کوردستان

یەک ملیۆن کەس لە عێراق و هەرێمی کوردستان بێسەروشوێنن

30-08-2026
یەک ملیۆن کەس لە عێراق و هەرێمی کوردستان بێسەروشوێنن
قەبارەی نووسین:
A A 21px

بەڕێوەبەری گشتیی یاسایی لە دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان بەبۆنەی رۆژی جیهانیی بێسەروشوێنانەوە ئاشکرای کرد کە لە سەرانسەری عێراق و هەرێمی کوردستاندا لە نێوان 250 هەزار بۆ نزیکەی یەک ملیۆن کەس بێسەروشوێنن، هاوکات شادبوونەوەی 200 خێزانی لە هەرێمی کوردستان بە کەسوکاریان راگەیاند.

یەکشەممە 30ـی ئابی 2026، تاڤگە عومەر، بەڕێوەبەری گشتیی یاسایی لە دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا رایگەیاند، بەپێی ئەو داتایانەی لەبەردەستدان، ژمارەی کەسانی بێسەروشوێن لە سەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان لە 250 هەزار کەسەوە تاوەکو نزیکەی یەک ملیۆن کەس دەخەمڵێندرێت.

ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم دۆسیەیە پرسێکی هەستیاری نیشتمانییە و هەوڵەکان بەردەوامن بۆ ئاشکراکردنی چارەنووسی ئەو کەسانەی کە لە قۆناخە جیاوازەکاندا بێسەروشوێن بوون.

بەڕێوەبەری گشتیی یاسایی دەستەی مافی مرۆڤ روونیکردەوە، دەستەکەیان بە هەماهەنگی لەگەڵ دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و رێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، بەردەوام لە کاردان بۆ سۆراخکردن و یەکلاییکردنەوەی چارەنووسی ونبووان لە پێناو کەمکردنەوەی ئازار و چاوەڕوانیی خێزانەکانیان.

لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا، تاڤگە عومەر ئاشکرای کرد، بەپێی ئامارە تۆمارکراوەکانی لای لیژنەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور، لە ساڵی 2025دا نزیکەی 800 خێزان داواکاری و سکاڵایان بۆ دۆزینەوەی ونبووەکانیان تۆمار کردووە، و لە ئەنجامی بەدواداچوونەکاندا توانراوە نزیکەی 200 خێزان لە هەرێمی کوردستان و عێراق بە کەسوکارە بێسەروشوێنەکانیان شاد بکرێنەوە.

چیا عەلی عەزیز، جێگری سەرۆکی نووسینگەی رێکخراوی خاچی سوور لە هەولێر، لە لێدوانێکی تایبەتدا  رایگەیاند، لە ساڵی 2025دا زیاتر لە 1,200 کەیسی نوێی بێسەروشوێنبووان لە عێراق تۆمار کراون و تەنیا چارەنووسی 517 کەسیان ئاشکرا کراوە. ئاماژە بەوە کرد کە خێزانەکان بەهۆی بێسەروشوێنبوونی ئازیزانیانەوە رووبەڕووی گرفتێکی دەروونی، ئابووری و یاسایی سەخت بوونەتەوە.