وەزیری کارەبا کە هاوکات وەزیری سامانە سروشتییەکانە بە وەکالەت، ڕایگەیاند، لە کاتژمێرەکانی داهاتوودا بەرهەمهێنانی کارەبا دەگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی و 24 کاتژمێریی.
کەمال محەممەد، وەزیری کارەبا و وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان، ئاشکرای دەکات؛ لەگەڵ دەستبەکاربوونەوەی کۆمپانیای دانا غاز لە شەوی ڕابردوو بۆ بەرهەمهێنانی غاز لە کێڵگەی کۆرمۆر، توانراوە ئێستا بەرهەمهێنانی کارەبا بگەیێنرێتە 3800 مێگاوات و لە کاتژمێرەکانی داهاتوودا کارەبای کوردستان دەبێتەوە بە 24 کاتژمێریی.
بەپێی زانیارییەکانی وەزیری سامانە سروشتییەکان، پرۆسەی بەرهەمهێنانی غاز و کارپێکردنەوەی یەکەکانی کارەبا بەشێوەی قۆناغبەندییە و تا سبەی ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا دەگاتە 4000 بۆ 4500 مێگاوات کارەبا، ئەوەش لەکاتێکدایە کە پێداویستیی ناوخۆ 4500 بۆ 4700 مێگا واتە.
پێشتر 85٪ی کارەبای هەرێمی کوردستان 24 کاتژمیریی بوو لە چوارچێوەی پڕۆژەی ڕووناکی، بەڵام بەهۆی وەستاندنی کارەکانی دانا غاز، ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا کەمبووەتەوە و بڕیارە لە 24 کاتژمێری داهاتوودا ئاستی دابەشکردنی کارەبا ئاسایی ببێتەوە.