ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

سکاڵایەکی یاسایی دژی مالیکی تۆمارکرا

07-09-2022
سکاڵایەکی یاسایی دژی مالیکی تۆمارکرا
قەبارەی نووسین:
A A 21px

 سەرۆکی دەستەی یاسایی رەوتی سەدر لە دادگای کەرخی سێی بەغدا، سکاڵا لە دژی نووری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا تۆمار دەکات.

ئەمڕۆ (چوارشەممە 7ـی ئەیلول)، نەسار روبەیعی سکاڵاکەی تۆمارکردووە و هۆکارەکەی بۆ ناوەڕۆکی ئەو تۆمارەدەنگییانە گەڕاندووەتەوە کە گوایە هی نووری مالیکین.

روبەیعی لە سکاڵاکەیدا رایگەیاندووە، "نووری مالیکی لە تۆمارە دەنگییەکاندا حەشدی شەعبی بە نەتەوەیەکی ترسنۆک ناوهێناوە، هەروەها باسی کوشتن و هێرش بۆ سەر نەجەف و کوفە کردووە".

نەجەف و کوفە شوێنی مانەوەی موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدرن.
بەپێی سکاڵاکەی روبەیعی، مالیکی گوتوویەتی "من تاکەکەس بوومە موقتەدا سەدرم کردووەتە ئامانج" و هەروەها هەوڵی پڕچەککردنی خێڵ و عەشیرەکانی لە دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت داوە.

سەرۆکی دەستەی یاسایی رەوتی سەدر، داوایکردووە نووری مالیکی بەپێی یاسا بەرکارەکانی عێراق، گەشتی دەرەوەی لێ قەدەغە بکرێت و بخرێتە زیندان.

لە ماوەی رابردوودا چەندین تۆماری دەنگی کە گوایە هی نووری مالیکین، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبووەوە و کاردانەوەی ناوخۆیی فراوانی لێکەوتەوە. نوری مالیکی رەتیکردووەتەوە تۆمارە دەنگییەکان هی ئەو بن.