کوردستان

خۆپیشاندەران داوای مووچە و گەڕانەوەی سەر کارەکانیان دەکەن

26-10-2026
خۆپیشاندەران داوای مووچە و گەڕانەوەی سەر کارەکانیان دەکەن
قەبارەی نووسین:
A A 21px

ئەمڕۆ دووشەممە 26ـی تشرینی یەکەمی 2026، خۆپیشاندەران لە بەردەم کۆمپانیای نەوتی باکوور لە کەرکووک گردبوونەوە و داوای خەرجکردنی مووچەی چوار مانگی رابردوو و گەڕانەوە بۆ سەر کارەکانیان دەکەن.

یەکێک لە خۆپیشاندەران رایگەیاند "ئێمە کارمەندانی پاڵاوگەی باکوورین، لە مانگی شەشەوە لە کارەکانمان دەرکراوین و هیچ مووچەیەکمان وەرنەگرتووە." ئەو کارمەندە روونیکردەوە، هیچ لایەنێک هۆکاری دەرکردنیانی بۆ روون ناکاتەوە و داواکارن لە چوارچێوەی بودجەی ساڵی نوێدا دابمەزرێنرێن.

خۆپیشاندەرێکی دیکە لەبارەی هۆکاری بڕینی مووچەکانیان گوتی "کرێکارانی رۆژانەی پاڵاوگەی کەرکووک بووین و دوای دەستگیرکردنی عەدنان جومەیلی، بە تۆمەتی ئەوەی کارمەندی بندیوارین لە کارەکانمان دوور خراوینەتەوە." ئەو کرێکارە جەختیکردەوە، ئەوان پەیوەندییان بە کرێکارانی پاڵاوگەی بێجییەوە نییە کە تۆمەتی بندیواربوونیان ئاراستە کراوە.

ئەو خۆپیشاندەرە ئاشکرایکرد، ژمارەی کرێکاران 600 تا 650 کەسە و داوای لە نوێنەرانی کەرکووک لە پەرلەمان کرد هەوڵی بەدەستهێنانی مافەکانیان بدەن و رێگری لە پێشێلکردنی مافی کرێکارانی شارەکە بکەن.

خۆپیشاندەرێکی دیکە بەڵگەی دەوامی رۆژانە و پەنجەمۆری وەک سەلمێنەرێک بۆ راستیی کارکردنیان هێنایەوە و رەتیکردەوە هیچ پەیوەندییەکیان بە دۆسیەی پاڵاوگەی بێجییەوە هەبێت. ئەو کارمەندە دووپاتیکردەوە، سەرەڕای ئەوەی دۆسیەی عەدنان جومەیلی کاریگەری لەسەر راگرتنی کارەکانیان هەبووە، بەڵام تا ئێستا هۆکاری فەرمیی دەرکردنیان پێنەگوتراوە و ماوەی چوار مانگە هیچ داهاتێکیان دەست نەکەوتووە.