ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

پەیامێک لە وتەبێژی داعشەوە؛ هەڕەشە لە دەسەڵاتی نوێی سووریا دەکات

21-02-2026
پەیامێک لە وتەبێژی داعشەوە؛ هەڕەشە لە دەسەڵاتی نوێی سووریا دەکات
قەبارەی نووسین:
A A 21px

تۆڕی میدیایی فورقان، کە باڵی فەرمی ڕاگەیاندنی داعشە، وتارێکی دەنگیی نوێی "ئەبو حوزەیفە ئەنساری" وتەبێژی ڕێکخراوەکەی بڵاوکردەوە، کە تێیدا هێرش دەکاتە سەر گۆڕانکارییەکانی ئەم دواییەی سووریا و جەخت لە بەردەوامیی هێرشەکانیان لە ناوچەکە و جیهان دەکاتەوە.

وتەبێژی داعش لە وتارەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە نەمانی هەژموونی ئێران لە سووریا ڕووداوێکی گرنگ بوو، بەڵام دەسەڵاتی نوێی لە شام (سووریا) بە "کافرانە و مورتەد" ناوبرد، بەو پێیەی بە وتەی ئەو "حکومەتێکی عەلمانییە و پابەندە بە وڵاتانی ڕۆژئاوا و تورکیا". ئەنساری هۆشداری دا کە شەڕی ئەوان لەگەڵ گروپە چەکدارەکانی ئێستای سووریا بەردەوام دەبێت و ڕایگەیاند: "داهاتووی شام بۆ دەسەڵاتدارانی نوێ، لە داهاتووی بەشار ئەسەد و مەزڵووم عەبدی باشتر نابێت."

لە بەشێکی تری وتارەکەیدا، وتەبێژی داعش پەیامی ئاراستەی زیندانیانی ڕێکخراوەکە کرد کە لەلایەن هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و حکومەتی عێراقەوە دەستبەسەرن، و ستایشی "خۆڕاگری" ئەوانی کرد. هەروەها داوای لە لایەنگرانی کرد هێرشەکانیان بۆ سەر ئامانجە مەسیحی و جووەکان لە سەرتاسەری جیهان چڕ بکەنەوە.

ئەبو حوزەیفە ئەنساری تیشکی خستە سەر چالاکییەکانیان لە کیشوەری ئەفریقا و ڕایگەیاند کە "ئەفریقا بووەتە مەیدانی شەڕێک کە هێزەکانی هاوپەیمانانی تێدا پەرتەوازە بووە". ئاماژەی بە شەڕەکانی سۆماڵ، نێجیریا، مالی، مۆزەمبیق و کۆنگۆ کرد وەک نموونەی سەرکەوتنی ڕێکخراوەکەیان.

لە کۆتایی وتارەکەیدا، وتەبێژی داعش دانی بە کوژرانی ژمارەیەک لە فەرماندە و بەرپرسانی میدیایی ڕێکخراوەکە لە دوو ساڵی ڕابردوودا نا. هەروەها هۆشدارییەکی توندی تەناهی دایە لایەنگرانی و وتی: "ئێوە ئامانجی هەموو دەزگا هەواڵگرییەکانی جیهانن،" و داوای لێکردن لە پەیوەندییە دیجیتاڵییەکانیاندا وردتر بن و نەکەونە داوی سیخوڕییەوە.