کوردستان

لە مانگێکدا 30 هەزار گەشتیار سەردانی باڵەکایەتییان کردووە

11-08-2026
لە مانگێکدا 30 هەزار گەشتیار سەردانی باڵەکایەتییان کردووە
قەبارەی نووسین:
A A 21px

مانگی رابردوو 30 هەزار گەشتیار سەردانی باڵەکایەتییان کردووە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ سروشتە جوانەکەیی و کارکردن بۆ زیاتر گرنگی دان بە کەرتی گەشتیاری، هەروەها چەندین مۆڵەتی نوێش بۆ پڕۆژەی گەشتیاری بە وەبەرهێنەران دراون.

هەڵگورد محەمەد، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری چۆمان دەڵێت: بەهۆی ئەوەی ناوچەکە لە هەرچوار وەرزی ساڵ بەفری تێدا دەمێنێتەوە و پلەی گەرما بەراورد بە ناوچەکانی دیکە نزمترە، ئەوە بووەتە هۆکاری سەرەکی سەردانی گەشتیاران. تەنیا مانگی رابردوو زیاتر لە 30 هەزار گەشتیار لە ناوخۆی شارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان و دەرەوە و شارەکانی خوار و ناوەڕاستی عێراق سەردانی ناوچە گەشتیارییەکانی دەڤەری باڵەکایەتییان کردووە.

هەڵگورد محەمەد دەشڵێت "زیاتر لە 40 شوێن و ناوچەی گەشتیاری هەن و زۆرترین خواستی گەشتیاران لەسەر خانووی کولتووری و هەروەها "خانەباخە" واتا ئەو خانووانەی بە تەنیا لەناو باخچەکان دروست کراون و ژمارەیان زیاتر لە 220 خانووە"

بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری چۆمان ئاماژەی بەوەش کرد، دەڤەری باڵەکایەتی لە هەر چوار وەرزی ساڵ پێشوازی لە گەشتیاران دەکات و لە ئێستاوە ئامادەکاری دەکەن بۆ ئەوەی لە وەرزی زستانیش پێشوازی لە هەزاران گەشتیار بکەن.

هەڵگورد محەمەد، باس لەوەش دەکات "ژمارەیەک پڕۆژەی گەشتیاری هاوشێوەی وڵاتانی پێشکەوتوو لە قۆناخی جێبەجێکردن و چەند پڕۆژەیەکی دیکەش مۆڵەتییان تەواو کراوە و ئەگەر دۆخەکە و کەشوهەوای ناوچەکە لەباربێت، لە داهاتوویەکی نزیکدا دەچنە قۆناخی جێبەجێکردنەوە"