سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران کوژرانی عەلیرەزا تەنگسیری، فەرماندەی هێزی دەریایی ئەو سوپایەی راگەیاند.
لە راگەیەنراوەکەی سوپای پاسداراندا هاتووە، تەنگسیری دوای ئەوەی سەرپەرشتی چەندین هێرشی کرد بۆ سەر ژێرخانەکانی "دووژمن" و خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی جەنگیی ئەمریکی، لە کاتی رێکخستنەوەی هێزەکان و بەهێزکردنی قەڵخانی بەرگریی دوورگە و کەناراوەکانی ئێران، بە سەختی بریندار بوو و دواتر بەهۆی سەختیی برینەکانیەوە گیانی لەدەستدا.
سوپای پاسداران باس لەوە دەکات کوژرانی فەرماندە باڵاکانیان نابێتەهۆی وەستانی ئۆپەراسیۆنەکانیان و رایگەیاند: "هەروەک چۆن بە کۆچی رێبەرانی مەزنی وەک ئایەتوڵڵا خومەینی و ئایەتوڵڵا خامنەیی، رێڕەوی شۆڕش نەوەستا، بە شەهیدبوونی فەرماندە مەیدانییەکانیش کارەکانمان بەهێزتر دەبن."
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، سەربازانی هێزی دەریایی سوپا گورزی جەرگبڕیان لە "دووژمن" داوە و بەردەوامن لە بەڕێوەبردنی مەیدانی جەنگ لە تەنگەی هورمز.
سوپای پاسداران کوژرانی ئەم فەرماندەیەی وەک داستانێکی نیشتمانی ناوبردووە و لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "لەگەڵ گەلی ئێران بەڵێن نوێ دەکەینەوە کە تاوەکو لەنێوبردنی تەواوەتیی دووژمن و رزگارکردنی قودسی شەریف، لە تێکۆشان ناوەستین."
عەلیرەزا تەنگسیری یەکێک بوو لە کەسایەتییە دیارە سەربازییەکانی ئێران و بۆ چەندین ساڵ فەرماندەیی هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی لە ئەستۆ بوو، بەتایبەتی لە ناوچە هەستیارەکانی کەنداو و تەنگەی هورمز.