کوردستان

پلەی گەرما دادەبەزێ و پێشبینی باران بارین دەکرێت

07-09-2026
پلەی گەرما دادەبەزێ و پێشبینی باران بارین دەکرێت
قەبارەی نووسین:
A A 21px

کەشناسیی هەرێمی کوردستان دەڵێ، سبەی بەراورد بە دوێنێ، پلەی گەرما نزیکەی پێنج پلەی سیلیزی دادەبەزێ. کەشناسێک پێشبینی دەکات، ئەمڕۆ و سبەی "بارانی کەم" لە ناوچە شاخاوییەکان ببارێ.

کەشناسیی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ ئاسمان ساماڵ و پەڵەهەور دەبێت، هاوکات تۆز و خۆڵێکی "سووک"یش لە کەشدا بەدی دەکرێ.

کەشناسی رایگەیاندووە، ئەمڕۆ بەراورد بە دوێنێ پلەی گەرما یەک بۆ دوو پلە دادەبەزێ و سبەی بەراورد بە ئەمڕۆ دوو بۆ سێ پلەی دیکە دادەبەزێ.

سالار حاجی عەلی، شارەزای کەشناسی، ئەمڕۆ دووشەممە رایگەیاند: "پێشبینی دەکرێ لەمڕۆوە شەپۆلێکی ناسەقامگیریی کەشوهەوا و بارانبارینی لاواز بەشێک لە ناوچە شاخاوییەکان و کوێستانەکان بگرێتەوە، کە بەهۆی هاتنی بارستەهەوایەکی شێدارەوەیە لە دەریای نێوەڕاست و کەنداوی عەرەبی".

ئەو کەشناسە گوتی: "نزیکبوونەوەی وەرزی پاییز گۆڕان لە کەشدا دروست دەکات و شتێکی سرووشتییە کە بارانێکی کەم لە ناوچە شاخاوییەکان ببارێ. شەپۆلەکە لاوازە و سەنتەری شارەکان ناگرێتەوە."

پلەی گەرمای سبەی بەگوێرەی کەشناسی هەرێمی کوردستان بەم شێوەیەیە:

هەولێر: 38 پلەی سیلیزی

سلێمانی: 36 پلەی سیلیزی

دهۆک: 37 پلەی سیلیزی

هەڵەبجە:38 پلەی سیلیزی

پیرمام: 35 پلەی سیلیزی

چەمچەماڵ: 37 پلەی سیلیزی

زاخۆ: 37 پلەی سیلیزی

ئاکرێ: 37 پلەی سیلیزی

گەرمیان: 40 پلەی سیلیزی

حاجی ئۆمەران:27 پلەی سیلیزی