کورتەیەک لەسەر ڕۆمانی “نامۆ”ی ئەلبێر کامۆ
ڕۆمانەکە بە بەناوبانگترین ڕستە لە ئەدەبیاتی سەدەی بیستەم دەست پێ دەکات: “دوێنێ دایکم مرد” لەم ڕستەیەدا هەستەکانی(مێرسو)دەربارەی مردنی دایکی سەردەردێنن، ئەو مردنی دایکی وەک ڕاستیێک قبوڵ دەکات نەوەک وەک بارێکی سۆزداری. مێرسو دوای مردنی دایکی بەردەوامە لە بەرێکردنی ڕۆژەکانی بێ ئەوەی دڵتەنگی مەرگی دایکی پێوە دیاربێت، دەڕواتە مەلەکردن و لەگەڵ “ماری” خۆشەویستی سێکس دەکات، تەنانەت لەکاتی ناشتنی تەرمی دایکی دا، مێرسو ئارەزوو ناکات تەرمی دایکی ببینێت، خۆی بە جگەرەکێشان و قاوەخواردنەوە خەریک دەکات.
مێرسو لە لایەن بەڕێوەبەری کارەکەیەوە دەرفەتی کارکردنی بۆ دێت لە پاریس، بەڵام ڕەتی دەکاتەوە بە بیانووی ئەوەی هیچ شتێک بۆ ئەو جیاوازی نییە و ئامانجێکی نییە تا لە هەوڵی باشترکردنی گوزەرانی دابێت.
لە درێژەی بەشی یەکەم دا، مێرسو هەوڵدەدات یارمەتی (ڕایمۆند)ـی هاورێی بدات تا تۆڵە لە خۆشەویستەکەی بکاتەوە کە ناپاکی لەگەڵ کردووە. لە هەمان کاتدا لە پەیوەندییەکی بەرژەوەندیخوازانە دایە لەگەڵ ماری کە تەنیا وەکو کارەکتەری خاڵی کردنەوەی حەزو ئارەزووەکانی سەیری دەکات.
پلانی ڕایمۆند، بۆ تۆڵەسەندوەیەکی ئازاردەرانە بەباشی جێبەجێکرا، چەند ڕۆژێک دواتر میرسۆ بریندار دەکرێت، لە شەڕێک لەگەڵ برای خۆشەویستەکەی و پیاوێکی عەرەب.
ڕۆژی دواتر مێرسو، چەکەکەی ڕایمۆند دەبات و دەڕوات، دەڕوات لە کەنار دەریا پیاسەدەکات. لەناکاو تووشی پیاوە عەرەبەکە دەبێت کە ڕۆژی پێشوو بینیبووی، هەروەها تێبینی بریسکەی چەقۆکەی دەکات. لە کاتێکدا گەرمای کەناراوەکە تەنگی پێهەڵچنیوە و ئارەق نێوچەوانی تەنیوە، مێرسۆ دەست دەکات بە پەلەپیتکەی دەمانچەکەدا و چوار فیشەک دەنێتە گیانی پیاوە عەرەبەکە، تەنیا هۆکاری مێرسو بۆ ئەم ڕووداوە ئەوەیە کە گەرمای کەناراوەکە بە ڕادەیەکی زۆر بێزاری کردووە.
لە بەشی دووەم، مێرسو دەچێتە دادگا بەتۆمەتی کوشتنی پیاوەعەرەبەکە.
دادگا فەڕەنسییەکە هەوڵدەدات دانپێدانانی پەشیمانبوونەوەی مێرسو دەربارەی کوشتنی پیاوە عەرەبەکە وەربگرێت، بەڵام مێرسو هەموو جۆرە ددانپێدانانێکی لەو شێوەیە ڕەت دەکاتەوە.
لەکاتی دادگاییکردنەکەدا، مێرسو سەرسام دەبێت بەو جلەی کە ماری پۆشیویەتی. پارێزەرەکە دەڵێت: “ئەو کەسێکی دڵڕەق و بکوژێکی بێ ڕۆحە”. بەرگریکاران پێیانوابوو ئەو ئازاد دەبێت، بەڵام پەشیماننەبوونەوەی مێرسو ڕایی دادگای بە ئاراستەیەکی تردا برد.
لە دوا ساتەکانی دا، مێرسو گرینگی نادات بە وتاری قەشەکە کە بۆ ئارام کردنەوەی مێرسو بوو، گوتی کە هیچ کەسێ مافی بڕیاردانی لەسەر ئەو نییە.
تێکڕای ئەو ڕووداوانە لە جەزائیر ڕوودەدەن، ئەو گەرەکەی کە مێرسوی لێ دەژیا، ناوی “بکلور”ـە، هەمان ئەو گەڕەکەیە کە ئەلبێرت کامۆ لە ساڵی 1914 لەگەڵ دایکی تێیدا ژیاوە.
وەرگێڕانی/ دەراو عەزیز