Balkesh Digital

دوایین بڵاوکراوەکان

13709 بابەت
هەواڵ
02-09-2026

ئێران: ئیرادەمان بۆ سەرکوتکردنی هێزە بیانییەکان لە هورمز بەهێزتر دەبێت

سوپای پاسدارانی رایگەیاند: هێزەکانیان لە یەکەم هەنگاوی وەڵامدانەوە توندەکەیاندا بۆ سەر بۆردومانەکانی کەناراوی باشووری وڵاتەکەیان، توانیویانە درۆنی پێشکەوتووی سوپای ئەمریکا لە جۆری MQ-9 لە ڕێگەی سیستمی بەرگریی ئاسمانیی بخەنە خوارەوە. سێشەممە، 1ـی ئەیلوولی 2026، پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران، راگەیەنراوێکی لە بارەی بۆردومانەکانی ئەمریکا بۆ سەر کەناراوەکانی باشووری وڵات بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوە کرد، هێزەکانیان دەستیان بە وەڵامدانەوەیەکی سەربازیی توند لە دژی هێزەکانی ئەمریکا کردووە. لە راگەیەنەراوەکەدا هاتووە، بەردەوامیی پاڵپشتییەکانی گەلی ئێران و خۆڕاگریی هێزەکانیان لە گەرووی هورمز، کێشەی گەورەی بۆ فەرماندە و بەرپرسانی کۆشکی سپی دروستکردووە.  سوپای پاسداران ئاماژەی بەوە کردووە چەند کاتژمێرێک لەمەوبەر، سوپای ئەمریکا لە چوارچێوەی "هێرشێکی کوێرانە و لەبێهیواییدا"، چەندین ناوچەی لە کەناراوەکانی باشووری ئێران بۆردومان کردووە، کە چەند پێگەیەکی مەدەنیشی تێدا بووە. سوپای پاسداران جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئەم جۆرە هێرشانە تەنیا کۆنترۆڵکردنی گەرووی هورمز توندتر دەکەن و ئیرادەیان لە بەرپەرچدانەوە و سەرکوتکردنی هێزە دەرەکییە دەستوەردەرەکان لە گەرووی هورمز بەهێزتر دەکات. سوپاسی پاسداران دەڵێت: "شەڕکەرانی سوپای پاسداران وەڵامی پەشیمانکەرەوەیان بۆ ئەمریکا دەستپێکردووە و، لە یەکەم هەنگاویشدا، لە رێگەی سیستمی پێشکەوتووی بەرگریی ئاسمانییەوە، توانیویانە درۆنی پێشکەوتووی سوپای ئەمریکا لە جۆری MQ-9 بخەنە خوارەوە."

هەواڵ
02-09-2026

مەسرور بارزانی لەگەڵ سەرۆکی دەوڵەتی ئیمارات کۆ بووەوە

  ئەمڕۆ سێشەممە 9/1، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی، لە شاری ئەبوزەبی، لەگەڵ شێخ محەمەد بن زاید ئال نەهیان، سەرۆکی میرنشینی عەرەبیی یەکگرتوو کۆبووەوە. لە دیدارەکەدا کە شێخ محەممەد بن ڕاشد ئال مەکتووم جێگری سەرۆک و سەرۆک وەزیرانی ئیمارات و حاکمی دوبەی ئامادە بوو، هەردوولا سەرکۆنەی هێرشەکانی ئەم دواییەی سەر ئیماراتیان کرد و پێویستیی پاراستنی ئارامی و ئاسایشی ناوچەکەیان دووپات کردەوە. هەروەها جەختیان لە گرنگیی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئیمارات و فراوانکردنی هاوکاری و هاوئاهەنگیی نێوانیان لە کەرتە جۆراوجۆرەکاندا کردەوە. لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە تاوتوێ کرا.

هەواڵ
01-09-2026

ئەمڕۆ مووچەی خانەنشینی کرێکاران دابەش دەکرێت

بەڕێوەبەرایەتی دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ کرێکاران لە هەولێر رایگەیاند، کرێکارانی خانەنشینکراو دەتوانن ئەمڕۆ سێشەممە سەردانی بانکی فیدڕاڵ بکەن بۆ وەرگرتنی مووچەکانیان.  بەڕێوەبەرایەتیی دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ کرێکاران لە هەولێر، ئاگادارییەکی بۆ ئەو کرێکارە خانەنشینکراوانە بڵاوکردەوە کە لە چوارچێوەی ناوخۆی هەرێم خانەنشین بوون، و رایگەیاند 1ـی ئەیلوولی 2026، دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی ئابی خانەنشینانی کرێکار دەکرێت. بەگوێرەی راگەیاندراوەکە، کرێکارانی خانەنشینکراو دەتوانن بۆ وەرگرتنی شایستە داراییەکانیان، سەردانی "بانکی فیدراڵ / نووسینگەی دێدەوان" بکەن.

