کوردستان

پەروەردەی چەمچەماڵ پشووی قوتابخانەکان درێژ دەکاتەوە

13-12-2025
پەروەردەی چەمچەماڵ پشووی قوتابخانەکان درێژ دەکاتەوە
قەبارەی نووسین:
A A 21px

بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی چەمچەماڵ، بەهۆی دۆخی شارەکەوە ناتوانێت دەوامی قوتابخانەکان ئاسایی بکاتەوە و پشووەکان درێژ دەکەنەوە.

عەبدوڵڵا حەمەکاکەڕەش، بەڕێوەبەری پەروەردەی چەمچەماڵ، ئەمڕۆ شەممە ڕایگەیاند،: "لەگەڵ بەڕێوەبەرانی قوتابخانەکان کۆبووینەوە و کۆکبووین لەسەر ئەوەی دۆخی سنوورەکە بە کەڵکی ئەوە نایەت قوتابیان بگەڕێنەوە قوتابخانەکان".

لە دوای لافاوەکەی سێشەممە 9ـی ڕابردوو، زیانی زۆری بە بەشێکی قوتابخانەکان، شەقام و ماڵانی سنووری قەزای چەمچەماڵ و ناحیەکانی شۆڕش و تەکیە گەیاند،  بەهۆیەوە دەوام لە قوتابخانەکان راگیرا.

بەشێکی خێزانەکان لە لای دراوسێ و کەسوکاریان دەژین، هەروەها قوتابخانە، جانتا، دەفتەر و کتێب و پێداویستی بەشێکی قوتابیان لەنێوچوون، زیان بەر بەشێکی قوتابخانەکان کەوتووە، بۆیە کار بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخەکە دەکرێت.