بهڕێوبهرایهتی تهندروستی كهركوك لە ڕاگەیەندراوێکدا رایگهیاند، له ماوهی 24 كاتژمێری رابردودا، 117 تووشبوی ڤایرۆسی كۆرۆنا تۆماركراون، هاوکات 142 تووشبووی ڤایرۆسەکەش چاكبوونهتهوه. هەر بهگوێرهی راگهیهندراوەکەی تهندروستی كهركووك، ئهمڕۆ شەممە 2020/8/22، 117 تووشبوو كۆرۆنا له پارێزگاکە دهستنیشانكراون و كۆی گشتی هەڵگرانی ڤایرۆسەکەش گهیشتووهته ههشت ههزار و 218 کەس. لهماوهی 24 كاتژمێری ڕابردوودا لە پارێزگاکە 4 كهس بههۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوه گیانیان له دهستداوه، ژمارەی گیانلهدهستدانیش بههۆی ڤایرۆسهكهوه لەو پارێزگایە، گهیشتووهته 359 كهس. ئاماژە بەوەشکراوە له ناو تووشبووانی ڤایرۆسەکە لە شهو و رۆژی ڕابردوودا، هەشت تووشبوویان کارمەندانی تەندروستی نەخۆشخانەکانی شاری کەرکووکن.
پەرلەمانتارێکی بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێ"لە ماوەی دوو هەفتەی خۆپیشاندانەکانی هەرێمی کوردستان، دوو بارەگا سووتنێراون کە هەردووکیان هی بزووتنەوەی گۆڕانن، یەکەمیان لە قەڵادزێ و دووەمیان لە کەلار". دابان محەممەد، پەرلەمانتاری بزووتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی باڵکێشی راگەیاند، لە ماوەی دوو هەفتەی خۆپیشاندانەکانی هەرێمی کوردستان، دوو بارەگا سووتنێراون کە هەردووکیان هی بزووتنەوەی گۆڕانن، یەکەمیان لە قەڵادزێ و دووەمیان لە کەلار، ئێمە بەدوای ئەوەدا دەگەڕێین کە لەکاتێکدا یەکێتی و پارتی بەرپرسیارن لەم دۆخە، بۆچی بزووتنەوەی گۆڕان دەکرێتە ئامانج. دابان محەممەد وتی" گۆڕان ئێستا چەند ڕێوشوێنێکی گرتووەتەبەر بۆ شەفافکردنی داهاتی مەرزەکان کە یەکێتی لێی بەرپرسە و هەمیشە هەوڵی ئێمە بۆ چاکسازی بووە، دەستمان بۆ مەلەفی ناخۆ و داهاتی گشتی و خاڵە سنوورییەکان و قەرزی کۆمپانیاکان بردووە، بۆیە گومان دەکەین کە ئەم هێرشانە پەیامێکی سیاسیی بن". ئەو پەرلەمانتارەی بزووتنەوەی گۆڕان ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر هێرشەکان بێ مەبەستی سیاسیی بن و تەنیا تووڕەیی خەڵک بن، ئێمە کێشەمان نییە. بەڵام ئایا بزووتنەوەی گۆڕان بەرپرسە لەم دۆخەی ئێستا؟ لەکاتێکدا بەهۆی خراپی دۆخی سیاسیی، جەماوەری و دارایی یەکێتی دەستیکردووە بە تاڵانی. هەفتەی رابردوو لە قەڵادزێ، خۆپیشاندەران هەڵیانکوتایە سەر بارەگایەکی بزووتنەوەی گۆڕان و سووتاندیان، ئێوارەی ئەمڕۆش لە کەلار، خۆپیشاندەران هەڵیانکوتایە سەر بارەگای قائیمقامییەت و سووتاندیان، قائیمقامیش لە پشکی بزووتنەوەی گۆڕانە.
