سەرچاوەیەک لە کەرکووک رایگەیاند، لە تۆبزاوەی کەرکووک زەوی جووتیارانی کورد دەگیردەکرێت و لە ناو شاریش خانووەکانیان دەڕوخێنن، ئاماژەی بەوەشکرد، زۆربەی ئەو کەسانەی موڵکەکانیان دەستی بەسەردادەگیرێت و ماڵەکانیان دەڕوخێندرێت کوردن.
پێنجشەممە 6ـی ئابی 2026، سەر️چاوەیەک لە کەرکووک رایگەیاند، هێزێکی سوپای عێراق هەڵیانکوتاوەتە سەر زەوی ئەو جووتیارە کوردانەی لەو سنوورە زەوییان هەیە و دەستیان بەسەر بەشێک لە زەوییەکاندا گرتووە، ئاماژەی بەوەشکرد، هێزەکە سەر بە وەزارەتی بەرگری عێراقە و بە بیانوی خاوەندارێتی زەوییەکان لە لایەن وەزارەتەوە هەڕەشە لە جووتیارانی کورد دەکەن و بە بەکارهێنانی هێز زەوییەکانیان پێ چۆڵ دەکەن، هاوکات بەشێک لەو زەوییانە دەکەن بە سەربازگە و بەشێکی دیکەی بە ناو پرۆژەی وەبەرهێنانەوە دەکرێت بە یەکەی نیشتەجێبوون و دەدرێت بەو عەرەبانە کە هاوردەی ناوچەکە کراون.
جەختی لەوەشکردەوە، ئەو زەوییانە لە بنەڕەتدا موڵکی کوردەکانی ناوچەکەن و خاوەنی زەوییەکان تاپۆیان هەیە کە سەرجەم پارچە زەوییەکان بە ناوی ئەوان تۆمارکراوە، هاوکات گوتیشی، لە دوای 16ـی ئۆکتۆبەرەوە، چەند جارێکی دیکە عەرەبی هاوردە بە هاوکاری سوپای عێراق، دەستییان بەسەر زەوییەکانی ئەو ناوچەیەدا گرتووە، بە تایبەت سوپا تاوەکو ئێستا زیاتر لە 500 دۆنم زەوی جووتیارانی کوردیان داگیرکردووە.
هاووڵاتییەک قسەی کردووە و دەڵێت،"کاتێک هاتینە سەر زەوییەکانمان بینیمان 4 ئۆتۆمبێلی سەربازی و 4 شۆفڵ خەریکی هەڵکەندی زەوییەکان بوون، و دەیانوسیت بیکەن بە سەربازگە، پێمان گوتن بۆچی ئەو کارە دەکەن؟ لە وەڵامدا ئەفسەرێکی سەربازی گوتی،"ئەمە فەرمانی وەرارەتی بەرگرییە، ئەو زوییانە موڵکی وەزارەتە و دەیکەین بە سەربازگە، جووتیارانی ناوچەکە دەڵێن،"ئەو زەوییانە بە بڕیاری ژمارە 3ـی ساڵی 2025، مافی خاوەندارێتی دراوەتەوە بە خەڵکی ناوچەکە، هاوکات بە گوێرەی ماددەی 140، دەبێت کوردەکانی ناوچەکە خاوەندارێتی ئەو زەوییانە بکەن، بەڵام سوپای عێراق جارێکی دیکە زیاتر لە 300 دۆنم زەوی جووتییارانی ناوچەکەی داگیر کردووە، بەمەش لە دوای 16ـی ئۆکتۆبەرەوە عەرەبی هاوردە و سوپای عێراق زیاتر لە 800 دۆنم زەوی کوردەکانی ئەو ناچەیەیان داگیرکردووە.