هەواڵ
31-08-2026

بەهۆی تەقینەوە دوو کەس گیانیان لەدەستدا

تەقینەوەیەک لە گەوڕێک لە نزیک گوندی کانی ماران لە سنووری هەڵەبجە روویدا. پۆلیس دەڵێ، دوو کەس گیانیان لەدەستداوە. ئاکام قوتبەدین، گوتەبێژی پۆلیسی هەڵەبجە، ئەمڕۆ دووشەممە رایگەیاند: "لە تەقینەوەکەدا دوو کەس کەوتوونەتە ژێر دار و بنمیچی گەوڕەکەوە و گیانیان لەدەستداوە". گوتەبێژی پۆلیسی هەڵەبجە ئاماژەی بەوەکرد، نازانن بریندار هەیە یان نا؛ گوتیشی: "نازانین تەقینەوەکە بەهۆی چی مادەیەکەوە بووە". هێزە ئەمنییەکان چوونەتە شوێنی رووداوەکە و لێکۆڵینەوەیان دەستیپێکردووە.

هەواڵ
31-08-2026

سوپای پاسداران: باجێکی قورس وەردەگرن

سوپای پاسداران هۆشدارییەکی توند دەداتە ئەمریکا و ڕایگەیاند هەر دەستدرێژییەکی سەربازی بۆ سەر دوورگەی لارک، کاردانەوەی توند و تێچوویەکی قورسی ئابووری و سەربازی بەدوای خۆیدا دەهێنێت. درەنگانی شەوی ڕابردوو، ئەمریکا لەڕێگەی درۆنە هێرشی کردە سەر دوورگەی لارک لە ئێران، بەهۆیەوە دوو سەکۆی مووشەکی لەناوبران، دوو کەس کوژران و دوو کەسی دیکەش بریندار بوون. حوسێن موحیبی، وتەبێژی سوپای پاسداران، لە بڵاوکراوەیەک لە ئێکس ڕایگەیاند، کردەوەی دوژمن لە ناوچەکەدا هەڵەیەکی ستراتیژی و کوشندە بووە و هاوسەنگییەکان دەگۆڕێت. ٠ بەرپرسانی ئەو هێرشانە باجی قورسی ئەو هەڵسوکەوتە هەڵەیەیان لە ڕووی ئابووری و سەربازیشدا دەدەنەوە.

گشتی
31-08-2026

قەرزە ناوخۆییەکان بەرزبووەتەوە

بانکی ناوەندیی عێراق ئاشکرای کردووە، قەبارەی قەرزی گشتیی ناوخۆیی عێراق تا کۆتایی حوزەیرانی 2026 گەیشتووەتە 106.072 ترلیۆن دینار، ئەم بڕە بەراورد بە مانگی ئایاری رابردوو کە 103.179 ترلیۆن دینار بووە، بە رێژەی 2.893 ترلیۆن دینار بەرزبووەتەوە. ئەمڕۆ دووشەممە، 31ـی ئابی 2026، بەپێی ئەو داتایانەی بانکی ناوەندیی عێراق بڵاوی کردوونەتەوە، قەرزی ناوخۆیی لە کۆتایی ساڵی 2025، 90.515 ترلیۆن دینار بووە، بەڵام لە کۆتایی حوزەیرانی 2026 بەرزبووەتەوە بۆ 106.072 ترلیۆن دینار، ئەم ئامارانە ئەوە دەخاتە روو لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا 15.557 ترلیۆن دینار قەرزی ناوخۆیی زیادی کردووە. قەرزە ناوخۆییەکە بەسەر چەند بوارێکدا دابەش بووە، کۆی داواکارییەکانی وەزارەتی دارایی لە بەرامبەر بانکی ناوەندی تا کۆتایی حوزەیران گەیشتووەتە 67.499 تریلیۆن دینار، لە کاتێکدا ئەو بڕە لە کۆتایی ئایار 63.199 تریلیۆن دینار بووە. هاوکات لە داتاکاندا هاتووە، بڕی حەواڵەی گەنجینە گەیشتووەتە 8.742 تریلیۆن دینار، هەروەها قەرزەکان 18.964 تریلیۆن دینار و سەنەدەکانیش 10.867 تریلیۆن دیناریان تۆمار کردووە. بەرزبوونەوەی قەرزی ناوخۆیی لە کاتێکدایە تا کۆتایی ئایار 46.697 ترلیۆن دینار وەک خەرجی گشتی تۆمار کراوە، لە بەرامبەردا داهاتی گشتی 33.747 ترلیۆن دینار بووە، ئەم جیاوازییە بەردەوامەی نێوان داهات و خەرجییەکان، حکوومەتی ناچار کردووە بۆ دابینکردنی پێداویستییە داراییەکان پشت بە ئامرازەکانی قەرزکردن ببەستێت.

