بۆچی مارلین مۆنرۆ خۆی کوشت؟
مامۆستا مەسعود محەمەد لەیەكێك لە كتێبەكانیدا سەرسوڕمانی خۆی لەوە دەربریِ بوو بەتەعجوبەوە نووسیبووی: من تێناگەم (مارلین مۆنرۆ + جوانی+ گەنجی+ ناوبانگ+ پارەو سامان = خۆكوشتن!!) ئەمە یانی چی؟! پیاو سەری لەمە دەرناچێ؟
ماوەیەكی زۆر هەر لەبیر و مێشكمدا مابووەوە چونكە گومانی ئەوە ھەبوو کە لهلایهن CIA کوژرابێت و تەنانەت پیاوێكی پیری هەمان دەزگای ناوبراویش له تهمهنی ۷۸ ساڵیداولە کاتی سەره مەرگا لە نەخۆشخانە دانی بە تیرۆركردنی ئەودا نابوو.
لەسایتێكیشدا دوانامەی ئەو هونەرمەندەم بینی كە بەراستی وتەكانی دواساتی ژیانی و وەسیەتەكەی بۆ هاوتەمەن و هاورەگەزەكانی زۆر جێگای سەرنج و هەڵوێستە لەسەركردنە و هەرلەو نامەیەشیدا هۆكاری خۆكوشتنەكەی ئاشكرا ئەكات و وەڵامی سەرسوڕمانەكەی مامۆستا ئەداتەوە:
(من بێزارترین و دڵناخۆشترین ئافرەتم!) ئەوە دەربڕین و دانپیانان و هەڵقوڵاوی ناخی بەناوبانگترین هونەرمەندی ئەمریکی مارلین مۆنرۆ یە پێش ئەوەی خۆی بكوژێ، نامەیەکی بۆ کچێکی گەنج کە داوای ئەوەی لێکردبوو ئامۆژگاری بکات تا ببێتە هونەرمەندێکی بەناوبانگ و سەرکەوتووی وەک مارلین مۆنرۆ..لە نامەکەیدا نووسیویەتی: [بۆ ئەو ئافرەتەی ئارەزووی نواندن وکارکردن دەکات لە سینەمادا….ئاگاداری گەورەیی و سەربەرزی خۆت بە….ئاگاداری ڕووناکییەکانی سینەماو خۆ نواندن و هەموو ئەوانە بە کە دەیانەوێ بتخەڵەتێنن…من دڵناخۆشترین ئافرەتم…. باشترین شت لە هەموو ئەوانەی تر بریتیە لە: ماڵ و ژیانی خێزانی شەریفانە…بەختەوەری ڕاستەقینە بۆ ئافرەت (ژیانی خێزانی پاک و شەریفانەیە)…..نیشانەی بەختەوەری ئافرەتە… هەموو خەڵکی ستەمیان لێکردم…. وە کارکردن لە سینەمادا وا لە ئافرەت دەکات وەک کاڵایەکی هەرزان و بێ نرخ بێت، هەرچەندە ناوبانگ و گەورەیی و سامان بەدەست بهێنێت. من ئامۆژگاری کچان دەکەم بەکارنەکردن لە سینەمادا و دوورکەوتنەوە لێی…ئەگەر ژیر و عاقڵ نەبن…کۆتاییان وەک کۆتایی من دەبێت ]
ئەم وتانەی دوا ساتەکانی تەمەنی ئەم هونەرمەندە بەناوبانگە هەرچەندە وەڵامێكی چڕ وپڕی پرسیارەكەی مامۆستا مەسعود محەمەد ئەدەنەوە بەوەی كە هیچ سەرت سوڕ نەمێنێ لەوەی (جوانی و گەنجی و ناوبانگ و پارەو سامان) ئەگەر هەوێنەكەی ژیانی لەگەڵدا نەبێت بەختەوەری و دڵئارامی و خۆشنوودی بۆ مرۆڤ ناهێنێ، ئیتر هەرچەندە لەدوورەوە وێنەی جوانی لێبگیرێ و هەمیشە لەسەر تریبۆنەكانی راگەیاندنەوە بەشێوەیەكی ئەفسوناوی نیشانبدرێت و ببێتە ئەستێرەی هونەر و مانگی ئەوین و شەوی غوربەت و رۆژی خۆشبەختی، تەنانەت ببێتە جێگای سەرنج و چاولێكردن و ئێرەیی پێبردنی هاوتەمەنانیشی بەهۆی ئەزموونكردنی رێژەیەكی زۆر لە خواستەكانی تەمەن و ژیانی وەك ئەوەی كە مارلین مۆنرۆ زۆر بەئاسانی ئەیتوانی پێی بگات (ئەگەر خواست لەسەر ئەوەبێت كەبەدەستهێنانی