شاندێکی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان گەیشتە بەغدا.
ئەمڕۆ چوارشەممە 23.3.2022 سەباح سوبحی، پەرلەمانتاری پارتی لە بەغدا رایگەیاند، شاندێکی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە سەرۆکایەتیی فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی گەیشتە بەغدا و بڕیارە لەگەڵ حیزب و لایەنە سیاسییە عێراقییەکان لەبارەی پرسی سەرۆککۆمار کۆببێتەوە.
شاندەکەی پارتی بە سهرۆكایهتیی فازڵ میرانی دەبێت و جهعفهر ئیمینكی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی، نازهنین وسو، ئەندامی سەرکردایەتی و عهرهفات كهرهم، بەرپرسی دۆسیەی عێراق لە بارەگای بارزانی ئەندامی شاندەکەن.
سەباح سوبحی وتی، “شاندەکەی پارتی لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان و فراکسیۆنەکانی پەرلەمان کۆدەبێتەوە و ئامانجییەتی لە یەکەم دانیشتنی پەرلەماندا، رێژەی یاسایی تەواو بێت و بەربژێرەکەی سەرکەوێت”.
دوێنێ چوارشەممە، رێبەر ئەحمەد، بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق گەیشتە بەغدا. شێروان دووبەردانی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق وتی، “رێبەر ئەحمەد، لەگەڵ لایەنەکان لەبارەی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و دانیشتنەکەی 26ی ئەم مانگەی پەرلەمان گفتوگۆ دەکات. هەروەها لەگەڵ لایەنەکانی عێراق لەنێویاندا چوارچێوەی هاوئاهەنگی کۆدەبێتەوە و باسی بەرنامەی چوار ساڵی داهاتووی خۆی دەکات ئەگەر بە سەرۆککۆمار هەڵبژێردرا”.
بڕیارە رۆژی 26ی ئادار کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار بەڕێوەبچێت دوای چەند جارێک لە دواکەوتنی کە پێکهێنانی حکومەتیشی دواخستووە.
رووداو