کوردستان

نۆرەگرتن بۆ بەنزین لە شەواندا قەدەخە کرا

30-08-2026
نۆرەگرتن بۆ بەنزین لە شەواندا قەدەخە کرا
قەبارەی نووسین:
A A 21px

راگرتنی ئۆتۆمبێل بۆ نۆرەی بەنزین لە شەواندا قەدەخە کرا و هۆشداریش دەدرێتە شۆفێران کە تووشی سزای دارایی دەبن.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 30ـی ئابی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەولێر ئاگادارییەکی ئاراستەی گشت هاووڵاتییان و شۆفێران کرد. تێیدا هاتووە، راگرتنی ئۆتۆمبێل لە پێش بەنزینخانە، شەقام و کۆڵانەکان بۆ نۆرەگرتنی بەنزین رۆژێک پێش دابەشکردن بە هەموو شێوەیەک قەدەخەیە.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە، ئەم قەدەخەکردنە بەتایبەتی بۆ کاتەکانی شەوانە دەبێت، بڕیارەکەش لە پێناو رێگریکردنە لە دروستبوونی قەرەباڵخی و بێزارکردنی هاووڵاتییان لەو ناوچانە.

بەڕێوەبەرایەتییەکە هۆشداریی توند دەداتە شۆفێران سەبارەت بە سەرپێچیکردنی ئەم بڕیارە و روونی کردووەتەوە بە پێچەوانەوە ژمارەی ئۆتۆمبێلەکان لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆوە تۆمار دەکرێن و سزای پێبژاردنیان بۆ دەنووسرێت. 

ماوەیەکە لە هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی لە شاری هەولێر، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەنزینی پاڵپشتیکراو بەسەر شۆفێراندا دابەش دەکات. بەهۆی هەرزانیی نرخی ئەم جۆرە بەنزینە بەراورد بە نرخی بازرگانی، زۆرجار قەرەباڵخییەکی زۆر لە بەردەم ئەو بەنزینخانانە دروست دەبێت کە بڕیارە بەنزینەکەی لێ دابەش بکرێت.

ئەمەش وای کردووە بەشێک لە شۆفێران بۆ مسۆگەرکردنی نۆرەکانیان، لە نیوەشەودا یان رۆژێک پێشتر ئۆتۆمبێلەکانیان لە نزیک بەنزینخانەکان و کۆڵانی ماڵەکان بەجێبهێڵن.

 ئەم دیاردەیە جگە لە تێکدانی سیمای شار، بووەتە هۆی دروستبوونی ئاستەنگی هاتوچۆ و بێزارکردنی دانیشتووانی ئەو گەڕەکانە، بۆیە لایەنە پەیوەندیدارەکان ناچار بوون رێکاری توند بگرنەبەر بۆ بنبڕکردنی و سزای دارایی بەسەر سەرپێچیکاراندا بسەپێنن.