کوردستان

مزگەوتێک لە هەولێر دروست دەکرێت کە جێگای 700,000 نوێژخوێنی تێدا دەبێتەوە

21-06-2026
مزگەوتێک لە هەولێر دروست دەکرێت کە جێگای 700,000 نوێژخوێنی تێدا دەبێتەوە
قەبارەی نووسین:
A A 21px

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەردی بناخەی پڕۆژەی "مزگەوتی گەورەی بارزانی" دادەنێت. کە شوێنی نوێژکردن بۆ زیاتر لە 700,000 کەس لەیەک کاتدا دەبێتەوە.

ئەم پڕۆژەیە لەسەر راسپاردە و فەرمانی سەرۆکی حکوومەت و لە رێگەی د. پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی و راسپاردنی ئەندازیار گۆران رەشید فەتاح، سەرۆکی تیمی "گراف" وەک تیمێکی خۆماڵی، دیزاین کراوە.

 ئامانجی ئەم پڕۆژەیە، زیندووکردنەوەی تەلارسازیی کوردی و بەرجەستەکردنی سروشتی کوردستان و مێژووی ژیانی شکۆمەندی بارزانی نەمرە، کە قۆناخ بە قۆناخ و بە سەرپەرشتیی راستەوخۆی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی جێبەجێ کراوە.

پڕۆژەکە لەسەر رووبەری زیاتر لە 2 ملیۆن مەتر دووجا دیزاین کراوە و چەندین پێوەری جیهانیی شکاندووە. پڕۆژەکە لە چەندین بەشی گرنگ پێکهاتووە، لەوانە: هۆڵی سەرەکیی مزگەوت کە گەورەترین گومبەت و بەرزترین دەرگا لەسەر ئاستی جیهان لەخۆدەگرێت. هەروەها گەورەترین هۆڵی بۆنە ئایینی و کۆمەڵایەتییەکان، و شوێنی نوێژکردن بۆ زیاتر لە 700,000 کەس لەیەک کاتدا.

بەشێکی تری مزگەوتەکە بریتییە لە باخچە و دارستانی تایبەت کە زیاتر لە 1 ملیۆن دار و درەخت و گوڵ لەخۆدەگرێت، لەگەڵ دروستکردنی گەورەترین شەلالی دەستکرد لەسەر ئاستی جیهان کە بە بەرزیی 48 مەتر دەرژێتە ناو دەریاچەیەکی دەستکرد لەناو مزگەوتەکەدا.

لە روانگەی ئەندازیاری و دیزاینەوە، بیرۆکەی ئەم مزگەوتە لەسەر بنەمای ناسنامەی کوردی و نەقش و نیگاری کوردەواری دامزراوە؛ باڵەخانەی سەرەکیی مزگەوتەکە لەسەر شێوازی "رەشماڵی کوردی" و باڵەخانەکانی تر لەسەر شێوازی "خێوەتی کوردی" دیزاین کراون.

بەشەکانی مزگەوت:

- هۆڵی سەرەکیی نوێژکردن: جێگەی 9,000 کەس دەبێت و لەسەر گردێکی دەستکرد دروست کراوە.

- حەوشە و باخچەی مزگەوت: جێگەی زیاتر لە 700,000 کەس دەبێت.

- هۆڵی بۆنە ئایینییەکان.

- گەورەترین کاتژمێری رۆژی.

- گەورەترین نافوورەی دەستکرد لەسەر ئاستی جیهان.

- بەرزترین دەرگا لەسەر ئاستی جیهان.

- 4 منارە و بوونی بەرزکەرەوە (ئەسانسۆر) بۆ بینینی تەواوی شاری هەولێر.

- گەورەترین گومبەت لەسەر ئاستی جیهان.

- کتێبخانە و شوێنی گەورەترین ئەرشیفکردنی نووسراوە کوردی و ئایینییەکان.

- هۆڵی کۆنفرانس.

- مۆزەخانەی تایبەت بە مێژوو و دەستنووسی کوردی.

- قوتابخانەی ئایینی.

- هۆڵی نانخواردنی گشتی.

 - هۆڵی تایبەت بە بۆنە کۆمەڵایەتییەکان.

- گەورەترین شەلالی دەستکرد و دەریاچەی دەستکرد.

- گەورەترین پارک.

- بازاڕی تایبەت بە کەلوپەلی ئایینی و کوردی.

- شوێنی تایبەت بۆ وەستانی ئۆتۆمبێل.