مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، ڕایدەگەیەنێت، لە ڕێگەی نێوەندگیریی نێودەوڵەتییەوە گەیشتوونەتە ڕێککەوتنێک بۆ ڕاگرتنی شەڕ لە حەلەب.
ئەم ڕێککەوتنە کۆتایی بە پێنج ڕۆژی شەڕی سەخت و گەمارۆی تووندی سەر گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە دێنێت. بڕیاری کشانەوە و گواستنەوەی هێزەکان بەرەو ناوچەکانی ئیدارەی خۆسەر، دوای ئەوەیە کە هاوسەنگیی هێز لە حەلەب بەهۆی چەکی قورسی سوپای سووریاوە گۆڕا، هاوکات ژیانی سڤیل کەوتووتە مەترسییەوە.
مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە ڕایگەیاند: "داوا لە لایەنی ناوبژیکار دەکەین پابەندی بەڵێنەکانیان بن بۆ وەستاندنی پێشێلکارییەکان. هاوخەمیی قووڵی خۆمان بۆ تێکۆشەرانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە و بنەماڵەی شەهیدان دەردەبڕین کە ئازایانە لە بەرامبەر هێرشەکاندا وەستانەوە."
شەڕی حەلەب لە پێنج ڕۆژی ڕابردوودا بووە هۆی شەهیدبوونی 28 کەس و برینداربوونی زیاتر لە 115 کەسی دیکە، هاوکات زیاتر لە 155 هەزار کەس ئاوارە بوون. گواستنەوەی بریندارەکان و مەدەنییەکان وەک یەکەم هەنگاوی جێبەجێکردنی ئاگربەستەکە دەست پێ دەکات.