ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

گرووپە چەکدارەکانی عێراق مەرجی نوێ بۆ دەستبەرداربوون لە چەک دادەنێن

15-09-2026
گرووپە چەکدارەکانی عێراق مەرجی نوێ بۆ دەستبەرداربوون لە چەک دادەنێن
قەبارەی نووسین:
A A 21px

سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی و نوێنەرانی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران، گەیشتوونەتە ڕەشنووسی ڕێککەوتنێک سەبارەت بە پرسی چەکەکانیان و لەسەر بنەمای "ڕاگرتنی بەکارهێنانی چەک بەبێ دەستبەرداربوون لێی" داڕێژراوە.

 بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەت، ڕێککەوتنەکە لە میانی چوار کۆبوونەوەدا بە سەرپەرشتیی نووری مالیکی، محەممەد شیاع سوودانی و هادی عامری گەڵاڵە کراوە، بەگوێرەی خشتە کاتییەکەش، بڕیارە لە 30ـی ئەم مانگەوە تا کۆتایی ساڵی 2026، چەکدارەکانی ئەو گرووپانە لە شێوەی لیوادا بخرێنە ناو ڕیزەکانی حەشدی شەعبییەوە بەبێ ئەوەی چەک ڕادەست بکەن، قۆناغی دووەمیش تا سەرەتای ساڵی 2028 بەردەوام دەبێت و دەبەسترێتەوە بە چاودێریکردنی پرۆسەکە و کشانەوەی هێزەکانی تورکیا لە خاکی عێراق.

 ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوە داوە، لە کۆبوونەوەکانیشدا ژمارەیەک لە سەرکردە دیارەکانی "بەرەی مقاوەمە"، لەوانە بەرپرسانی ئەنساروڵڵای ئەوفیا و کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا، لەگەڵ نوێنەرانی کەتیبەکانی حزبوڵڵا و بزووتنەوەی نوجەبا ئامادە بوون و پێداگرییان لەسەر ئەوە کردووە کە بەهیچ جۆرێک دەستبەرداری چەک نابن تا وەک خۆبەدەستەوەدان بە ئەمریکا دەرنەکەوێت، هاوکات مەرجی ئەوەیان داناوە لە ئەگەری سەرهەڵدانی هەر شەڕێک دژ بە ئێران یان دروستبوونی مەترسی لەسەر مانەوەیان، ڕێککەوتنەکە دەستبەجێ هەڵدەوەشێننەوە.

سەرچاوەکان ئاشکرایان کردووە، ئەم هەنگاوە بە ڕاسپاردەی محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران بووە بۆ فەوتاندنی کات لەگەڵ واشنتن، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئەمەریکا پەیامی توندی ناردووە و ڕایگەیاندووە چەکی ئەو گرووپانە وەک کۆگای چەکی دەوڵەتێکی دوژمن لەناو خاکی عێراقدا دەبینێت و پێداگری لەسەر لەناوبردنی تەواوەتییان دەکات.