کوردستان

فرسەت سۆفی کۆچی دوایی کرد

18-11-2020
فرسەت سۆفی کۆچی دوایی کرد
قەبارەی نووسین:
A A 21px

فرسەت سۆفی، پارێزگاری ھەولێر بەھۆی تووشبوونی بە کۆرۆنا کۆچی دوایی کرد.

د. فرسەت سۆفی، لە ساڵی 1978 لە قەزای چۆمان لەدایکبووە، مانگی 9ی ساڵی رابردوو بووە پارێزگاری هەولێر. 

- دکتۆرای لە یاسای گشتی هەیە

- مامۆستای زانکۆی پۆلەتەکنیکی هەولێر بوو

- ئەندامی خوولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان بوو

- ئەندامی دەستەی راوێژکاریی یاسایی لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بوو

- ئەندامی لیژنەی نووسینەوەی دەستووری هەرێمی کوردستان بوو

- ئەندامی لیژنەی باڵای چاکسازی بوو

- سەرۆکی لیژنەی کاتیی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان بوو 

نێچیرڤان بارزانی: د. فرسەت كەسێكی كارزان و دڵسۆز بوو

بەبۆنەی كۆچی دواییی د. فرسەت سۆفی، پارێزگاری هەولێره‌وه‌، لە دڵەوە خەمگینی و ماتەمینیی خۆمان ڕادەگەیه‌نین و سەرەخۆشی لە خێزان و كەسوكاری و هەموو خەڵكی پارێزگای هەولێر و کوردستان دەكەم.

د. فرسەت سۆفی هەر لەسەرەتای تەمەنییەوە ڕۆڵێكی گرنگی لە ڕیزەكانی یەكێتیی قوتابیانی كوردستاندا گێڕا، دواییش وەك كادیرێكی پێشكەوتوو لە بواری كاری جەماوەریدا ڕۆڵی هەبوو، هەروەها وەك پەرلەمانتارێكی چالاك و یاساناسێكی لێهاتوو ڕۆڵێكی زۆر بەرچاوی لە پەرلەمانی كوردستاندا هه‌بوو. كارزانی، دەستپاكی، نیشتیمانپەروەری و دڵسۆزیی د. فرسەت، ئەوی كردبووە كەسێكی خۆشەویست و جەماوەری.

دوای وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری هەولێر، زۆر بە دڵسۆزییەوە بەدەم كێشەكانی خەڵكەوە دەچوو، زۆر پڕۆژەی هەبوون بۆ پێشخستنی زیاتری شاری هەولێر و هەموو ناوچەكانی پارێزگای هەولێر. بەداخەوە مەرگ ڕێگەی نەدا زیاتر خزمەتی هەولێر و كوردستان بكات.

خوای مه‌زن گیانی به‌ به‌زه‌یی و میهره‌بانیی خۆی شاد بكات و دڵنەوایی بە هەموو لایەك ببەخشێت. كار و دڵسۆزیی د. فرسەت سۆفی، هەمیشە لە یادی ئێمەدا دەمێنێتەوە.

نێچیرڤان بارزانی

سەرۆكی هەرێمی كوردستان

18/11/2020

کۆنسوڵی بەریتانیا لە هەولێر: بەداخەوەین بۆ کۆچی دوایی دکتۆر فرسەت سۆفی

کۆنسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەولێر پرسە و سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی کەسوکاری دکتۆر فرسەت سۆفی پارێزگاری کۆچکردووی هەولێر دەکات و دەڵێت "‏زۆر بەداخەوەین بە بیستنی ھەواڵی کۆچی دوایی د. فەرسەت سۆفی، پارێزگاری ھەولێر. سەرەخۆشی و ھاوخەمی خۆمان بۆ خانەوادەکەی و ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان دەردەبڕین."

پارێزگاری دهۆک: دکتۆر فرسەت سۆفی کەسێکی راستگۆ و ماندوونەناس بوو

د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک پرسەنامەیەک ئاراستەی کەسوکاری د. فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر دەکات و رایدەگەیێنێت "بە داخەوە هەڤاڵ و برایەکی ئازیز، کەسێکی خاکی و خۆشەویست، راستگۆ و ماندوونەناس دکتۆر فرسەت سۆفی گیانی لەدەستدا."

پارێزگاری دهۆک سەرەخۆشی خۆی لە کەسوکاری پارێزگاری هەولێر و خەڵکی هەولێر و هەموو کوردستانییان دەکات و دەشڵێت " ئێمە کەسێکی بە توانا، پاک و راستگۆمان لەدەستداوە، جێگەی بەهەشت بێت و رەوانی شاد بێت."

پارێزگاری سلێمانی: بەداخەوە بۆ کۆچی دوایی برا و هاوڕێی ئەزیزم دکتۆر فرسەت سۆفی

د. هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی پرسە و سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی ماڵباتی کەسوکاری پارێزگاری هەولێر دەکات و رایدەگەیێنێت "بەناوی پارێزگای سلێمانییەوە؛ پرسە و پەژارە و خەم و ماتەمینیی خۆمان بۆ کۆچی جوانەمەرگانەی براو هاوڕێ و هاوکارو ئازیز و بەڕێزمان کاکە دکتۆر فەرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان؛ دەردەبڕین."

پارێزگاری سلێمانی ئاماژە بەوە دەدات، داواخوازین خودای گەورە ئارامیی بە  هەموو لایەکمان ببەخشێت و رۆحی بەڕێزیان شادبێت.

دەقی پرسەنامەکەی د. هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی

بەناوی پارێزگای سلێمانییەوە؛ پرسەو پەژارەو خەم و ماتەمینیی خۆمان بۆ کۆچی جوانەمەرگانەی براو هاوڕێ و هاوکارو ئازیزو بەڕێزمان کاکە دکتۆر فەرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان؛ دەردەبڕین.

داواخوازین خودای گەورە ئارامیی بە  هەموو لایەکمان ببەخشێت  و ڕۆحی بەڕێزیان شادبێت.

‏‎انا للە وانا الیە راجعون

۲٠۲٠/۱۱/۱۸