تیۆری ڕێژەیی ئاینشتاین لە کورتترین نووسیندا

نوسینی: لوقمان حەوێز

زۆربەمان لەوانەیە وا بزانین بابەتە زانستیەکان زۆر ئاڵۆز و قورسن و تێگەیتشن لێیان قورسە، بەڵام من پێم وایە قورسترین تیۆری زانستی ئەگەر بە شێوازێکی جوان و بەچێژ و بە بەراوردیکرنەوە بخرێتە ڕوو ئەوساکە هەموو کەسێک تێی دەگات…

ئەم نوسینە کورتەم نمونەی ئەوەیە، لەم چەند دێڕە کەم و کورتەدا بنەما سەرەکیەکانی هەردوو تیۆری ڕێژەیی تایبەتی و گشتی “ئاینشتاین”تان زۆر‌ بە شێوازێکی ڕوون و سادە و ساکار بۆ دەخەمەڕوو:

بنەماکان ئەمانەن:

  • خێرایی تیشک نەگۆڕە لە بۆشاییدا، جا سەرچاوەی تیشکەکە بەهەر خراییەک بجوڵێتەوە لەسەرخۆ بێت یان خێرا (سەرچاوەکە) گرنگ نیە چونکە فۆتۆنەکان هەر بەخێراییە نەگۆڕەکەی تیشک بەنێو بۆشاییدا جوڵە دەکەن…
  • “کات” ڕەهەندی چوارەمە لەنێو گەردوون fourth.dimension بێ گومان سێ ڕەهەندەکەی تر درێژی و پانی و بەرزیە کە هەموو بۆشایی پێکدەهێنن، گەردوونی بینراو بۆ هەستەکان و ئاگایی ئێمە تەنیا لەو چوار ڕەهەندە پێک دێت…
  • چەندە بارستەکان خێراتر بجوڵێنەوە بەنێو بۆشاییدا، “کات” بۆ ئەو بارستانە خاوتر و لەسەرخۆتر تێدەپەڕێت، ئەمە بۆ ئێمەش ڕاستە ئێمەش بارستەین ئەگەر بەخێراییەکی گەلێک زۆر گەشت بکەین نزیک لە خێرایی تیشک کات زۆر زۆر خاو تێدەپەڕێت بۆ ئێمەش، لەکاتی گەیشتن بەخێرایی تیشک کات دەوەستێت ئەگەرچی هەرگیز بارستەکان ناتوانرێت خێراییان بگەیەنرێت بە خێرایی تیشک، کەواتە کات بۆ تیشک و بۆ فۆتۆنەکان وەستاوە…
  • “کات” لەسەرخۆتر تێدەپەڕێت لەنزیک یان لەسەر ڕووی بارستەکان چونکە هێزی کێشکردنیان هەیە، چەندە هێزی کێشکردنیان زۆر بێت کات خاوتر دەبێتەوە لەو شوێنە، لەسنوری خاڵی نەگەڕانەوەی کونەڕەشەکان و بەدیوی ناوەوەی کونە ڕەشەکان کات بەتەواوی دەوەستێت لەبەر زۆری هێزی کێشکردن…
  • هێزی کێشکردن بریتیە لە چەمانەوەی بۆشایی ئاسمان، بارستەکان بۆشایی ئاسمانی دەور و نزیکی خۆیان دەچەمێننەوە بۆیە بەرەو یەکتر ڕادەکێشرێن، بارسته گەورەکان بارستە بچوکەکان بەرەو خۆیان ڕادەکێشن چونکە چەمانەوەی بۆشایی بەدەوری بارستە زۆرەکان زۆرترە، چەندە بڕی بارستەکە وهێزی کێشکردنیان زۆرتر بێت چەمانەوەکەش زۆرتر دەبێت، کونە ڕەشەکان هێندە بۆشاییان چەماندۆتەوە وەکو ئەوە وایە بۆشاییان کون کردبێت…
  • هێزی کێشکردن بەشێوەی شەپۆڵ دەگوازرێتەوە لەنێو بۆشاییدا، ئەو شەپۆلانەش کە بریتین لە لەرینەوەی بۆشایی بەخێرایی تیشک دەجوڵێنەوە…
  • پەیوەندیەکی ڕاستەوخۆ هەیە لەنێوان بارستە و وزە، ئاینشتاین ئەو پەیوەندیەی کرد بە هاوکێشە هەرە بەناوبانگەکەی مێژوو E=MC2
    واتە وزە یەکسانە بە بارستە جارانی دووجای خێرایی تیشک.
ھەواڵی زیاتر