هونەرمەندی ناسراوی باشووری کوردستان کەریم گوڵانی دەڵێ" گۆرانییەکی نوێم بۆ هونەرمەند ئاواز حەسەن ئامادە کردووە کە ئاوازەکەی هی شاعیر و ئاوازدانەری ناودار هۆشیار عەبدوڵڵایە و لەلایەن هونەرمەندی کۆچکردوو رۆستەم سابیر پێشتر وتراوە". هونەرمەند کەریم گوڵانی لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی ( حەوت خولەک )ی تۆڕی میدیایی باڵکێشدا کە میدیاکار ( حازم جەعفەر) پێشکەشی دەکات، باسی ژیانی هونەری خۆی کرد و وتی"ئێستا وازم لە ئاهەنگی خێزانی هێناوە و لەبەر تەمەنم نامەوێ چیتر بچمە ئەو ئاهەنگانەوە، چونکە ئێستا من تەمەنم 61 ساڵە و بەباشی نازانم ئاهەنگی خێزانی بکەم، بەڵام هەندێجاریش هاوڕێ و خزم ناچارم دەکەن کە ئاهەنگیان بۆ بگێڕم". کەریم گوڵانی باسی نوێترین بەرهەمی هونەری خۆیی کرد و وتی"گۆرانییەکی نوێم بۆ هونەرمەند ئاواز حەسەن ئامادەکردووە، کە هۆنراوەی خۆم و ئاوازی شاعیر و ئاوازدانەر هوشیار عەبدوڵڵایە، پێشتریش لەلایەن هونەرمەندی کۆچکردوو رۆستەم سابیر وتراوە، گۆرانییەکم لە کوردستانەوە ریکۆرد کردووە و بۆ خاتوو ئاوازم ناردووە". هونەرمەند ئاواز حەسەن هونەرمەندی کۆچکردوو ڕۆستەم سابیر
ئەمشەو لە هەرێمی کوردستان باران دەبارێت و بەرپرسی راگەیاندنی فەرمانگەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستانیش دەڵێ"ناوچە شاخاوییەکانی باکوور دەگرێتەوە". ئەژی چەتۆ، بەرپرسی راگەیاندنی فەرمانگەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی باڵکێشی ڕاگەیاند، بەهۆی ئەو نزمە پاڵەپەستۆیەی لە تورکیاوە هەڵیکردووەتە سەر باکووری رۆژئاوای هەرێمی کوردستان، پێشبینی دەکرێت ئەمشەو تاوەکو بەیانی نمەباران لە ناوچە شاخاوییەکانی سنووری زاخۆ ببارێت و تاوەکو سبەی بەردەوامبێت. ئەژی چەتۆ وتی"ئێستا تۆز و با سنووری زاخۆی گرتووەتەوە و دوای ئەوەش نمەنمە باران دەبارێت".
حەوت تەرم لە باشووری بەغدا دۆزرانەوە و پۆلیسی شارەکەش دەڵێ"تەرمەکان نەناسراونەتەوە". پۆلیسی بەغدا رایگەیاند، ئەمڕۆ شەممە مەفرەزەیەکیان رووفاتی حەوت کەسیان لە باشووری بەغدا دۆزیوەتەوە، کە دوای کوشتنیان ژێرخاک کراون. تەرمەکان بە دووری 25کم لە باشووری بەغدا و لە ناوچەی یوسفییە دۆزراونەتەوە، دواتر رەوانە دادپزیشکی کراون بۆ توێکاری و هەوڵدان بۆ ناسینەوەیان، چونکە هیچ ناسنامەیەکیان لە گیرفاندا نەبووە.
وەزارەتی تەندروستی عێراق ئاماری نوێی تووشبووانی ڤایرۆسی كۆرۆنای بڵاو كردەوەو. بەگوێرەی ئامارێکی وەزارەتی تەندروستی عێراق 24 کاتژمێری رابردوودا زیاتر لەسێ هەزارو 970 تووشبووی نوێی ڤایرۆسەكە تۆماركراوە و 70 تووشبووش گیانیان لە دەستداوە. بەپێی دوایین ئامارەکانی کۆرۆنا، كۆی گشتی تووشبووانی ڤایرۆسەکە لە سەرانسەری عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە، گەیشتووەتە 201 هەزار و 50 كەس، هاوكات ژمارەی چاكبووانی ڤایرۆسەکە 143 هەزار و 393 كەسە، ھەروەھا ژمارەی گیانلەدەستدانیش گەیشتووەتە 6 هەزارو 535 تووشبوو.
