جۆ بایدن لەبارەی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ڕەفەح هاتە دەنگ
سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن ڕایگەیاند، ئەگەر پلانێک بۆ دەستەبەرکردنی سەلامەتی زیاتر لە یەک ملیۆن فەڵەستینی لە شاری ڕەفەح نەبێت، ئەوا نابێت ھێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر شارەکە بەردەوام بن.
جۆ بایدن لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ھاوبەشدا لەگەڵ شای ئوردن، عەبدوڵڵای دووەم لە واشنتۆن گوتی: “ئەگەر پلانێک بۆ دەستەبەرکردنی سەلامەتی زیاتر لە یەک ملیۆن فەڵەستینی لە شاری ڕەفەح نەبێت، ئەوا نابێت ھێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر شارەکە بەردەوام بن”.
ڕاشیگەیاند کە بەدیھێنانی خواستی فەڵەستینییەکان بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی تایبەت بە خۆیان، تاکە چارەسەرە بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی درێژخایەنی ئیسرائیل.
ئاماژەی بەوەشدا کە، “لەگەڵ شای ئوردن گفتوگۆم لەسەر پێویستی ئەنجامدانی چاکسازی بەپەلە لە دەسەڵاتی فەڵەستین کرد، بۆ ئەوەی بتوانێت لە کەناری ڕۆژئاوا و غەززە، سەرکردایەتی گەلی فەڵەستین بکات”.
دوێنێ دووشەممە سوپای ئیسرائیل زنجیرەیەک ھێرشی ئاسمانی بۆسەر شاری ڕەفەح باشووری کەرتی غەززە ئەنجامدا کە لە ئاکامدا، زیاتر لە ١٠٠ کەس کوژران و بەسەدانی دیکەش برینداربوون.
سەرچاوە: AA