پرۆسەی دابەشکردنی مووچەی مانگی 10 دەستپێدەکات و هەژماری من داوا لە مووچەخۆران دەکات، تاوەکوو نیوەڕۆ نەڕۆنە لای ئەی تی ئێمەکان.
دابەشكردنی مووچەی مانگی 10 بۆ ماوەی چوار ڕۆژ بەردەوام دەبێت، بەپێی خشتەی دابەشکردنی مووچە ئەمڕۆ خانەنشینانی مەدەنی و سەربازی مووچەکانیان وەردەگرن، 317 هەزار خانەنشین لە ڕێگەی بانکەکانی نێو هەژماری من، مووچەکانیان ڕادەکێشن.
تیمی هەژماری من ڕایگەیاند، داوا لە خانەنشینان دەکەین، تاوەکو کاتژمێر 12ی نیوەڕۆ نەڕۆنە لای ئامێرەکانی ئەی تی ئێمەکان بۆ ڕاکێشانی مووچەکانیان، چونکە تیمەکان سەرقاڵی ڕێککارە تەکنیکییەکان و پارەدارکردنی ئامێرەکانن.
بۆ مووچەی مانگی 10، زیاتر لە یەک ملیۆن و 150 هەزار مووچەخۆر خۆیان لە پڕۆژەی هەژماری من تۆمارکردووە و یەک ملیۆن و 30 هەزار مووچەخۆر لەڕێگەی هەژماری من مووچە وەردەگرن.