ڕاگەیاندراوی (٢٤) کاتژمێری تایبەت بە نەخۆشی ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ COVID19 ژمارە (١٧٨) ١. کەرەنتین: (هیچ هاوڵاتی نوێ کەرەنتین نەکراون)٨٥ هاوڵاتی لە کەرەنتینن لە ٦ شوێنی جیاواز لە پارێزگای دهۆك ماونەتەوە. ٢. پشکنین: (٤٢٠٨ پشکنینی نوێ)(١٢٣٠ هەولێر)، (٥٢٥ سلێمانی، ٧٣ گەرمیان)، (٢٣٨٠ دهۆك) ٣. تووشبوو: (٥٣٢ تووشبووی نوێ)(٢١٤ هەولێر)(١٠٣ سلێمانی، ١٤ گەرمیان)(٢٠١ دهۆك)٤. چاکبوون: (٣٧٨ چاکبوون)(٢٥٢ هەولێر)(٢٤ سلێمانی، ٢١ گەرمیان)(٨١ دهۆك) ٥. مردن: (١١ مردن)(٨ هەولێر)(١ گەرمیان)(٢ دهۆك)ئاماری گشتی:کەڕەنتین هاوڵاتی ٢١٨٠٣ (٢١٧١٨ دەرچوو)پشکنین ٢٧٣٠٠٤ (١١٤٠٤٣ هەولێر، ٨١١٥٨ سلێمانی، ٧٥٢٤٣ دهۆك، ٢٥٦٠ هەڵەبجە)تووشبوون ٢٤٢٧١ (٩٩٤٢ هەولێر، ١٠٨٢٢ سلێمانی، ٢٧٤٣ دهۆك، ٧٦٤ هەڵەبجە)چاکبوون ١٤٠٢٨ (٥٤٠٦ هەولێر، ٧٠٣٣ سلێمانی، ٩٤٢ دهۆك، ٦٤٧ هەڵەبجە)لەژێر چارەسەر ٩٣٥٧ (٤٢١٩ هەولێر، ٣٢٥٧ سلێمانی، ١٧٧٨ دهۆك، ١٠٣ هەڵەبجە)مردن ٨٨٦ (٣١٧ هەولێر، ٥٣٢ سلێمانی، ٢٣ دهۆك ،١٤ هەڵەبجە) وێڕای دەستخۆشی بۆ پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی و هەموو تیمەکانی پزیشکی کە لە ئەرکدان، جارێکی تر داوا دەکەین هاووڵاتیان پابەندبن بە ڕێنماییەکانی تەندروستی و دورکەوتنەوە لە شوێنی قەڵەبالغ و دانانی ماسك و دەستکێش، وە لەکاتی پێویستدا پەیوەندی بکەن بە هێڵی گەرمی ژمارە (١٢٢). وەزارەتی تەندروستیحکومەتی هەرێمی کوردستان٢٢ی ئاب ٢٠٢٠
حەوت ڕۆژە ئاگرێکی گەورە لە دارستانێکی ویلایەتی کالیفۆرنیای ئەمەریکا کەوتووەتەوە، بەهۆیەوە نزیکەی (100) هەزار کەس ماڵەکانیان چۆڵکردووە و چەند کەسێکیش گیانیان لە دەستداوە. دوای ئەوەی سەرچاوە هەواڵیەکان بڵاویانکردەوە، کە رۆژی سێشەممەی ڕابردوو، ئاگرێکی گەورە لە دارستانەکانێکی ویلایەتی کالیفۆرنیای کەوتووەتەو، بەهۆی تەشەنەسەندی ئاگرەکە، تا ئێستا کۆنتڕۆل نەکراوە و نزیکە دوو هەزار و 500 کیلۆمەتر لە دارستانەکە زیانی پێگەیشتووە، هەروەها تیمەکانی بەرگری شارستانی لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ کۆنتڕۆلکردنی ئاگرەکە. بۆ کۆنتڕۆلکردنی ئاگرەکە، بەرپرسانی ئەمریکا داوای هاوکارییان لە وڵاتانی ئوسترالیا و کەنەدا کردووە.
