ھاتوچۆی نێوان ھەولێر و پارێزگاکان ئاسایی کرایەوە
ژوورى ئۆپەراسیۆنى پارێزگاى هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا رایگەیاند، لەپیناو بهرژهوهندی گشتی و كارو كاسبی خهڵك و بژێوی ژیانی هاوڵاتییان بڕیارماندا بە ئاسایی کردنەوەى هاتوچۆى نێوان هەولێر و پارێزگاکانى دیکە. لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، نوێژى هەینى لە مزگەوتەکانى سنوورى پارێزگاى هەولێر رێگە پێدراوە، بەڵام دەبیت نوێژخوێنان مەتر و نیوێک لە یەکترییەوە دووربن و دەستکێش و دەمامکیشیان کردبێت. دەقی راگەیەندراوەکەی ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر: بهسهرپهرشتی د.فەرسهت سۆفی پارێزگاری ههولێر، ژووری ئۆپهراسیۆنی پارێزگای ههولێر كۆبۆوه، کۆبوونەوە بەپشتبەستن بە بەیانی ژمارە(48)ی ساڵی 2020ی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بڕیارەکانی و لەپیناو بهرژهوهندی گشتی و كارو كاسبی خهڵك و بژێوی ژیانی هاوڵاتییان، گەیشتە ئەم بڕیارانەی لای خوارەوە:- یەکەم/ نوێژی هەینی لەمزگەوتەکانی سنووری پارێزگای هەولێر ڕێگە پێدراوە، بەپێی ڕێنماییە تەندروستییەکان و ڕێکارەکانی خۆپارێزی و ئەومەرجانەی خوارەوە:- 1- نوێژخوێن دەبێت دەمامک و دەستکێشی پێبێت.2-نێوانی نوێژخوێنان نابێت لە مەتر و نیوێک کەمتربێت. 3-قەدەغەکردنی شوێنێی هەڵگرتنی دەستنوێژ لەمزگەوت. 4- نوێژخوێن بەرماڵی خۆی ببات بۆ نوێژکردن و لەماڵەوە دەستنوێژهەڵبگرێت. دووەم/ سەرجەم دوکان و بازاڕ و مۆڵ و تەواوی ئەو شوێنانەی بۆ خزمەتی هاوڵاتییان کراوەن، دەبێت ڕێنماییە تەندروستییەکان و ڕێکارەکانی خۆپارێزی جێبەجێبکەن و ڕێگەنەدەن هیچ کەسێک بەبێ بەستانی (دەمامک) بچێتە ژوورەوە، هەروەها خۆشیان (دەمامک) ببەستن، بەپێچەوانەوە ڕێکاری یاساییان بەرامبەر دەگیرێتەبەر. سێیەم/ چێشتخانە، کافتریا، شوێنە گەشتیارییەکان، دەبێت پابەندی ڕێنماییە تەندروستییەکان و ڕێکارەکانی خۆپارێزی و بەستانی (دەمامک) و سەرجەم ئەو مەرج و ڕێنماییانەبن کە شارەوانییەکان و دەستەی گەشت و گوزار بۆیانی دیاریکردووە، بەپێچەوانەوە ڕێکاری یاساییان بەرامبەر دەگیرێتەبەر. چوارەم/ شۆفێری ئۆتۆمبێلەکانی (تایبەت، بارهەڵگر، کرێ) دەبێت پابەندی ڕێناماییە تەندروستییەکان و ڕێکارەکانی خۆپارێزیبن و لەکاتی هەبوونی سەرنشین لەگەڵیان پێویستە شوفێر و سەرنشین (دەمامک) ببەستن، هەر کەسێک سەرپێچی بکات، بەپێی بڕیاری بەیانی ژمارە(48)ی ساڵی 2020ی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، شۆفێر ڕووبەڕووی ڕێکاری یاسایی دەبێتەوە. پێنجەم/ پێویستە هاوڵاتییانی سنووری پارێزگای هەولێر، بەڕەچاووکردنی ڕێکارەکانی خۆپارێزی (دەمامک) بەکاربهێنن و مەودای نێوانیان لە مەترونیوێک کەمترنەبێت، هەرکەسێک لەدەرەوەی ماڵی خۆی بەبێ (دەمامک) ببینرێت بەپێی بڕیاری بەیانی ژمارە(48)ی ساڵی 2020ی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕووبەڕووی ڕێکاری یاسایی دەبێتەوە. شەشەم/ ئەو شوێنانە بەداخراوی دەمێنەوە و ڕێگەپێدراونین:- 1- پرسەدانان لە (هۆڵ-ماڵ-ژێرخێوەت) و مەراسیمی سەرقەبران.2- هۆڵهكانی ئاههنگ گێران و هۆڵهكانی بووك گواستنهوه. حەوتەم/ هاتووچۆ لە نێوان پارێزگای ههولێر لهگهڵ پارێزگاكانی دیكهی ههرێمی كوردستان و عێراق کراوە دەبێت بۆ حاڵەتی پێویست، بەڵام لە ئێستادا هاتنی گروپی گەشتیاری بەکۆمەڵ بەداخراوی دەمێنێتەوە و ڕێگە پێدراو نییە. ژووری ئۆپهراسیۆنی پارێزگای ههولێر