بەهۆی شەڕەچەقۆوە لە چێشتخانەیەکی کەرکووک 9 کەس برینداربوون

لە چێشتخانەیەکی کەرکووک شەڕەچەقۆ لەنێوان خاوەن و شاگردانی چێشتخانەکە لەگەڵ کۆمەڵێک گەنج روویدا و بەهۆیەوە 9کەس برینداربوون و دۆخی تەندروستیی سێ لە بریندارەکان “خراپە.”

رووداوەکە ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە و لە یەکەم رۆژی جەژندا روویداوە. چێشتخانەکەش ناوی (روکن کەڕادەیە) لە نزیک شوقەکانی موسەڵڵا بەرامبەر گەڕەکی رووناکی.

سەرەتا ژمارەیەک گەنج لەگەڵ خاوەن و شاگردانی چێشتخانەکە بووەتە دەمەقاڵێیان، دواتریش کۆمەڵێک گەنجی دیکە بۆ پاڵپشتیی گەنجەکان لە گەڕەکی موسەڵڵاوە هاتوون و شەڕەکە گەورەتربووە و “چەقۆ و ساتوورە و چەکیش” تێدا بەکارهاتووە.

خاوەنی چێشتخانەکە و شاگردەکانی لە نەتەوەی عەرەبن و گەنجەکانیش تورکمانن.

ئەوانەی برینداربوونە پێنج کەسیان لەلایەنی گەنجەکانن، چوار کەسیشیان خاوەن و شاگردانی چێشتخانەکەن. گەنجەکان کە برینداربوون تەمەنیان لەنێوان ساڵانی 1988 بۆ 1999یە. گەنجەکان بۆ نەخۆشخانەی رزگاری گوێزراونەتەوە و خاوەن و شاگردانی چێشتخانەکەش لە نەخۆشخانەی کەرکووکی گشتین.

پۆلیسی عروبە راگەیاند، گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و چەند کەسێکیان دەستگیرکردووە. ئەو کەسانەی برینداریشن هەر دەستبەسەرن و دوای چاکبوونەوەیان لە بنکەی پۆلیس لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت.

بەپێی زانیارییەکان، یەکێک لە بریندارەکان تەمەنی 11 ساڵانە و لەلایەنی چێشتخانەکە بووە.

رووداو

ھەواڵی زیاتر