بەهۆی سکچوونی سەرنشینێکەوە فڕۆکەیەک دەگەڕێتەوە فڕۆکەخانە
فڕۆکەیەک کە لە ئەمریکاوە بەرەو ئیسپانیا گەشتی دەکرد، بەهۆی توشبوونی یەکێک لە سەرنشینەکانی بە سکچوون، دوای دوو کاتژمێر لە بەرزبوونەوەی گەڕایەوە بۆ فڕۆکەخانەکەی.
بەپێی ئەو هەواڵانەی لە ڕاگەیاندنی ئەمریکادا بڵاوکراوەتەوە، ڕۆژی هەیینی، فڕۆکەوانی ئەو فڕۆکەیەی گەشتی ژمارە ١٩٤ی هێڵی ئاسمانی دەلتای نێوان ئەتڵەنتا-بەرشەلۆنەی ئەنجام دەدا، هەواڵی ”مەترسی بایۆلۆجی” ڕاگەیاند.
بەو هۆیەوە، فڕۆکەکە لە پاش دوو کاتژمێر لە بەرزبوونەوەی گەڕایەوە بۆ فڕۆکەخانەی ئەتڵەنتا. هۆکاری ڕووداوەکەش توشبوونی یەکێک لە سەرنشینانی بوو بە سکچوون.
لە تۆمارێکی دەنگییدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوکراوەتەوە و بانگەشەی ئەوە دەکرێت هی بەشی کۆنترۆڵی هاتوچۆی ئاسمانیی بێت، هاتووە: ”لە ئێستادا لە ناو فڕۆکەکەدا سەرنشینێک هەیە کە توشی سکچوون بووە، لەبەرئەوە دەیانەوێت بگەڕێنەوە بۆ ئەتڵەنتا”.
هێڵی ئاسمانی دەلتا، لە ڕاگەیەنراوێکدا کە لە ماڵپەڕی ئینسایدەر بڵاوکراوەتەوە، پشتڕاستی ئەوەی کردەوە کە لە فڕۆکەکەکدا حاڵەتێکی پزیشکی هەبووە، لەبەرئەوە فڕۆکەکە گەڕاوەتەوە بۆ ئەتڵەنتا.
ئەو گەشتەشی بەهۆی ئەو ڕووداوەوە دواخرا، لە پاش پاککردنەوەی فڕۆکەکە ڕۆژێک دواتر ئەنجام درا.