بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی گەنجانەوە، سبەی چوارشەممە ناوەندی گەنجان لە هەولێر کەرنەڤاڵێکی تایبەت و بێبەرامبەر بە چەندین چالاکیی جۆراوجۆرەوە بەڕێوە دەبات.
بڕیارە سبەی چوارشەممە، بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی گەنجانەوە، ناوەندی گەنجان لە شاری هەولێر کەرنەڤاڵێکی تایبەت بەو ڕۆژە ڕێک بخات. کەرنەڤاڵەکە بۆ ماوەی یەک ڕۆژە و لە کاتژمێر 9:00ـی بەیانی تاوەکوو 10:00ـی شەو بەردەوام دەبێت، کە تێیدا بێ جیاوازی و بێبەرامبەر گەنجان دەتوانن بەشداریی تێدا بکەن.
ڕەوەند حوسێن، بەڕێوەبەری سەنتەری گەنجان ڕایگەیاند، هەشت چالاکیی گەورەی هونەری، کولتووری، زانستی و چەندین بواری دیکە بە بەشداریی هونەرمەندان و چین و توێژە جیاوازەکان بەڕێوە دەچن.
ئاماژەی بەوەش دا کە ئامانج لە کەرنەڤاڵەکە خزمەتکردنی گەنجان، بەهێزکردنی بیرۆکەکان و پەرەپێدانی تواناکانیانە. چالاکییەکانیش بریتین لە گفتوگۆی گەنجان، وۆرکشۆپ، پۆدکاستی ڕاستەوخۆ، پێشانگای هونەری، چالاکییەکانی پەیوەست بە کتێب و نووسەران، ڕاهێنانی زیرەکیی دەستکرد و تەکنەلۆژیا لەگەڵ ئەزموونی داهێنەرانە.
سەنتەری گەنجان لە 10 بەشی جیاواز پێکهاتووە و لە ماوەیەکی کەمدا خزمەتێکی گەورەی بە گەنجان کردووە. لە ماوەی تەنیا دوو مانگی تەمەنی دامەزراندنیدا، پێشوازیی لە 260 هەزار سەردانیکەر کردووە و ژمارەی ئەندامە هەمیشەیییەکانی گەیشتووەتە زیاتر لە 1800 کەس، کە لەو ماوەیەدا زیاتر لە 120 پڕۆگرام و چالاکیی جیاوازی تێدا ئەنجام دراون.