ئەستەمە) هەرلە ئامۆشۆكردنی كۆشكی سپی ئەمریكی بەهۆی تێكەڵبوونی بەسەرۆكی ئەوكاتە (جۆن كەنەدی و براكەی رۆبێرت) یان ئەو پارەو سامانەی كەبەسەریدا رژابوو، بەڵام كاتێ زووم ئەكەیت بۆ ناو رۆح و ژیانی ناوەكی و دەروونی ئەبینی كەسێكی هەمیشە مەحزوون و پڕلەمەراق و دوودڵی و ناڕەحەتیە چونكە هەوێنی ژیانی پێ نیە، هەرچی وێنەیەكی موزەییەف و ناڕاستێك كەبەهۆی كەناڵەكانی راگەیاندن و نواندن و هونەرەوە نمایشی كردووە بەكۆتاییەكەی دیووی راستەقینەی خۆی نیشان دا و راستی ناخۆشیەكانی دڵ و دەروونی خۆی نمایش كرد،لەنێو پانتای هونەریدا و لەسەر شانۆ و رووكاری فیلمەكاندا چەند دەمامكی سەرنجراكێشی پۆشی بوو كەبەراستی موعجبین و بینەرانی سەرسام كردبوو، بەژیانە تایبەتیەكەیی و نیشاندانی كۆتایی تەمەنی هەموو باڵەخانەكانی جوانی ئەو هەلاهەلابوون و هەموو وێنەجاونەكانی ناشیرین بوون و هەموو سەرسام بوونەكان ترسێنەر بوون، خوای گەورە خۆی ماكی دڵی مرۆڤی دروستكردوەو هەرخۆشی بەیادی خۆی ئارامی پێ ئەبەخشێ … بەبێ یادی ئەو ئارامی بۆ دڵ ناگەڕێتەوە … ئارامی وەك باڵندەیەك، باڵنەخشین .. رۆح سوك وایە لە دڵێكدا سرەوت ئەگرێ كە ئاوازی یادی خوا كەژاوەی جلوە و نەشونمای بێ .. ألا بذكر الله تطمئن القلوب … هەركات ئاوازی یادی خوا لەدڵان بڕا باڵندەی ئارامش و هێمنیش كۆچ دەكات .. ئیتر دڵیش دەبێتە هێلانەی گوناه و ماری ئارەزوو پەپكەی تیا ئەكات .. گوناهیش سنگ ئەخورێنێت و خاوەنی شەرمەندە دەكات و لەئازاری دەروونی و قەسوەتی دڵدا ئەیكوژێ، ژەنگ بەسەر رۆحیدا ئەهێنێ و بەهیچ شتێ دڵی ئارام نابێت و هێمنی و سەكینەت بۆ دڵی ناگەڕێتەوە، چونكە لەبنەماوە ئەو رێگایەی ئەو گرتوویەیتە بەر دژ بووە بە یادی زاتی ئەكبەر، هەربۆیە ئەم حاڵەتەی رووبەڕووی هەڕەشەیەكی خوایی ئەبێتەوە و سوننەتێكی ترسناكی بەسەردا جێبەجێ ئەبێ كەئەویش (ومَنْ أَعْرَض عَنْ ذكری فإِنَّ ڵهُ مَعِیشَەً ضنكاً …) سورەتى طه ئایەتی 124 واتە: ئەوەیش ڕوو وەربگێڕێت لەبەرنامە و یادی من و پشتی تێبكات ، بێگومان بۆ ئەو جۆرە كەسانە ژیانێكی ترش و تاڵ و ناخۆش پێش دێت….. ئەوەی ئارامی لە دڵ ئەتارێنێ گوناهە، ئەوەی دڵنەوایی دڵ ئەكا زیكرە.
ئەگەر لەززەتی تەركی لەززەت تۆ بزانی
ئیتر لەززەتی (نەفس) بەلەززەت نازانی
ئەگەر پشووی لاشە بەكەمی خۆراكە .. ئەوا پشووی دڵ و دەروونیش بەكەمی گوناهە، لوقمانی حەكیم چەند جوان رێنوێنی كورەكەی دەكات كە ئەفەرموێ: (ئەوەی سەرزەنشتی نەفسی بكات سەركەوتووە، ئەوەی لەكۆتایی كارەكانی بڕوانێ براوەیە، ئەوەی هەڵەشە بێ پەشیمانە، ئەوەی ئارامگربێ سەربەرزە) كۆتایی هەركارێك ئاسوودەیی و دڵئارامی پێبەخشیت ئەوە لە تەقوا و خواناسیەوەیە، هەروەك كۆتایی هەر كارێك بێزاری و نائارامیت لێ دەستكەوت ئەوە لە سەركەشی و شەیتانەوەیە.
نووسينى: عادل شاسوارى