیاریدا بە قەرەبووكردنەوەی قوتابیان، ئەمەش ھۆكاری سەرەکی بووە بۆ ئەوەی راگەیاندنی ئەنجامی تاقیكردنەوەكان لەکاتی خۆیدا دوا بكەوێت.
یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی ئاشکرایکرد ٩ یاریزانی یانەکە تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنابوون. بە گوێرەی بەیاننامەیەکی فەرمی یانە کەتەلۆنییەکە، تووشبووەکان لە تیپی یەکەمی یانەکە نین و کەسیشیان بەرکەوتەیان نەبووە لەگەڵ تیمی یەکەمی یانەکە، کە گەشت دەکەن بۆ وڵاتی پۆرتوگال تا لەقۆناغی هەشتی چامپیۆنزلیگ ڕووبەڕووی یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی ببنەوە. لەبارەی تەندروستی تووشبووەکانیش، بارسا ڕایگەیاندووە، سەرجەمیان دۆخی تەندروستیان جێگیرەو لە ئێستاشدا لە ماڵەکانی خۆیان کوارەنتین کراون.
لەسەر شەقامی نێوان سلێمانی - تاسلوجە، بەھۆی باری زیادەوە بارھەڵگرێک وەرگەڕا. وێنە: بەرێوبەرایەتیی ھاتوچۆی سلێمانی
دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند، لەگەڵ کۆمپانیای "مودرنا" رێککەوتوون بۆ دابینکردنی بڕی (100) ملیۆن ڤاکسینی دژە ڤایرۆسی کۆرۆنا. دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ڕایگەیاند، لەگەڵ کۆمپانیانی "مودرنا" گەیشتووینەتە رێککەوتن بۆ دابینکردنی بڕی (100) ملیۆن ڤاکسینی دژە ڤایرۆسی کۆرۆنا، کە لە کۆمپانیاکەوە پەرەی پێدراوە. لە لایەکی دیکەوە کۆمپانیاکە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، حکومەتی ئەمەریکا بڕی (یەک ملیار و 500 ملیۆن) دۆلاری داوە بە کۆمپانیاکەیان، لە بەرامبەر دابینکردنی (100) ملیۆن ڤاکسینی دژە ڤایرۆسی کۆرۆنا. کۆمپانیای "مودرنا" لە لێدوانەکەیدا ئاماژەی بەوەشدا، لە ئێستادا ڤاکسینەکە لە قۆناغی تاقیکردنەوەدایە، کە لە مانگی تەمووزی ئەمساڵەوە دەستیپیکردووە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 2020/8/12، لە ئاكامی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلێك لەسەر رێگای بانی مەقان، چوار سەرنشینی ناو ئۆتۆمبێلەكە کە ئەندامی یەک خێزان بوون، برینداربوون.
جێگری سەرۆکی لیژنەی تەندروستی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، حکومەتی عێراق هەوڵ بۆ کڕینی ڤاکسینە رووسییەکە دەدات و دوای دڵنیابوونەوە دەیکڕێت. فارس بریفکانی، جێگری سەرۆکی لیژنەی تەندروستی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی باڵکێشی راگەیاند، حکومەتی عێراق زۆر بە جددی چاودێری ئەنجامەکانی ڤاکسینە رووسییەکە دەکات و ئەگەر دڵنیابێتەوە لە ئەنجامەکەی، گرێبەستێکی گەورە لەگەڵ ئەو وڵاتە دەکات و پارەیەکی زۆریشی بۆ تەرخان دەکات. فارس بریفکانی وتیشی "حکومەتی عێراق لە رێگەی لیژنەیەکی تایبەتەوە چاودێری ئەنجامەکانی ئەو ڤاکسینە دەکات" رۆژی سێشەممە رووسیا دروستکردنی یەکەم ڤاکسینی ڤایرۆسی کۆرۆنای راگەیاند .
نرخی دراو لە بازاڕەکانی ھەرێمی کوردستاندا بەم شێوەیە 100 دۆلاری ئەمریکی بە 123ھەزار و 750 دینارە. 100 یۆرۆی بە 143 هەزار و 500 دینارە. 100 پاوەنی ئیستەرلینی بە 158 هەزار دینارە. 100 هەزار تمەنی ئێرانی 5 هەزار و 500 دینارە. 100 لیرەی تورکی بە 17 هەزار و 500 دینارە.
كۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ چوارشەممە 2020/8/12ـی ئەنجوومەنی وەزیران تایبەت دەبێت بە چۆنیەتی دابەشكردنی مووچەی مانگی سێی ئەمساڵ و وەزارەتی داراییش دەڵێت “نزیکەی لە سەداپەنجای 50%ـی پارە بۆ مووچەی فەرمانبەران هەرێم ئامادەیە”. كۆبوونەوەی ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیران كە لە ڕێگای ئۆنلاینەوە ئەنجام دەدرێت، تایبەتە بە چۆنیەتی دابەشكردنی مووچەی مانگی سێیفەرمانبەران و بڕیاریش دەدرێت کە دابەشكردنی مووچەی مانگی 3 هاوشێوەی مووچەی مانگی 2 بە بڕینی 21% دەبێت یان مووچەکە بەتەواوەتی دابەش دەكرێت. پێشتر ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێم، نووسراوێكی ئاراستەی فەرمانگەكانی حكومەت كردبوو بۆ ئەوەیلیستی مووچەیان بە بڕینی 21% بۆ بنێرن، بەڵام دواتر كاركردن بە نووسراوەکە ڕاگیرا.
