یەکێتی ئەوروپا بۆ تورکیا: هەڕەشە و قیڕاندن ئێمە ناترسێنن

جێگری سەرۆکی کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپا رایگەیاند، تورکیا ناتوانێت یەکێتی ئەوروپا دەستەمۆ بکات و وتی” هیج لایەنێک ناتوانێت یەکێتی ئەوروپا بە هەڕەشە و قیڕاندن بترسێنێت”..

مارگریتیس کیناس، جێگری سەرۆکی کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپا ئاماژەشی بە ناکۆکیەکانی نێوان یۆنان و تورکیا کرد لە سەر سەچاوەکانی وزە لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست و لەو بارەیەوە وتی “هیج لایەنێک ناتوانێت یەکێتی ئەوروپا بە هەڕەشە و قیڕاندن دەستەمۆ بکات یانیش بترسێنێت. ئێمە بیر لە رێگەیەک دەکەینەوە کە دوایین دەرفەت بە تورکیا بدەین. ئەگەر پێش ٢٥ی ئەم مانگە کەوتینە دۆخێکی لەو شێوەیە، ئەوا دۆخەکە لەبار دەبێت بۆ سەپاندنی سزا. لەم کاتەدا، کۆمەڵێکی جۆری سزا لەسەر مێزی گفتوگۆن.”

لەبارەی سزاکانیشەوە وتی “ئەو سزایانەی کە زیاتر لە هەموو شتێک زیان بە تورکیا دەگەیێنێت ئەوانە دەبن کە پێشوەخت ئاشکرا نەکراون، ئەوانە بریتین لە کۆمەڵیک سزا کە دواتر بڕیاریان لەسەر دەدرێت و جێبەجێدەکرێن.”

بڕیارە لە ٢٤ی ئەم مانگە کۆبوونەوەی لووتکەی یەکێتی ئەوروپا لە بارەی ناکۆکیەکانی نێوان تورکیا و یۆنان لەسەر رۆژەهەڵاتی دەریای ناوەڕاست بەڕێوەبچێت.

ھەواڵی زیاتر