عەلی حوسێن، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئاشکرای کرد لە چەند ڕۆژی داهاتوودا پارتی و یەکێتی کۆدەبنەوە و چاوەڕوانی ئەنجامی گرنگ دەکرێت.
عەلی حوسێن لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، سەرەڕای هەبوونی "بەرز و نزمی" لە پەیوەندییەکانی ڕابردوودا، بەڵام ئێستا قۆناغی بەرپرسیاریەتییە و دەبێت هەموو لایەک پێکەوە کار بکەن.
"لە ماوەی ڕابردوودا دوور لە چاوی ڕاگەیاندنەکان چەند کۆبوونەوەیەک ئەنجام دراون، لەم هەفتەیەدا پارتی و یەکێتی کۆدەبنەوە و دەرەنجامی ئەرێنیشیان دەبێت."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەبارەت بەڕێککەوتنی نێوان یەکێتی و نەوەی نوێ، کارکردنیان بەیەک پاکێج، ئەم ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی پارتی پەردەی لەسەر هەوڵێکی پێشووی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لادا و وتی: مانگی نۆی ساڵی ڕابردوو، نەوەی نوێ لە ڕێگەی کەسایەتییەکی سیاسییەوە پەیوەندییان بە خودی خۆمەوە کرد و داوایان کرد 15 کورسییەکەیان بخەنە خزمەت پارتی، بۆ ئەوەی پێکەوە حکومەتێکی (50+1) بەبێ یەکێتی پێکبهێنین، بەڵام ئێمە ڕەتمانکردەوە.
- ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی پارتی، ئاماژە بەوەدەدات لەبەر دوو هۆکار پێشنیارەکەی نەوەی نوێیان ڕەتکردووەتەوە:
یەکەم: پارتی پێی وایە پارتی و یەکێتی تەواوکەری یەکترن و پێکهێنانی حکومەت بەبێ یەکێتی بۆشایی لە پرۆسەی حوکمڕانیدا دروست دەکات.
دووەم: لەو کاتەدا شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە زیندان بوو، پارتی بە کارێکی نادروستی زانیوە ڕێککەوتنی لەو شێوەیە لەگەڵ کەسێک بکات کە ئازاد نەبێت و لە زیندان بێت.