لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە، دوو پەڕەشووتەوانی گەنج کەوتنە خوارەوە و گوتەبێژی پۆلیس دەڵێ: "هۆکارەکەی ناجێگیریی کەش و هەوا بووە."
دوو پەڕەشووتەوانەکە لەکاتی خۆ هەڵدان لە بەرزاییەکانی گوندی (ئەحمەد ئاوا) کەوتوونەتە خوارەوە. رائید ئاکام قوتبەدین، گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە رایگەیاند، "رووداوەکە کاتژمێر 5:30ی ئێوارەی ئەمڕۆ روویداوە و هەردوو پەڕەشووتەوانەکە برینداربوون و برینی یەکێکیان کەمێ سەختە."
پەڕەشووتەوانەکان بۆ مەشقی وەرزشی چوون و یەکێکیان ناوی کامەران کەریمە و خەڵکی قەزای پیرمامە لە سنووری پارێزگای هەولێر، ئەوی دیکەشیان ناوی فائیب محەممەدە و خەڵکی شاری سلێمانییە.
رائید ئاکام قوتبەدین گوتی، "کامەران لە نەخۆشخانەی هەڵەبجە تیمار دەکرێ، بەڵام برینی فائیب کەمێ سەختە و رەوانەی سلێمانی کراوە."