لە عێراق بەهۆی دزەکردنی گازی ئەمۆنیا لە کارگەیەکی بەرهەمهێنانی پەین لە بەسرە، 114 کەس تووشی تەنگەنەفەسی بوون و دوو کەسیش گیانیان لەدەستداوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، وەزارەتی تەندروستیی عێراق رایگەیاند، بەهۆی دزەکردنی گازی ئەمۆنیاوە 114 کەس تەنگەنەفەس بوون، بەڵام سەرجەم تووشبووان فریاگوزاری و خزمەتگوزارییە پزیشکییەکانیان پێشکەش کراوە، وەزارەتی تەندروستی زیاتر لە 50 ئەمبوڵانسی بۆ شوێنی رووداوەکە رەوانەکردووە.
سەیف بەدر گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیش دەڵێت: بارودۆخی زۆربەی ئەوانەی تووشی تەنگەنەفەسی بوون دۆخی تەندروستیان سەقامگیرە و ئێستا تەنیا 21 کەسیان لە نەخۆشخانەکان ماونەتەوە.
ئێوارەی دوێنی یەکشەممە سەرچاوەیەکی راگەیاند، بەهۆی دزەکردنی گازی ئەمۆنیا لە کارگەی پەینی باشوور لە ناوچەی خوڕ زوبێر، ژمارەیەک هاووڵاتی تووشی تەنگەنەفەسی بوون.