هەواڵێکی خۆش لە حکومەتەوە بۆ دووکاندارانی لەنگەی هەولێر

وابڕیارە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی پارێزگاری هەولێرەوە لە کرێی شەش مانگی دووکانەکانی بازاڕی لەنگە خۆش دەبێت.

بەرپرسێکی باڵا لە حکومەت رۆژی یەکشەممە، 24ـی ئادار گوتی، “نووسراوی ئەنجوومەنی شارەوانی گەیشتووەتە پارێزگای هەولێر و ئەمڕۆ ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر واژۆی دەکات و بە فەرمی دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە.”

بەگوێرەی نوسراوەکە، ئەنجوومەنی شارەوانیی هەولێر رێکارە کارگێڕی و یاساییەکانی لێخۆشبوونی کرێی شەش مانگی دووکانەکان و کرێی کۆکردنەوەی زبڵی بازاڕی لەنگەی هەولێری تەواو کردووە. ئەوەی ماوە دەبێت پارێزگاری هەولێر نووسراوەکە واژۆ بکات.

ئەمەش دوای ئەوەدێت، 27/2/2024 ئاگر لە بازاڕی لەنگەی هەولێر کەوتەوە. دوای رووداوەکە پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، بەهۆی ئاگرەکەوە 166 دووکان سووتاون و 90 کەسیش لە کارمەندانی بەرگریی شارستانی، کاسبکاران و هاونیشتمانییان بەهۆی دووکەڵی ئاگرەکەوە تەندروستییان تێکچووە.

ھەواڵی زیاتر