بڕیارە ڕۆژی شەممەی هەفتەی داهاتوو لە سنووری پارێزگای هەولێر، کۆبۆنی 2ـەمی دابەشکردنی بەنزینی 750 دیناری کارا بکرێت، ئەمەش بەمەبەستی ئەوەی خەڵک ناچار نەبن بەنزینی بازرگانی بکڕن، بەتایبەت خاوەن تەکسی و پاسەکان.
ئاری کاکەشین، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی هەولێر ڕایگەیاند، دوای تێپەڕبوونی یەک هەفتە بەسەر دابەشکردنی بەنزینی حکومی بە کۆبۆن، ئێستا فشار لەسەر بەنزینخانەکان کەم بووەتەوە و بەراورد بە ڕۆژانی ڕابردوو سەرەی ئۆتۆمبێل کەمترە. لەبەر ئەم هۆکارەش بڕیاریان داوە لە ڕۆژی شەممەوە کۆبۆنی دووەم بۆ هاووڵاتییان کارا بکەن.
لە سنووری پارێزگای هەولێر 440 هەزار خێزان کۆبۆنی سووتەمەنییان هەیە، بەڵام لە ماوەی یەک هەفتەدا تەنیا 170 هەزار کەس بەنزینیان پێ وەرگرتووە، پێشبینیش دەکرێت ڕەنگە تەنیا 30 هەزار کەسی دیکە بچن بە کۆبۆن بەنزین وەربگرن؛ هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بەشێکی خەڵک ئۆتۆمبێلی نییە، یان بەنزینی نۆرماڵ لە ئۆتۆمبێلەکەی ناکات، یانیش تاقەتی وەستانی سەرەی نییە.
هاوکات ڕۆژانە یەک ملیۆن و 700 هەزار لیتر بەنزینی حکومی بەسەر پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجەدا دابەش دەکرێت، و جگە لە هەولێریش لە چەند شارێکی دیکە دابەشکردنی بەنزین بووەتە کۆبۆن.
بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی هەولێر جارێکی دیکە هۆشدارییەکی تووند دەدات کە هەر کەسێک کۆبۆنی بەنزین بفرۆشێت یان بە کرێی بدات، دەستبەجێ کۆبۆنەکەی ڕادەگیرێت و لە وەرگرتنی بەنزین و هەر جۆرە سووتەمەنییەکی دیکە بێبەش دەکرێت