پەیامی فەرەنسا لەسەر ڕیککەوتنەکە نێوان سوپای عەرەبیی سووریا و هەسەدە

سەرۆکی فەڕەنسا پیرۆزبایی لە ڕێککەوتنی نێوان هەسەدە و دیمەشق دەکات و دەشڵێت: یەکێتی و سەروەریی سووریای پاراستووە.


سەرۆکایەتیی کۆماری سووریا بڵاویکردەوە، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا و ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا پەیوەندییەکی تەلەفۆنیان ئەنجام دا، هەردوولا باسیان لە گرنگیی پشتیوانیی ئاڕاستەی سیاسی و بەهێزکردنی ئارامی لە سووریادا کرد.

لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا ڕێککەوتنەکەی نێوان حکومەتی سووریا و هەسەدە قسەی لەسەرکرا، سەرۆکی فەڕەنسا پیرۆزبایی ڕێککەوتنەکەی کرد و جەخت لە جێبەجێکردنی سەرجەم بڕگەکانی کردەوە کە بەهۆیەوە یەکێتی سووریا و سەروەرییەکەی دەپارێزێت.


سەرۆکایەتییەکە دەشڵێت، ماکرۆن پشتیوانی پاریسی بۆ ئارامی، دادپەروەریی و ئاوەدانی سووریا دووپاتکردەوە.

ڕۆژی هەینی ناوەندی ڕاگەیاندنی هەسەدە ئاشکرای کرد بۆ ڕاگرتنی تەواوەتیی شەڕ و دەستپێکردنی پڕۆسەی ئاشتیی، لەگەڵ حکومەتی سووریا گەیشتینە ڕێککەوتنێکی گشتگیر کە تێیدا هەموو دامەزراوە سەربازیی و کارگێڕییەکان یەکدەخرێنەوە.

بەپێی بڕگەکانی ڕێککەوتنەکە، سوپای سووریا لەو ناوچانەی حەسەکە و کۆبانی کە پێشتر وەک ناوچەی سەربازیی ناسرابوون دەکشێتەوە، لە بەرامبەریشدا یەکەکانی هێزی ئاسایشی ناوخۆی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی سووریا دەچنە ناو سەنتەری شارەکانی حەسەکە و قامیشلۆ.


لە ڕووی سەربازییەوە، فیرقەیەکی نوێ لە سێ لیوای شەڕڤانانی هەسەدە پێکدەهێنرێت و لیوایەکی تایبەتیش بۆ کۆبانی لەناو فیرقەیەکی پارێزگای حەلەبدا جێگیر دەکرێت.

لە ڕووی کارگێڕییەوە، تەواوی دامەزراوەکانی ئیدارەی خۆسەر تێکەڵی فەرمانگەکانی حکومەت دەبن و فەرمانبەرانی مەدەنیی لە میلاکاتی فەرمیی سووریادا جێگیر دەکرێن. ڕێککەوتنەکە جەخت لە چارەسەرکردنی مافە مەدەنیی و پەروەردەییەکانی کورد و دابینکردنی زەمینەی گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی ئاوارەکان دەکاتەوە تاوەکو سەروەریی دەوڵەت بەسەر تەواوی خاکەکەدا بچەسپێت.

ھەواڵی زیاتر