ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

کازمی سێ بەرپرسی لەکار لادا

13-07-2021
کازمی سێ بەرپرسی لەکار لادا
قەبارەی نووسین:
A A 21px

بەهۆی رووداوی ئاگرەکەی ناسریەوە، سەرۆک وەزیرانی عێراق ژمارەیەک بەرپرسی پارێزگای زیقار لە پۆستەکانیان دوور دەخاتەوە و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکات.

درەنگانی شەوی دووشەممە 12-7-2021، ئاگرێکی گەورە لە نەخۆشخانەی ئیمام حوسێن، کە تایبەتە بە چارەسەرکردنی تووشبووانی پەتای کۆرۆنا لە ناسریە، کەوتەوە و بەهۆیەوە زیاتر لە 62 نەخۆش و هاوەڵی نەخۆش، بە سووتان گیانیان لەدەست دا و ژمارەیەکی دیکەش بریندار بوون.

نووسینگەی مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە: کازمی بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە، بە پەلە لەگەڵ ژمارەیەک وەزیر و فەرماندەی ئەمنی کۆبووەتەوە.

هەروەک لە بەیاننامەکەدا هاتووە، کازمی لەو کۆبوونەوەیەدا چەند بڕیارێکی دەرکردووە، کە بریتین لە؛

- لێکۆڵینەوە لەسەر ئاستی باڵای حکوومەت لە رووداوەکە

- ناردنی تیمێکی وزاری بۆ پارێزگای زیقار بە پەلە

- لەسەر کار لادانی ئەم بەرپرسانە و دەست پێکردنی لێکۆڵینەوە لەگەڵیان:

1/ بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی زیقار

2/ بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئیمام حوسێن

3/ بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی زیقار

- هەموو وەزارەتەکان رادەسپێردرێن بە گەیاندنی هاوکاری بە پەلە بۆ زیقار

- هەژمارکردنی ئەوانەی لە رووداوەکە گیان لەدەست داوە بە شەهید و پێدانی مافی کەسوکاری شەهیدان بە کەسوکاری هەموویان

- ناردنی ئەو بریندارانەی بارودۆخیان خراپە بۆ دەرەوەی وڵات

- راگەیاندنی سێ رۆژ ماتەمی گشتی لە عێراق