سەرۆكوەزیرانی عێراق، لەگەڵ نانسی پیلۆسی، سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا كۆبووەوە. نووسینگەی سەرۆكوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەی نێوان مستەفا کازمی و نانسی پیلۆسی، گفتۆگۆ لەسەر پتەوتركردنی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئەمریكا کراوە، بە تایبەتیش لە بوارەكانی ئابووری و پەروەردە، لەگەڵ چەندین بواری دیكە. بەپێی راگەیەندراوەكەی نووسینەگەی سەرۆکوەزیران، مستەفا كازمی لە کۆبوونەوەکەدا جەختی لەسەر سەروەری خاکی عێراق کردووە، هەروەها بە گرنگییەوە سەیری پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا دەکات بە تایبەت لە کەرتی ئابووریدا. هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، نانسی پیلۆسی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرامی ئەمریکا، سەبارەت بەو هەنگاوانەی مستەفا كازمی ناویەتی لە كاتی دەستبەكاروبوونی وەك سەرۆكوەزیرانی عێراق خۆشحاڵی خۆی دەربڕی، بە تایبەت لە دۆسیەی ئاوارەكان و كەمینەكان لە عێراق. لە کۆبوونەوەکەدا پیلۆسی رایگەیاندووە، ئەمریكا پاڵپشتی لە عێراق دەكات و جەختیكردووەتەوە لەسەر ئەوەی كە عێراق وڵاتێكی گرنگە لە ناوچەکەدا.
رێكخراوی تەندروستی جیهانیی ھیوا خوازە تا ساڵی 2022 كۆرۆنا لە جیھان كۆنترۆڵ بكرێت و خەڵكی وڵاتان بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە نەبنە قوربانی. تێدرۆس ئادانۆم، بەڕێوبەری گشتی رێكخراوی تەندروستی جیهانی ڕایگەیاند، ئەو ماوەیەی بۆ كۆنترۆڵی ڤایرۆسی کۆرۆنا دیاریکراوە، هاوتایە لەگەڵ ئەو ماوەیەی سەدەیەك لەمەوبەر ڤایرۆسی "ئیسپانی" پێ كۆنترۆڵ كرا. بەڕێوبەری ڕێکخراوی تەندروستی جیھانی دەشڵێت "ئەو سەركەوتنانەی لە ماوەی رابردوودا لە بەرامبەر ڤایرۆس و نەخۆشییەکان تۆمار کراون، نابێت خەڵك لە گرتنەبەری رێوشوێنە خۆپارێزییەکان سارد بكاتەوە، چونكە دووبارە دەتوانێت تەشەنە بكات. بە گوێرەی قسەکانی تێدرۆس ئادانۆم، لە داهاتوودا باشترین ئامراز بۆ كۆنترۆڵی ڤایرۆسی كۆرۆنا، ڤاکسینەکەیەتی كە بەرهەم دەهێنرێت و چەند وڵاتێک بەكاری دەهێنن، ئەمەش چارەسەری نەھێشتنی ڤایرۆسەکە نییە. بە پێی دوایین ئاماری کۆرۆنا، ژمارەی تووشووانی ڤایرۆسەکە لە جیھان نزیكەی 23 ملیۆن و 140 ھەزار کەسە و زیاتر لە 800 هەزار كەسیش بەھۆی ڤایرۆسەكە گیانیان لە دەستداوە.
شانەی راگەیاندنی ئاسایشی سەر بە ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، لە ئاکامی بۆردومانی فرۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، ژمارەیەك چەکداری ڕێکخراوی تیرۆرستی داعش لە باكووری بەغدا کوژران. لە راگەیەندراوەکەدا ھاتووە، بە ھاوکاری و زانیارییەكانی هەواڵگریی، لەسەر داوای فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان، فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانیەتی نێودەوڵەتی دژ بە داعش، ژمارەیەك چەکداری داعشیان لە سنووری قەزای تارمییە باكووری بەغدا بۆردومانكردووە. ھەر بە گوێرەی راگەیەندراوەكە، لە ئاکامی بۆردومانەكەدا، تەواوی ئەو تیرۆریستانەی لە ناوچەكەدا بوون، كوژراون و ژمارەیان دیار نییە چەند چەکدار بوون.