کوردستان

زانیاری نوێ له‌باره‌ی كوشتنی تاریقی به‌قاڵ

07-09-2020
زانیاری نوێ له‌باره‌ی كوشتنی تاریقی به‌قاڵ
قەبارەی نووسین:
A A 21px

خوشكێكی تاریقی به‌قاڵ، له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا ڕایگه‌یاند، ئەو سێ کەسەی بە تاوانی کوشتنی تاریق سزای لەسێدارەدانیان بۆ ده‌رچووه‌، وتوویانه‌، له‌ژێر فشاری هێزه‌ ئه‌منییه‌كاندا دانیان به‌وه‌دا ناوه‌‌ تاریقیان كوشتووه‌.

باسی له‌وه‌ش كرد، لە کاتی دادگایی کردنی تۆمەتباری چوارەمدا، ئەو سێ کەسەی کە بڕیاری لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە، لەبەردەم دادوەردا ڕەتیانکردووەتەوە ده‌ستیان له‌ كوشتنی تاریق دا هه‌بێت و وتوویانه‌، هێزە ئەمنییەکان ناچاریان كردووین دان بە تاوانی کوشتنی تاریقی بەقاڵدا بنێنن.

تاریقی به‌قاڵ، ناوه‌ڕاستی ساڵی 2019، دوای چه‌ند ڕۆژێك له‌ دیار نه‌مانی، به‌ كوژراویی دۆزرایه‌وه‌ و دواتر چه‌ند كه‌سێك له‌لایه‌ن ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی سلێمانییه‌وه‌ ده‌ستگیركران و دانیان به‌ تاوانه‌كه‌دا نا.