هەواڵ
30-08-2026

هەورە برووسەکە لە 30 سەر مەڕی و شوانێکی دا

ئێوارەی ئەمڕۆ لە سەنتەری ناحیەی چوارقوڕنە، هەورە برووسکە لە مێگەلە مەڕێکی دا و بەو هۆیەوە نزیکەی 30 سەر مەڕ مرداربوون و شوانەکەش بریندار بوو. رۆژی یەکشەممە، 30ـی ئابی 2026، دکتۆر زانا رەسوڵ، بەڕێوەبەری ناحیەی چوارقوڕنە رایگەیاند: "هەورە برووسەکە لە سەنتەری چوارقوڕنە لە مەڕ و ماڵاتی داوە، نزیکەی 30 سەر مەڕ مرداربوون و شوانەکەشی بریندار بوو." سەبارەت بە دۆخی تەندروستی شوانەکە، بەڕێوەبەری ناحیەکە ئاماژەی بەوە کرد: "شوانەکە گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە و چارسەری پێویستی بۆ کراوە." رووداوەکە لە نزیک بەنزینخانەیەک لە رۆژئاوای ناحیەی چوارقوڕنە روویداوە. زانا رەسوڵ گوتیشی: "ئێستا تیمەکانی شارەوانی خەریکی کۆکردنەوەی پاشماوەی مەڕ و ماڵاتە مرداربووەکانن بۆ ئەوەی ناوچەکە پاکبکەنەوە." لەبارەی دۆخی کەشوهەوای ناوچەکە لە کاتی رووداوەکەدا، بەڕێوەبەری ناحیەکە روونی کردەوە: "بارانێکی وا نەبوو، تەنیا نمەباران بوو، بەڵام هەورە برووسەیەکی بەهێز ئەم ئێوارەیە ناوچەکەمانی گرتبووەوە."

هەواڵ
30-08-2026

زاوایەک لە هەولێر دەستڕێژی گوللە لە ماڵە خەزووری دەکات

دەوروبەری کاتژمێر 4:00ـی ئێوارەی ئەمڕۆ لە هەولێر زاوایەک دەستڕێژی گوللەی لە ماڵی خەزووری کرد، خەزوور و ژنەکەی بریندار کرد و خوشکی ژنەکەشی کوشت.  موقەدەم کیفاح حەسەن، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەولێر ڕایگەیاند: لە گەڕەکی 99ی زانکۆ ڕووداوێکی تەقەکردن هەبووە، بەوهۆیەوە ژنێک کوژرا و دوو کەسی دیکەش بریندارن. - دەڵێت، لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە دەستیپێکردووە و تاوەکوو ئێستا کەس دەستگیر نەکراوە، بەڵام پێدەچێت هۆکاری پشت ڕووداوەکە کێشەی کۆمەڵایەتی بێت. سەر️چاوەیەک لە شوێنی ڕووداوەکەوە دەڵێت، زاوایەکە هەڵیکوتاوەتە سەر ماڵی خەزووری و تەقەی لێکردوون، بەوهۆیەوە هاوسەرەکەی خۆی لەگەڵ خەزووری بریندار کردووە، خوشکی هاوسەرەکەشی کوشتووە.

