کوردستان

دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران دەستپێدەکات

02-08-2026
دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران دەستپێدەکات
قەبارەی نووسین:
A A 21px

لە چوارچێوەی بڕیارەکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرانی ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین لە قۆناغی یەکەمدا دەست پێ دەکات و سبەی یەکەم تیروپشک ئەنجام دەدرێت.

لە چوارچێوەی بڕیاری مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابەشکردنی زەوی بەسەر تەواوی مووچەخۆران، لە هەنگاوێکی نوێدا ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین دەست بە دابەشکردنی قۆناغی یەکەمی زەوی دەکات.

 ڕێباز پیرۆت، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی ڕاپەڕین ڕایگەیاند، سبەی دووشەممە لە ناحیەی چوارقوڕنەی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەڕین، قۆناغی یەکەمی پرۆسەی تیروپشک بۆ دابەشکردنی زەوی بەسەر ئەو فەرمانبەرانەدا دەست پێ دەکات کە مەرجە یاسایی و کارگێڕییەکان دەیانگرێتەوە

بەپێی زانیارییەکان، لە کۆی سێ هەزار و 500 فەرمانبەری شایستە، شارەوانیی چوارقوڕنە لە قۆناغی یەکەمدا تیروپشک بۆ دوو هەزار پارچە زەوی ئەنجام دەدات و پارچە زەوییەکانی دیکەش دوای تەواوبوونی چەند ڕێکارێک بۆ قۆناغی داهاتوو ئامادە دەکرێن.

٠ هاوکات بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی ڕاپەڕین ئاشکرای کرد، شارەوانیی حاجیاوا دوو هەزار پارچە زەویی بۆ هەمان مەبەست ئامادە کردووە و بڕیارە ڕۆژی چوارشەممە تیروپشک بۆ فەرمانبەرانی سنوورەکەی ئەنجام بدات.

 بڕیار وایە لە هەفتەی داهاتوودا پرۆسەی تیروپشک و دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران لە چەند قەزا و ناحیەیەکی دیکەی سنووری ڕاپەڕین بەڕێوە بچێت، ئەمەش بۆ ئەوەی سەرجەم ئەو مووچەخۆرانەی مەرجەکانیان تێدایە، ببنە خاوەنی پارچەیەک زەوی.