کوردستان

زەوی بەسەر فەرمانبەران دابەشدەکرێت

16-08-2026
زەوی بەسەر فەرمانبەران دابەشدەکرێت
قەبارەی نووسین:
A A 21px

لەم هەفتەیە تیروپشک بۆ قۆناغی هەشتەمی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرانی سنووری سەرۆکایەتى شارەوانیی هەولێر ئەنجام دەدرێت.

ئەندازیار کارزان عەبدولهادی، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر ڕایگەیاند، سەرجەم ئامادەکارییە کارگێڕی و یاساییەکان بۆ دەستپێکردنی قۆناغێکی دیکەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرانی سنوورى سەرۆکایەتیی شارەوانى هەولێر تەواو کراون، بڕیاروایە لەم هەفتەیە قۆناغی هەشتەمی ئەنجامدانی تیروپشک بەڕێوەدەچێت. بەپێی زانیارییەکانی ئاڤا لەم قۆناغەدا نزیكەی پێنج هەزار فەرمانبەر لەم پڕۆسەیە سوودمەند دەبن.

 لە سنوورى سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر 82 هەزار فەرمانبەر بەمەبەستی سوودمەندبوون لە پارچە زەوی ناویان تۆمار کراوە، تاوەكو ئێستا حەوت قۆناغ زەویی دابەشكراوە کە نزیکەی 42 هەزار فەرمانبەر لێی سوودمەند بوونە، هاوکات 40 هەزار پارچە زەویی دیکەش ماون و لە داهاتوودا قۆناغ بە قۆناغ تیروپشکیان بۆ ئەنجام دەدرێت.

 پێشتر پارێزگاری هەولێر ئاشکراشی کردبوو، لە سنووری پارێزگای هەولێر زیاتر لە 60%ـی پارچە زەوییەکان تیروپشکیان بۆ ئەنجام دراوە، دووپاتیشی کردەوە پرۆسەکە بەردەوام دەبێت تاوەکو تەواوی ئەو فەرمانبەرانەی مەرجەکان دەیانگرێتەوە لە پڕۆسەکە سوودمەند دەبن.

بەڕێوەچوونی ئەم پڕۆسەیە لەکاتێکدایە، ڕۆژی 27ی ئاداری 2024، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانى، لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد بۆ بەخشینی پارچەیەک زەوی نیشتەجێبوون بەسەر فەرمانبەرانی مەدەنی و سەربازی و خانەنشینانى کەرتی گشتی کە مەرج و ڕێنماییەکان دەیانگرێتەوە.