ئەوینێک، نە دەستی پێ كرد و نە تەواو دەبێ
لەناو یەكێك لە مۆڵەكاندا بینیم، پاڵ بە عەرەبانەی منداڵە ساواكەیەوە دەنێت، كچێكی شەشحەوت ساڵی لە تەنیشتیدایە. لە یەكێك لە بازاڕەكانی مۆڵەكە دێنە دەرێ و منیش لەو كاتەدا دەچمە ژوور. سەرم بەسەر مۆبایلەكەمەوە بوو. خۆم لە عارەبانەكە دا. بەپەلە سەرم بەرز كردەوە و داوای لێبوردنم كرد. بە ساردییەكەوە وەڵامی دایەوە. لەو نیو چركەیەدا كە ڕووم دەكەوێتە بەرانبەر ڕووی ئەو و چاومان لە ئاستی یەكدایە، دەبوو كۆتایی پێ بێت و بڕۆمە ژوورەوە. دوای ئەوەی سەری لا برد، شتێك بەبێ ئەوەی بزانێ چییە، ناچاری كرد دیسان سەر بەرز بكاتەوە و ئەم جارە لێم ورد ببێتەوە. خورپەیەك بە دڵی منیشدا هات. هەمان ئەو هێزەی لێ دروست كردم و ڕووم بۆ سووڕان. بە وردی سەیری یەک دەكەین و دەمانەوێت شتێك بڵێین. ئێ چی بڵێین؟ نە من دەزانم، نە ئەو. هەریەكەمان ڕێی خۆمان گرت. لە ماوەی سێ هەنگاودا، تا گەیشتمە سەر یەكەم ڕیزە پانتۆڵ، هەرچی لاپەڕەی یادگەی خۆمە هەڵدایەوە، داخۆ ئەو ژنە دەناسم، بەشێكە لە ڕۆژانێكی ژیانم؟ لەو كاتەدا زەكەریا دەمی بە بڵندگۆی بازاڕەكەوە ناوە و هاوار دەكات: “هەر یادت ماوە، یادت ژیانە، لە یادنامەی تۆ…” بیرم نەبوو بیر بكەمەوە، ئەوە چۆنە گۆرانییەكی ناخۆشی توركی لەسەر نییە، چۆنە سەریان لێ شێواوە و ئەم گۆرانییە كوردییەی دەخەنە سەر؟ لاپەڕەكانی هەڵیان دەدەمەوە، ئەوەشیان بیر بردمەوە، هاتووم كڵاوێك و تیشێرتێك بكڕم، سبەی دەچین بۆ سەیران!
هێشوو..!! بەڵێ هێشوو، خۆیەتی! نەخێر نابێت ئەو بێت، ئەی ئەو دوو منداڵەی بۆ پێ بوو؟ گاڵتەیەك بە خۆم دەكەم، بۆ پێی نەبێت، دواجار كە بینیومە، پێش 10 ساڵ بوو. ئەو ڕۆژەی پێیم گوت، دەمەوێت شتێكی گرینگت پێ بڵێم، پێش ئەوەی هیچ بڵێم، لەبەر ڕێزی بۆ شكۆی من و نەدۆڕانی هیچ وشەیەك، پێی گوتم: ئەم پێنجشەممەیە دەگوازرێمەوە. بیر دەكەمەوە، بۆچی یەكسەر نەمناسییەوە، چی لە ڕووخساری گۆڕاوە؟ ڕەنگە تاكە گۆڕانكاری ئەو منداڵانە بێت. هەرگیز چاوەڕێم نەكردووە، هێشوو بە دوو منداڵەوە بیبینم! نەخێر، لەوانەیە بەهۆی ئەو سەرپۆشە توندوتۆڵەی سەری بێت. پێشتر لەچكی نەدەكرد، لەو كچانەش نەبوو كە چاوەڕێ بكەم ڕۆژێك لە ڕۆژان ببێتە سەرپۆش!
خەیاڵ بردمییەوە بۆ ئەو ڕۆژەی دەمویست پێی بڵێم خۆشم دەوێی و ڕێگەی لێ گرتم. نەیهێشت بۆ یەك ساتیش ئەو وشەیە نائومێدم بكات. ئایا مانای ئەوە ناگەیەنێت، ئەو لە لووتكەی خۆشەویستیدا بووە بۆم؟ بەڵام چ خۆشەویستییەك و چ لووتكەیەك؟ پێش ئەو چەند ڕۆژەی هاتن بۆ ماڵمان و جارێكی دیكە سەرسامی بووبوومەوە، 10 ساڵ بوو نەمدیبوو.
لە پۆلی سێی سەرەتایی بووم، ماڵیان هاتە گەڕەكی ئێمە و لە قوتابخانەش لە یەك پۆلدا بووین. عەجوول و هاروهاج بوو، بەپێچەوانەی منەوە. لە منداڵییەوە كچی عەجوول سەرنجم ڕادەكێشن. ئەو لە هەموویان زیاتر. بەهۆی ئەم كزی و شەرمنییەمەوە، هیچ ئومێدێك نەبوو، كچێكی ئاوا كە مانشێتی سەرەكیی گفتوگۆی كوڕانی پۆل و ئێرەیی یەكەمی كچان بوو، ببێتە هاوڕێم. شەوێكیان لە بەردەرگە یاریم دەكرد، هاتمەوە، دەبینم میوانمان هەیە. هێشو و دایك و باوكی هاتبوون. باوكی هاوڕێی نزیكی باوكم بوو. ئەمە گەورەترین و زێڕینترین هەلی ژیانم بوو، تا لێی نزیك ببمەوە. هەر نزیك نەبوومەوە.
