✍:شوان داودی
- يەک کەناڵی بێگانە لە سلێمانی کارناکەن و بە بانگهێشتکردنیش نایەن بۆ سلێمانی بە کەناڵە خەلیجیەکانیشەوە .
ئەمە لێدوانی کاروان ئەنوەر نەقیبی ڕۆژنامەنوسانی سلێمانیە لە هەفتەی ڕابرودا .
*هەر لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا
بەهۆکاری هاوبەشی کردن و دەست تێکەڵکردن لە گەڵ هەریەک لە قەیس خەزعەلی و ڕەیان کلدانی کە لەلایەن ئەمریکاوە سزا بەسەریاندا سەپێنراوە ،
ئەمریکا ڕێگەی نەدا باڤڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان کە قەڵەمڕەوی ناوچەی سلێمانی دەکات سەردانی ئەو وڵاتە بکات و لەسەر خاکەکەی پێشوازی لێ بکا لە کاتێکدا تاڵەبانی لە لایەن هەریەک لە بیلال وەهاب لە ئەنستیتۆتی واشنتۆن و جۆناسان لۆرد لە پەیمانگای سیناس بە شێوەی فەرمی بانگهێشت کرابوو .
*لە هەموو عێراق و کوردستان تا ئێستا تەنها لە سنوری دەسەڵاتی یەکێتیدا پرۆسەی خوێندن لە باخچەی ساوایانەوە تا زانکۆکان پەکخراوە و پرۆسەی ئیداری و حکومڕانی ئیفلیجە ..
*یەکێتی نە دەتوانی موچە لە بەغداوە بێنێ وەک ئەوەی ئیدعای دەکرد نە خۆی موچەی پێ دابین دەکرێت. نە لە گەڵ پارتی دەگاتە ڕێککەوتن نە دۆخی نەخوازراوی خۆی لە حکومەتی هەرێمدا پێ ئاسایی دەکرێتەوە نە دەتوانێت لە گەڵ هاوبەشەکانی لە بەغدا سلێمانی لە هەرێم جیا بکاتەوە نەخۆی وەک بەشێک لە حکومەت دەبینێ نە دەتوانێت لە حکومەت بکشێتەوە و ببێتە ئۆپزسیۆن .
*شەڕ لە غەزە گەرمە و دەسەڵاتی سلێمانی بە حوکمی جیۆسیاسی لە سەر بەرەی بەرگری (محور المقاومة) ئەژمار دەکرێت ، کە دنەی فراوان بوونی شەڕی غەزە دەدەن و ڕۆژانە لە هەریر و عێن ئەسەد نقورچ لە ئەمریکا دەگرن ، بەیاننامەکەی فراکسیۆنی یەکێتیش بۆ شەڕی غەزە لە هەڵوێستی فەلستینیەکانی کەناری خۆرئاوا توندتر بوو ….
بۆ فشار خستنە سەر ئەمریکا لە کاتی هێرشی زەمینی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەزە پێ دەچێت بەرەی بەرگری هەوڵ بدەن چەند بەرەیەکی تری شەڕ بکەنەوە ، ڕەنگە ئەمریکاش ئەوە بە دەرفەت بزانێ بۆ لێدان و پاکتاو کردنی کۆمەڵێ ئامانجی خۆی .
- چەند ڕۆژێکە ئەمریکا لەگەڵ ناردنی هێزێکی زۆر بۆ ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست قەبارەی دیپلۆماتی خۆی لەناوچەکە بە گشتی و عێراق بەتایبەتی کەم کردۆتەوە و داوای لە هاوڵاتیانی خۆی کردوە سەردانی ئەم وڵاتە نەکەن ، هەواڵێکی واش دزەی پێکراوە کە ئەمریکیەکان بڕیاریان دابێ سلێمانی بە جێبهێڵن .
گەر خوێندنەوەیەکی سەرپێی و خێرا بۆ ئەم ئاماژانە بکەین و هاوکێشەکان لێک بدەینەوە ، ئەنجامەکەی باشمان پێ ناڵێت وا دەردەکەوێت سلێمانی و ناوچەی قەڵەمڕەوی یەکێتی بەرەو ئاڵۆز بونی و کەنارگیرکردنی زیاتر و پەراوێزخستنی زۆرتر بکرێتەوە و لە ئەگەری هەر ڕوبەروبونەوەیەکی بەرەی بەرگری و هێزەکانی ئەمریکا لە عێراقدا سلێمانی بکرێتە گۆرەپانی ئەو یاریە بۆ پاکتاوکردنی یەکتر لە کاتێکدا خەڵکی سلێمانی لە مەینەتی زیاتر هیچ دەستکەوتێکی تری لێ ناچنێتەوە .
2023/10/27