بەبۆنەی 59 ساڵەی دامەزراندنی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان، سەرۆک مەسعود بارزانی لە پەیامێکدا پیرۆزبایی لە سەرجەم مامۆستایانی “خۆشەویستی” كوردستان دەكات و هیوای سەركەوتنتان بۆ دەخوازێت.
لە پەیامەکەیدا سەرۆک بارزانی رایدەگەیێنێت “ئەو بۆنەیە بە دەرفەت دەزانم كە سوپاسی رۆڵی بەرزی مامۆستایان بكەم لە بڵاوكردنی هۆشیاریی نەتەوەیی و نیشتمانپەروەری و پێگەیاندنی قوتابیان لە گشت قۆناخەكانی شۆڕش و خەبات و تێكۆشانی گەلەكەماندا”.
سەرۆک بارزانی ئاماژە بەوە دەکات کە هەردەم ئەوەیان لەبەرچاوە كە لە خۆشی و ناخۆشییەكاندا “مامۆستایانی كوردستان خۆنەویستانە و فیداكارانە هەمیشە پێشەنگی خۆڕاگری بوونە و نەیانهێشتووە پرۆسەی خوێندن و زانست لە كوردستاندا بوەستێت و سەرباری بوونی قەیران و كێشەی گەورە مامۆستایانی ئازیز نموونەیەكی باڵا بوونە بۆ هاندان و پێگەیاندن و بەردەوامبوونی فێربوون و زانست”.
سەرۆک بارزانی لە کۆتایی پەیامەکەیدا سوپاسی ئەرك و ماندووبوونی مامۆستایانی كوردستان دەكات و دەڵێت:” ئێمە هەموومان خۆمان بە قەرزاری مامۆستایان دەزانین. هیوای بەردەوامی و سەركەوتن بۆ هەموو مامۆستایانی خۆشەویستی كوردستان دەخوازم”.