کوردستان

کوردێک پۆستێکی باڵا لە عێراق وەردەگرێت

26-10-2026
کوردێک پۆستێکی باڵا لە عێراق وەردەگرێت
قەبارەی نووسین:
A A 21px

بۆ یەکەمجار ئەفسەرێکی باڵای کورد بە فەرمی دەکرێتە بریکاری هونەری و کارگێڕیی سەرۆکی دەزگای دژەتیرۆری عێراق و دوای مانگێکی دیکە پلەی سەربازیی بەرز دەکرێتەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە نێو دەزگای دژەتیرۆری عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە (26ی تشرینی یەکەمی 2026)  رایگەیاند، لیوا روکن سامان تاڵەبانی، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکان، بە فەرمی وەک بریکاری سەرۆکی دەزگای دژەتیرۆری عێراق بۆ کاروباری هونەری و کارگێڕی دەستبەکار بوو.

بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە، فەرمانی دیوانی لەلایەن فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق و فەرمانی وەزاریی لەلایەن سەرۆکی دەزگای دژەتیرۆر بۆ دەرچووە و دوێنێ یەکشەممە بە فەرمی دەستبەکاربووە؛ بڕیارە دوای مانگێکی دیکە پلە سەربازییەکەی لە لیوا روکنەوە بۆ فەریق بەرز بکرێتەوە.

شێروان دووبەردانی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق ئەمڕۆ دووشەممە  رایگەیاند: "ماوەیەکی زۆرە هەوڵەکانمان چڕکردووەتەوە لەپێناو ئەوەی کوردێک ئەو پۆستە باڵایە وەربگرێت، خۆشبەختانە توانرا رەزامەندیی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان و سەرۆکی دەزگای دژەتیرۆر بەدەستبهێندرێت."

ئەو ئەندامەی لیژنەی ئاسایش و بەرگری ئاماژەی بەوەش کرد، پێشتریش فەریق فازڵ بەرواری، وەک کوردێک فەرماندەی لیوای یەکەمی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی دەزگای دژەتیرۆری عێراق بوو. 

سامان تاڵەبانی کێیە؟

سامان عاسی وەهاب حەمید تاڵەبانی 

جێگری فەرماندەی گشتیی هێزەکانی دژەتیرۆری عێراق

پلەی لیوای ئۆپەراسیۆنی تایبەتی روکن 

•1970 لە خانەقین لەدایکبووە

•1974 ئاوارەبوونی خێزانەکەی بۆ ئێران  

•1975 دوورخستنەوەی بۆ باشووری عێراق (موسەننا)

•1977 نیشتەجێبوون لە سلێمانی و تەواوکردنی خوێندن

•1992 لە کۆلێژی سەربازیی قەڵاچوالان وەرگیراوە

•1994 بووەتە ملازم  

•2003 بە بڕیاری سەرۆک بارزانی بووە یەکێک لە دامەزرێنەرانی سوپای نوێی عێراق 

بەگوێرەی یاسای دەزگای دژە تیرۆر، ژمارە (31)ی ساڵی 2016، مادەی چوارەم، بڕگەی سێیەم، سەرۆکی دەزگای دژە تیرۆر کە پلەکەی وەزیرە، دوو بریکاری دەبێت، بە پلەی بەڕێوەبەری گشتیی یان ئەفسەرێک بە پلەی فەریق یەکەمیان ئەمنی هەواڵگری و دووەمیان تەکنیکیی کارگێڕی.