وادەی ناردنی یەكەم كاروانی حاجیانی هەرێم بۆ سعودییە ڕاگەیەنرا

وابڕیارە یەکەم کاروانی حاجییانی هەرێم، لەرۆژی 28 و 29ی ئەم مانگە بەرەو وڵاتی سعودییە بەرێکەون.

كاروان ستونى، وتەبێژی بە‌ڕێوە‌بەرایەتی گشتی حە‌ج‌ و عومرە‌ی هە‌رێم بە وه‌كاله‌ت رایگەیاند، “ئامادەكارییەكانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرە لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان بەردەوامی هەیە بۆ ئەوەی ئەمساڵیش هاوشێوەی ساڵانی رابردوو ئەو كەسانەی كە ناوییان دەرچووە بۆ ئەنجامدانی فەریزەی حەج رەوانەی سعودییە بكرێن، لەو چوارچێوەیەشدا رۆژی 28ی ئە‌م مانگە‌ یەكەم كاروانی حاجیانی هەرێم ده‌گه‌نه‌ سعودیه‌”.

به‌ وته‌ى وتەبێژی بە‌ڕێوە‌بەرایەتی گشتی حە‌ج‌ و عومرە‌ی هە‌رێم، “لەدوای ناردنی یەكەم كاروانی حاجییان بە رێگای وشكانى کە ژمارەیان هەزار و 500 كەسە، لە رۆژی 29ی ئە‌م مانگە‌ش دووەم كاروانی حاجییان، كە ژمارەیان سێ هەزار و 185 كەسە لەڕێگەی ئاسمانییەوە دەچنە سعودیە، تاوه‌كو رۆژی 5ى حوزه‌یران سەرجەم حاجییانی هەرێم دەگەنە سعودییە به‌مه‌به‌ستى به‌جێهێنانى فه‌ریزه‌ى حه‌ج”.

به‌پێى زانیارییه‌كانى بە‌ڕێوە‌بەرایەتی حە‌ج‌ و عومرە‌ی هە‌رێم تێچوی حەجی ئەمساڵ لەڕێگەی هێڵی ئاسمانیه‌وه‌ شەش ملیۆن ‌و 650 هەزار دینارە، لەڕێگەی وشكانیشەوە بڕی پێنج ملیۆن ‌و 300 هەزار دینارە تێچووه‌كه‌ى. هاوكات ژماره‌ى ئه‌و كه‌سانه‌ى كه‌ به‌مه‌به‌ستى به‌جێهێنانى فه‌ریزه‌ى حه‌ج روو له‌ سعودیه‌ ده‌كه‌ن له‌ هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌، بریتییە لە چوار هەزار و 685 كه‌س.

ھەواڵی زیاتر