نرخی زێڕ 5% دابەزی و هەر ئۆنسەیەک زێڕ بە کەمتر لە 1900 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا. نرخی هەر ئۆنسەیەک زێڕ هەفتەی رابردوو گەیشتە سەرووی 2000 دۆلار، بەڵام ئێستا نرخەکەی رووی لە دابەزین کردووە و ئەمڕۆ سێشەممە گەیشتە کەمتر لە 1900 دۆلار. رۆژی سێشەممە، نرخی ئۆنسەیەک زێڕ بە 2035 دۆلار بوو، بەڵام ئەمڕۆ چوارشەممە بە 1892 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا، واتە نرخی زێڕ ئەمڕۆ بە بەراورد بە دوێنێ53 دۆلار دابەزیوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 2020/8/11، وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم، راگەیێندراوێکی لەبارەی هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا بۆ سەرھێزی پاسەوانەکانی سنووری عێراق لە سیدەکان بڵاوکردەوە و رایگەیاند "پێویستە پەکەکە و توركیا شەڕ و ململانێکانی خۆیان ببەنەوەدەرەوەی خاكی هەرێمی كوردستان و عێراق". دەقی ڕاگەیێندراکەی وەزارەتی ناوخۆ: كاتژمێر 2:45 پاش نیوەڕۆی ئەمرۆ سێشەممە، رێكەوتی 11/8/2020 لە ناوچەی برادۆست كاتێك هێزەكانی پاسەوانی سنووری سەر بە حكومەتی فیدڕاڵی خەریکی پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە بوون کە لە خاڵە سنووریەکان دروستبووە بە مەبەستی دوورخستنی هەڕەشەی شەڕ لە دانیشتووانی ناوچەكە، لە لایەن فرۆكەیەكی لەشكری توركیاوە ئوتۆمبیلێكی هێزەكەی پاسەوانی سنوور دەكرێتە ئامانج وبەداخەوە دوو ئەفسەری هێزەكە شەهید دەبن بە ناوەكانی (عمید/ محەمەد ڕەشید سلێمان، فەرماندەی لیوای دووی پاسەوانیی سنوور) و(عقید/ زوبێر حالی تاجەدین ، فەرماندەی فەوجی سێی لیوای دووی پاسەوانیی سنوور). هەروەها (عقید/ حیسامەدین عەبدولڕەحمان حەسەن ) بریندار دەبێت. لێرەدا دوپاتی دەكەینەوە كە پێویستە PKK و توركیا شەڕ و ململانێکانی خۆیان ببەنەوە دەرەوەی خاكی هەرێمی كوردستان وعیراق وچیتر خەڵكی ئێمە نەكەنە قوربانیی ئەو ململانێیە. بەم بۆنە خەمناكەوە ، پرسە وسەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی شەهیدەكان دەكەین ولە خوای گەورە دەپاڕێینەوە كە بە بەهشتی خۆی شادیان بكات و ھیوای چاكبوونەوەی خێراش بۆ بریندارەكان دەخوازین وخەڵكی خۆمان دڵنیا دەكەینەوە كە حكومەتی هەرێمی كوردستان وەك هەمیشە هەموو توانا و هەوڵەكانی خۆی دەخاتە گەڕ بۆ دوورخستنەوەی ئەم ململانێیە لە هەرێمی كوردستان. وەزارەتی ناوخۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان 11/8/2020
پارتی كرێكارانی كوردستان(پهكهكه) رەتیكردەوە ھیچ ئەندامێكیان لەگەڵ ئەو كاروانەی ھێزەكانی پاسەوانی سنووری عێراقی بێت، كە ئەمڕۆ سێشەممە 2020/8/11 لە لایەن فڕۆكە بێفڕوانەكانی توركیاوە كرانە ئامانج. كاوە شێخ مووس، بەرپرسی پەیوەندییەكانی پەکەکە لە لێدوانێكدا بۆ مالپەڕی (بغداد الیوم) وتی: فڕۆكە بێفڕۆكەوانەکانی توركیا، كاروانێكی هێزەکانی پاسەوانی سنووری عێراقیان كردووەتە ئامانج و تێیدا فەرماندەی لیوای سێ فەرماندەیی هێزەکەی تێدابووە لەگەڵ ژمارەیەك ئەفسەری دیكە. ئەو بەرپرسەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) وتیشی: “فڕۆکەکانی توركیا ئەو كاروانەی پاسەوانی سنووری عێراقییان بوردوومان كردووە”. ئەوەشی دووپاتکردەوە کە ھیچ ئەندامێكی سەر بە پارتی كرێكارانی كوردستان (پەکەکە) لەگەڵ ئەو كاروانەی پاسەوانی سنوور نەبووە.