ئەو هات و قسەی لەگەڵ كردم: تۆش ڕقت لە مامۆستا ئەحمەدە؟ پێكەنیم: بەڵێ، زۆر تووڕەیە، ئەگەر شتێك نەزانیت، قەڵەم دەخاتە نێوان پەنجەكانتەوە. هەلەكەم قۆستەوە و هەموو ئەو زانیارییانەی لەسەر مامۆستا و قوتابییەكان هەمبوو، پێیم دەگوت. لە دۆخێكی زۆر چێژبەخشدا بووم، چونكە بە هەموو هۆشیارییەكەوە گوێی بۆ هەڵخستبووم و چاوەڕێی یەك بە یەكی وشەكانم بوو. جارجار هەوڵم دەدا قسەیەك بكەم، بكەوێتە پێكەنین. لە باسی كوڕەكانی پۆلیشدا درۆم دەكرد، تا سەرنجی بۆ كەسیان ڕانەكێشێت. ئەمەیان چڵمنە، ئەمەی تریان شەڕانییە، ئەوەی دیكە لە خوشكەكەی دەدا، قژبژەكەش خەتخەتێنی كچان تێك دەدا.
ئیدی بووم بە ئەستێرەی پۆل. پێشتر كەس لە تەنیشتم دانەدەنیشت، هیچ هاوڕێیەكم نەبوو، جارجار گاڵتەشیان پێ دەكردم و توانای وەڵامدانەوەم نەبوو. ئەو شوێنی خۆی گۆڕی و هاتە تەنیش منەوە دانیشت. ڕێك لە ڕەحلەی ڕیزی دووەم. ئەو لای پەنجەرەكەوە بوو. كاتێك خەیاڵ دەیبردەوە و ڕووی لە پەنجەرە دەكرد و سەیری قوتابییەكانی دەكرد كە لە دەرەوە یاری دەكەن، سەرنجی سەرنجەكانیم دەدا و لە قژە خاوە درێژەكەی ورد دەبوومەوە.
دوو ساڵمان ئاوا بەڕێ كرد. ماڵمان لەوێ نەما و ئیدی هێشووم نەدییەوە. دوای 10 ساڵ، من لە قۆناغی دووی زانكۆ بووم، لەگەڵ ماڵی باوكی هاتن بۆ ماڵمان. سێ شەو لە ماڵی ئێمە مانەوە. ئەو خوێندنی تەواو نەكرد، ئەوەم زۆر پێ سەیر بوو. زیرەكترین قوتابیی پۆل بوو، منیش لە تەنبەڵەكان بووم. ئەوەی وای كرد من خوێندن تەواو بكەم، بۆ ئەو دوو ساڵە دەگەڕێتەوە كە پێكەوە بووین. بۆ ئەوەی سەرنجی ڕابكێشم، هەموو شتێكم دەكرد، هەر ئەمەیش وای كرد سەعی بكەم و لە قوتابییەكی گەلحۆوە ببمە قوتابییەكی نیمچە زیرەك و هەموو قۆناغەكان ببڕم. پێم گوت بۆ خوێندنی تەواو نەكردووە، وەڵامی نەدامەوە.
لە دوای ئەو 10 ساڵە، 10 ساڵ ڕۆیشتووە كە ئێستە لەم مۆڵە دەیبینمەوە و دوو منداڵی پێیە. هەموو ئەم بیركردنەوانەم، چەند ساتێكی كەمی خایاند. ئاوڕم دایەوە، دەبینم نەڕۆیشتووە، ئەویش هەر وا ورد دەبێتەوە. كاتێك سەیرم كرد، یەكسەر پێكەنی. ئێستەش هەر ئەو هەنگاوی نا، پێش ئەوەی لێم نزیك ببێتەوە: بە جووڵانی دەم، بەبێ دەنگ و شیوەی پرسیار گوتی: ئاری؟ بە سەرلەقاندن وەڵامیم دایەوە.
- سڵاو، چۆنی هێشوو خان؟
- (بە پێكەنینەوە، هەمان پێكەنینەكەی پێش بیست ساڵ و پێش دە ساڵ، هیچ نەگۆڕابوو): ئەم خانە لە كوێوە فێر بوویت؟
پێم نەگوت بۆ ژنم نەهێناوە، ئەویش نەیپرسی. هیچ پرسیارێكم لەسەر مێردەكەی نەكرد، ئەویش خۆی بەلای ئەو قسانەدا نەبرد. كەمێك لەسەر منداڵەكانی دوا. منداڵی ناو عارەبانەكە ناوی “ئاری” بوو. خواحافیزیمان كرد. نە تەلەفۆنیم وەرگرت، نە ئەكاونتی فەیسبووكەكەی. بەو هیوایەی 10 ساڵی دیكە بیبینمەوە.
كوردۆ شابان