لە ناوەڕاستی هەفتەی داهاتووەوە شەپۆلێکی هەوای فێنک ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و دەبێتە هۆی دابەزینێکی بەرچاو لە پلەکانی گەرما.
فازڵ ئیبراهیم، بەڕێوەبەری گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان: لە ئەنجامی هاتنی ئەم بارستە هەوایە، لە رۆژی دووشەممە، 17ی ئابی 2026، گۆڕانکاری لە کەشوهەوادا روودەدات و پلەکانی گەرما بە 4 بۆ 7 پلەی سیلیزی دادەبەزن.
فازڵ ئیبراهیم دەشڵێت، "بەهۆی کاریگەری ئەم بارستە هەوایە، بە شێوەیەکی گشتیی لە زۆربەی ناوچەکان بەرزترین پلەی گەرما بۆ ژێر 40 پلەی سیلیزی دادەبەزێت، هەروەها لە ناوچە شاخاوییەکان پلەکانی گەرما نزیک دەبنەوە لە 32 پلەی سیلیزی"
بەگوێرەی پێشبینییەکانی، لە پارێزگای هەولێر 37 پلە، سلێمانی 35 پلە، دهۆک 36 پلە، هەڵەبجە 37 پلە و لە پارێزگای کەرکووکیش بەرزترین پلەی گەرما دەگاتە 38 پلەی سیلیزی.