هەواڵ
30-08-2026

نۆرەگرتن بۆ بەنزین لە شەواندا قەدەخە کرا

راگرتنی ئۆتۆمبێل بۆ نۆرەی بەنزین لە شەواندا قەدەخە کرا و هۆشداریش دەدرێتە شۆفێران کە تووشی سزای دارایی دەبن. ئەمڕۆ یەکشەممە، 30ـی ئابی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەولێر ئاگادارییەکی ئاراستەی گشت هاووڵاتییان و شۆفێران کرد. تێیدا هاتووە، راگرتنی ئۆتۆمبێل لە پێش بەنزینخانە، شەقام و کۆڵانەکان بۆ نۆرەگرتنی بەنزین رۆژێک پێش دابەشکردن بە هەموو شێوەیەک قەدەخەیە. لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە، ئەم قەدەخەکردنە بەتایبەتی بۆ کاتەکانی شەوانە دەبێت، بڕیارەکەش لە پێناو رێگریکردنە لە دروستبوونی قەرەباڵخی و بێزارکردنی هاووڵاتییان لەو ناوچانە. بەڕێوەبەرایەتییەکە هۆشداریی توند دەداتە شۆفێران سەبارەت بە سەرپێچیکردنی ئەم بڕیارە و روونی کردووەتەوە بە پێچەوانەوە ژمارەی ئۆتۆمبێلەکان لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆوە تۆمار دەکرێن و سزای پێبژاردنیان بۆ دەنووسرێت.  ماوەیەکە لە هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی لە شاری هەولێر، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەنزینی پاڵپشتیکراو بەسەر شۆفێراندا دابەش دەکات. بەهۆی هەرزانیی نرخی ئەم جۆرە بەنزینە بەراورد بە نرخی بازرگانی، زۆرجار قەرەباڵخییەکی زۆر لە بەردەم ئەو بەنزینخانانە دروست دەبێت کە بڕیارە بەنزینەکەی لێ دابەش بکرێت. ئەمەش وای کردووە بەشێک لە شۆفێران بۆ مسۆگەرکردنی نۆرەکانیان، لە نیوەشەودا یان رۆژێک پێشتر ئۆتۆمبێلەکانیان لە نزیک بەنزینخانەکان و کۆڵانی ماڵەکان بەجێبهێڵن.  ئەم دیاردەیە جگە لە تێکدانی سیمای شار، بووەتە هۆی دروستبوونی ئاستەنگی هاتوچۆ و بێزارکردنی دانیشتووانی ئەو گەڕەکانە، بۆیە لایەنە پەیوەندیدارەکان ناچار بوون رێکاری توند بگرنەبەر بۆ بنبڕکردنی و سزای دارایی بەسەر سەرپێچیکاراندا بسەپێنن.

هەواڵ
30-08-2026

یەک ملیۆن کەس لە عێراق و هەرێمی کوردستان بێسەروشوێنن

بەڕێوەبەری گشتیی یاسایی لە دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان بەبۆنەی رۆژی جیهانیی بێسەروشوێنانەوە ئاشکرای کرد کە لە سەرانسەری عێراق و هەرێمی کوردستاندا لە نێوان 250 هەزار بۆ نزیکەی یەک ملیۆن کەس بێسەروشوێنن، هاوکات شادبوونەوەی 200 خێزانی لە هەرێمی کوردستان بە کەسوکاریان راگەیاند. یەکشەممە 30ـی ئابی 2026، تاڤگە عومەر، بەڕێوەبەری گشتیی یاسایی لە دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا رایگەیاند، بەپێی ئەو داتایانەی لەبەردەستدان، ژمارەی کەسانی بێسەروشوێن لە سەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان لە 250 هەزار کەسەوە تاوەکو نزیکەی یەک ملیۆن کەس دەخەمڵێندرێت. ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم دۆسیەیە پرسێکی هەستیاری نیشتمانییە و هەوڵەکان بەردەوامن بۆ ئاشکراکردنی چارەنووسی ئەو کەسانەی کە لە قۆناخە جیاوازەکاندا بێسەروشوێن بوون. بەڕێوەبەری گشتیی یاسایی دەستەی مافی مرۆڤ روونیکردەوە، دەستەکەیان بە هەماهەنگی لەگەڵ دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و رێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، بەردەوام لە کاردان بۆ سۆراخکردن و یەکلاییکردنەوەی چارەنووسی ونبووان لە پێناو کەمکردنەوەی ئازار و چاوەڕوانیی خێزانەکانیان. لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا، تاڤگە عومەر ئاشکرای کرد، بەپێی ئامارە تۆمارکراوەکانی لای لیژنەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور، لە ساڵی 2025دا نزیکەی 800 خێزان داواکاری و سکاڵایان بۆ دۆزینەوەی ونبووەکانیان تۆمار کردووە، و لە ئەنجامی بەدواداچوونەکاندا توانراوە نزیکەی 200 خێزان لە هەرێمی کوردستان و عێراق بە کەسوکارە بێسەروشوێنەکانیان شاد بکرێنەوە. چیا عەلی عەزیز، جێگری سەرۆکی نووسینگەی رێکخراوی خاچی سوور لە هەولێر، لە لێدوانێکی تایبەتدا  رایگەیاند، لە ساڵی 2025دا زیاتر لە 1,200 کەیسی نوێی بێسەروشوێنبووان لە عێراق تۆمار کراون و تەنیا چارەنووسی 517 کەسیان ئاشکرا کراوە. ئاماژە بەوە کرد کە خێزانەکان بەهۆی بێسەروشوێنبوونی ئازیزانیانەوە رووبەڕووی گرفتێکی دەروونی، ئابووری و یاسایی سەخت بوونەتەوە.

