بەرهەمهێنانی نەوت لە سێ شوێنی هەرێمی کوردستان وەستێنرا

کەرتی وزە لە هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی ڕاوەستانیکی کتوپڕ بووەتەوە و کۆمپانیای شاماران وەک یەکێک لە وەبەرهێنەرە سەرەکییەکان، بڵاویکردەوە کە بەهۆی تێکچوونی بارودۆخی ئەمنی لە ناوچەکە، وەک رێکارێکی خۆپارێزی بە مەبەستی پاراستنی کارمەندان و کێڵگەکان، بڕیاری راگرتنی کاتیی بەرهەمهێنانی نەوتیان داوە.

هەرچەندە تاوەکو ئەم ساتە هیچ زیانێکی ماددی بەر دامەزراوەکان نەکەوتووە، کۆمپانیاکە کێڵگەکانی ئەترووش و سەرسنگی لە پارێزگای دهۆک وەستاندووە. ئەم بڕیارەش دوای ئاگادارکردنەوەی فەرمیی کۆمپانیای ئێچ کەی ئێن، وەک بەکارخەری سەرەکی ئەو کێڵگانە هاتووە کە پشکی شێریان لە بەرهەمهێنانی ڕۆژانەدا هەیە.

لە لایەکی دیکەوە ئەم پەککەوتنە تەنیا سنووری ئەو دوو کێڵگەیەی نەگرتووەتەوە، بەڵکو کۆمپانیای گەڵف کێستۆن، کە لە کێڵگەی شێخان چالاکە رایگەیاند، بۆ رێگریکردن لە هەر مەترسییەک بەرهەمهێنانی رۆژانەی 44 هەزار بەرمیل نەوتیان ڕاگرتووە و ئەمەش گوشارێکی زیاتر دەخاتە سەر کەرتی ئابووری ناوچەکە، چونکە کێڵگەی ئەترووش بە تەنیا 35 هەزار بەرمیل و کێڵگەی سەرسنگ 29 هەزار بەرمیل نەوتیان رەوانەی بازاڕەکان دەکرد، بەمەش قەبارەیەکی گەورە لە هەناردە و بەرهەمهێنانی ناوخۆیی لە دەست دەچێت کە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر داهات و کارلێکە بازرگانییەکان دەبێت.

ئەم پەرەسەندنە مەترسیدارانە لە کاتێکدایە کە شەممەی رابردوو، کۆمپانیای داناگاز بەرهەمهێنانی گازی سرووشتی لە کێڵگەی ستراتیژی کۆرمۆر لە سنووری چەمچەماڵ راگرت کە ئەم کێڵگەیە رۆژانە 750 ملیۆن پێی سێجا گاز بۆ وێستگەکانی کارەبا دابین دەکات، بە راوەستانی ئەم کێڵگەیە زۆربەی کارەبای نیشتمانی هەرێمی کوردستان کەوتووەتە ژێر هەڕەشەی بڕان و بەم شێوەیە دۆخی وزە لە پارێزگاکانی دهۆک و سلێمانی و هەولێر گەیشتووەتە قۆناغێکی هەستیار، کە پێویستی بە چارەسەری خێرا هەیە بۆ دووبارە دەستپێکردنەوەی کارەکان لە کێڵگە نەوتی و گازییەکانی ناوچەکەدا.

ھەواڵی زیاتر