ناسا وێنەی گەورەترین پاشكۆی نێو سیستەمی خۆردا بڵاوكردەوە
رۆژی سێشەممەی رابردوو 2021.6.8، ئاژانسی (ناسا) دوو گرتەی زۆر سەرنجڕاكێشی (جانیمید) ی گەورە پاشكۆی هەسارەی (موشتەری) بڵاوكردەوە كە رۆژێك پێشتر لە رێگەی كەشتی ئاسمانیی (جونۆ) وە وەرگیرابوو دوای گەیشتنی بە نزیكترین خاڵ لەو پاشكۆیەی كە بە گەورەترین پاشكۆی نێو سیستەمی خۆر دادەنرێت و تەنانەت لە خودی هەسارەی (عوتارد) یش گەورەترە.
(جانیمید) تاقە پاشكۆیەكیشە لەنێو سیستەمی خۆر كە خاوەن كایەی موگناتیسی خۆیتی و تیرەی 5268 كیلۆمەترەو وەبە ماوەی 7 رۆژ خولێك بە دەوری هەسارەی (موشتەری) دا تەواو دەكات.
ماوەی نێوان كەشتی (جونۆ) و (جانیمید) لەكاتی وەرگرتنی ئەو دیمەنانە تەنها 1038 كیلۆمەتر بووە، لە كاتێكدا نێوەندی ماوەی نێوان زەوی و هەسارەی موشتەری و ئەوپاشكۆیە 778 ملیۆن كیلۆمەترە.