هەواڵ
30-08-2026

وەزارەتی پەروەردە کرانەوەی دەرگای قوتابخانەکانی راگەیاند

وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، رۆژی 1ـی ئەیلوولی 2026ی وەک رۆژی دەستبەکاربوونەوەی مامۆستایان لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندنی حکوومی بۆ ساڵی نوێی خوێندنی 2026-2027 دیاریی کرد.

گشتی
30-08-2026

ریال مەدرید دەیەوێت بەردەوامی بەسەرکەوتنەکانی بدات

یانەی ریال مەدرید خۆی ئامادە دەکات بۆ رووبەڕووبوونەوەیەکی نوێ لە کێبڕکێیەکانی خولی ئیسپانیا، کاتێک ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە لە چوارچێوەی یارییەکانی گەڕی سێیەمی وەرزی 2026-2027 رووبەڕووی یانەی مالاگا دەبێتەوە. یارییەکە لەسەر یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆی تایبەت بە ریال مەدرید ئەنجام دەدرێت. خاوەن یاریگا هیوادارن بەردەوامی بە دەستپێکە بەهێزەکەیان بدەن و سێیەم سەرکەوتنی لەسەریەک بەدەستبهێنن، ئەمەش لەپێناو کێبڕکێکردنی پێشوەختە لەسەر لووتکەی ریزبەندی خولی ئیسپانی. ریال مەدرید بە ورەیەکی بەرزەوە دەچێتە ناو یارییەکە، دوای ئەوەی لە دوو گەڕی یەکەمی خولەکەدا توانی نمرەی تەواو (6 خاڵ) کۆبکاتەوە. یانەی شاهانە کاروانی خۆی لە خولی ئیسپانی بەبردنەوە لە یانەی ئیسپانیۆل بەئەنجامی 2-1 دەستپێکرد، پاشان لە گەڕی دووەمدا بەردەوامی بە ئەنجامە ئەرێنییەکانی دا و بە 4 گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک لە ریال سۆسیدادی بردەوە. ئێستاش ریال مەدرید چاوی لەوەیە بەردەوامی بە نماییشە هێرشبەرییە بەهێزەکانی بدات، بەرامبەر مالاگا و سێ خاڵی نوێ بەدەستبهێنێت بۆ بەهێزکردنی پێگەی خۆی لە ریزبەندی خولەکەدا، بەتایبەت کە یانەکە دەیەوێت هەر لە سەرەتاوە خۆی وەک رکابەری سەرەکی نازناوەکە بسەلمێنێت. ریال مەدرید لەژێر سەرپەرشتی جوزێ مۆرینیۆی راهێنەری پۆرتوگالیدا یارییەکە ئەنجام دەدات، کە لەم وەرزەدا بەرپرسیارێتی مەشقی تیپەکەی گرتووەتە ئەستۆ و هەوڵدەدات درێژە بەو دەسپێکە نموونەییە بدات. پێشبینی دەکرێت مۆرینیۆ پشت بە دیارترین یاریزانەکانی ببەستێت بۆ یەکلاکردنەوەی یارییەکە، بەتایبەت کە یارییەکە لەسەر یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ و لەناو جۆش و خرۆشی هاندەرانی یانە شاهانەکەدا بەڕێوەدەچێت.

1 2 ... 9 10 11 ... 1142 1143