کوردستان

ئەمڕۆ لە دادگای سلێمانی چی ڕوویدا؟

03-09-2026
ئەمڕۆ لە دادگای سلێمانی چی ڕوویدا؟
قەبارەی نووسین:
A A 21px

گیراوانی دۆسیەی لالەزار لەبەردەم دادگای سلێمانی دانپێدانانەکانی پێشوویان ڕەتکردەوە و پەردەیان لەسەر ئەشکەنجەی جەستەیی، بەکارهێنانی کارەبا و سووکایەتی لە زیندانی ئاسایشی سلێمانی هەڵدایەوە، بە جۆرێک هەندێکیان لە شەرمی خێزان و منداڵەکانیان نەیانتوانی وردەکاریی ئەشکەنجەدانیان بۆ دادوەر بگێرنەوە.

 ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەشێک لە گیراوانی دۆسیەی لالەزار لە بەردەم دادگا ئامادەبوون، شەش کەسیان وتەیان لێوەرگیرا، سەرجەمیان وتەکانی پێشتریان ڕەتکردەوە بەبیانووی ئەوەی لە ئاسایشی سلێمانی بە زۆر و لەژێر ئەشکەنجە وتەیان لێوەرگیراوە.

دانا تەقیەدین، وتەبێژی تیمی پارێزەرانی گیراوانی لالەزار،  ڕایگەیاند، لە دانیشتنی ئەمڕۆی دادگادا لە کۆی 12 کەس تەنیا وتەی شەش دەستگیرکراو وەرگیرا، ئەو شەش کەسەی وتەیان لێوەرگیرا سەرجەمیان لەبەردەم دادوەری لێکۆڵینەوە دانپێدانانەکانی پێشوویان بە تەواوی ڕەتکردەوە و ڕوونیان کردەوە ئەو قسانەی لە ئاسایش لێیان وەرگیراوە لە ئەنجامی گوشار و ئەشکەنجەی ئابڕووبەرانە بووە.

٠ یەکێک لە گیراوەکان لەبەر کەسایەتیی بنەماڵەکەی نەیتوانیوە لە هۆڵەکەدا جۆری ئەو ئەشکەنجانە باس بکات کە لە بەرامبەری کراوە.

٠ یەکێک لە گیراوەکان پێشتر چێشتلێنەری مام جەلال بووە، دوای ڕووداوەکانی لالەزار لەسەر پەیوەندییەکی تەلەفۆنی بۆ هەواڵپرسین لەگەڵ لاهوور برازای مام جەلال دەستگیر کراوە، لە بەردەم دادوەر وتوویەتی بۆ ماوەی 60 ڕۆژ لە زیندانی تاکەکەسیدا بووە، نیوەی خواردنی پێدراوە و ئەشکەنجەدراوە و کارەبای لێدراوە، تەنانەت لە دانیشتنەکەدا ئەوەندە لاواز بووە نەیتوانیوە بەباشی قسە بکات.

هاوکات، یەکێکی دیکە لە گیراوەکان کە باخەوانی د. ئاکۆی برای لاهوور تاڵەبانی بووە، تەنیا لەسەر ئەوە دەستگیرکراوە کە شووقەیەک بە ناوییەوە کراوە.

دانا تەقیەدین، وتیشی، ئەمڕۆ وتە لە لاهوور تاڵەبانی وەرنەگیراوە، دادگایی کردنە بۆ هەفتەی داهاتوو دواخراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار  ڕایگەیاند، دانیشتنەکەی دادگا ساتەوەختی زۆر کاریگەری بەخۆوە بینیوە، بەتایبەت لە کاتی هێنانی ڕەمەزان حوسێن، پاسەوانی لاهوور تاڵەبانی کە بە شەرواڵ و تیشێرتێک و بە سەر و ڕیشی سپییەوە هێنراوەتە هۆڵەکە، بە بینینی هاوسەرەکەی و کچەکەی چاوی پڕ لە فرمێسک بووە، لە کاتێکدا چەندین مانگە لە زیندانە و کچەکەشی تووشبووی نەخۆشیی شێرپەنجەیە.

ئەو گیراوەی لالەزار بە زەردەخەنەیەک بۆ هاوسەر و کچەکەی هەوڵیدا فرمێسکەکانی بشارێتەوە و بە بەرزکردنەوەی دەستی ڕاستی سڵاوی لێکردن.

 بە وتەی سەرچاوەکە، ڕەمەزان دەست و قاچەکانی دەلەرزین و بۆ وەستان ناچار بووە دەست بە شیشی قەفەزەکەوە بگرێت، تەنانەت لە شەرمی کچەکەی و ئامادەبووان نەیتوانیوە باسی جۆری ئەشکەنجەکان بکات، بۆیە وردەکارییەکەی لەسەر پارچە کاغەزێک نووسیوە و بە نهێنی ڕادەستی دادوەری کردووە، ئەم دیمەنەش ئامادەبووانی هۆڵەکەی خستووەتە گریان.

 ئەو گیراوەی لالەزار وتوویەتی، شەرم دەکەم لەبەردەم کچەکەم باس لەوە بکەم بە چ جۆرێک ئەشکەنجە دراوم، هەر بۆیە بە نووسین جۆری ئەشکەنجەکان دەنووسم، ئەو کاتەشی قسەی کردووە داوای کردووە کچەکەی ببەنە دەرەوە بۆ ئەوەی گویێ لە قسەکانی نەبێت.

٠ بۆتان مستەفا کە یەکێکی دیکەیە لە تۆمەتبارەکان، ئەو تۆمەتەی ڕەتکردەوە کە ئەو جانتایانەی لە ڤیدیۆی ئاسایشدا نیشان دراون چەک و درۆن بووبن، بەڵکو وتوویەتی تەنیا کەلوپەلی دیزاین و بانگەشەی هەڵبژاردن بوون.

ئەو گیراوەی لالەزار هاوشێوەی ڕەمەزان حوسێن، زانیاریی ئەو هەڕەشانەی لێیکراون لەکاتی لێکوڵینەوە و ئەشکەنجەدانی، لەسەر کاغەزێک نووسیوە بە دادوەری داوە.

هەر لە دانیشتنەکەدا، کەیوان محەممەد و سەربەست مینەش ڕەتیان کردەوە ئاگاداری هیچ پلانێکی تیرۆر یان کوشتن بووبن و جەختیان کردووەتەوە تەنیا بەدوای بژێوی ژیانیاندا بوون.

 ئێستا دادگای سلێمانی بەردەوامە لە لێکۆڵینەوە و پشکنینی بەڵگەکان، تا ئێستاش ئەو بانگەشانەی تۆمەتباران سەبارەت بە ئەشکەنجەدان و وەرگرتنی دانپێدانان بە زۆر، لەلایەن دادگاوە بڕیاری کۆتاییان لەسەر نەدراوە و دانیشتنەکە بۆ هەفتەی داهاتوو دواخراوە.