Balkesh Digital

دوایین بڵاوکراوەکان

13729 بابەت
بیروڕا
15-11-2020

كورد و له‌ده‌ستدانی ده‌رفه‌ت

کورد گه‌لێكه‌، هه‌میشه‌ خواستی ئاشتی و پێکەوەژیانی هەیه‌، "سه‌ره‌ڕای ئه‌و هەموو ئەو نەهامەتیانەش كه‌ بەسەری هێنراوه‌". گه‌ر دوورنه‌كه‌وینه‌وه‌ و ته‌نها گوزه‌رێك به‌ مێژووی سه‌د ساڵی ڕابردووماندا بكه‌ین، ئه‌و ڕاستییه‌مان بۆ ڕوونده‌بێته‌وه‌ كه‌ ئێمه‌ی كورد تاكه‌ گه‌لی ئه‌م هه‌ساره‌یه‌ین هه‌موو فۆرمه‌كانی سته‌مكاری و ڕێگاكانی سڕینه‌وه‌ی شوناسی نه‌ته‌وه‌ییمان پێ تێست كراوه‌ له‌م عێراقه‌، كه‌چی بووین به‌ فاكته‌ری به‌هێزكردنه‌وه‌ و بونیادنانه‌وه‌ی ئه‌م عێراقه‌! هه‌شتا ساڵ له‌ژێر ئاگر و ئاسن و سته‌مكاریی حوكمی عه‌ره‌بی سوننه‌ی ئه‌م عێراقه‌ بووین، كه‌چی له‌ بری جیابوونه‌وه‌، له‌گه‌ڵ په‌ناهه‌نده‌كانی دوێنێی كوردستان و مووچه‌بڕه‌كانی ئه‌مڕۆی به‌غدا ئه‌م عێراقه‌مان بونیادنایه‌وه‌ و دەستوورمان بۆ نووسینه‌وه‌! سوننه‌ هه‌شتاڵی ڕه‌به‌ق حوكمی جه‌به‌رووت و پڕ له‌ سته‌مكاری كرد به‌تایبه‌ت به‌رامبه‌ر به‌ کورد، كه‌چی عێراق ڕووخا، ئێمه‌ بووین به‌ یه‌كێك له‌ سێ كۆڵه‌كه‌ ئه‌ساسییه‌كه‌ی بونیادنانه‌وه‌ی عێراق، ئه‌وه‌ش ده‌ره‌نجامه‌كه‌ی كه‌ ئێستا ده‌یبینن به‌بێ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ئه‌و ده‌ستووره و ڕۆڵی ئه‌ساسی ئێمه‌ له‌ هێشتنه‌وه‌ی ئه‌م ده‌وڵه‌ته‌ شكستخواردووه‌ به‌ به‌هێزی،‌ مافە دەستورییەکانمان پێشێل دەکرێت، هیچمان پێ ڕه‌وا نابینرێت، ڕۆژێك مووچه‌مان ده‌بڕن و ڕۆژێكیش هێز و ده‌بابه‌مان بۆ ده‌نێرن و ئه‌وه‌تا بودجه‌شیان بڕین! ئێمه‌ له‌م عێراقه‌ عه‌ره‌بییه‌ چیمان بینیوه‌ سه‌د ساڵه‌؟ له‌ژێر سایه‌ی هه‌شتا ساڵی ده‌سه‌ڵاتی عه‌ره‌به‌ سوننه‌كه‌یدا هه‌موو ڕێگاكانی چه‌وساندنه‌وه‌ و سته‌مكردنمان پێ تێست كرا و دواهه‌مینیشیان (ئه‌نفال) بوو! به‌ڵام ئێمه‌ ماینه‌وه‌ و ئه‌وان بوون به‌ مێژوو. له‌ماوه‌ی حه‌ڤده‌ ساڵی ژێر سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی عه‌ره‌به‌ شیعه‌كه‌‌شیدا سیاسه‌تی "نانبڕین" وه‌كو كارت به‌كارهێنرا بۆ شكاندنی ئیراده‌مان، به‌ڵام خۆڕاگربوووین وو تێگه‌یشتن كه‌ ئێمه‌ میلله‌تێكین له‌هیچ بارودۆخێكدا ئاڵای سپی هه‌ڵناكه‌ین و ده‌مرین له‌پێناوی ئه‌وه‌ی بژین، ئه‌مجاره‌ سیاسه‌تی "سه‌ربڕین"یان له‌دژ په‌یڕه‌و كردین و داعشیان بۆ ناردین و شه‌ڕیان به‌سه‌ردا سه‌پاندین، به‌ڵام له‌وه‌شدا ئێمه‌ هه‌ر ماینه‌وه‌ و ئه‌وان ته‌خت و تاراجیان تێكدراو بوون به‌ مێژوو. كه‌واته‌ مێژووی پێكه‌وه‌ بوونی ئێمه‌ وعه‌ره‌ب له‌ عێراق،‌ پێمان ده‌ڵێت، ئێمه‌ و ئه‌وان، دوو گه‌لی جیاواز، دوو كلتور و فه‌رهه‌نگی جیاواز، دوو عه‌قڵیه‌تی جیاواز، دوو كائینی جیاوازین و ناتوانین له‌وه‌ زیاتر پێكه‌وه هه‌ڵبكه‌ین، چونكه‌ پێكه‌وه‌بوونه‌كه‌مان مان ئاره‌زوومه‌ندانه‌ نییه و ئێمه‌ ده‌بێت بیر ڕێگه‌چاره‌ی تر بكه‌ینه‌وه‌ و كۆڵه‌كه‌ و هه‌نگاوه‌كانی سه‌ربه‌خۆبوونی سیاسی و ئابووریمان به‌هێزتر و خێراتر بكه‌ین، به‌ له‌به‌رچاوگرتن و به‌هه‌ند وه‌رگرتنی ئه‌م دوو ڕێگاچاره‌یه‌‌‌. 1-هه‌وڵه‌كان چڕبكرێنه‌وه‌ بۆ به‌رقه‌راركردنی ئاشته‌وایی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و هه‌رچی زووه‌ کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکان بكرێت و هه‌مووان به‌رژه‌وه‌ندییه‌ حیزبییه‌كان وه‌لانێن و هه‌رچی پێویسته‌ بۆ ڕێكخستنه‌وه‌ی نێوماڵی ئه‌م میلله‌ته‌ پێكه‌وه‌ بیكه‌ن، دواتر پلانێكی تۆكمه‌ دابنرێت بۆ چۆنیه‌تی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ پێشهاته‌ نوێیه‌كان و ستراتیژێك دابڕێژرێت بۆ چۆنیه‌تی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ به‌غدا، به‌مه‌رجێك سود له‌ ئه‌زموونی شاره‌زایان و ڕاوێژی یاساناسان و مامۆستایانی زانستە سیاسی و ئەکادیمییەکان وه‌ربگیرێت، پاشان به‌رمه‌بنای پێدراوه‌كان تیمێكی به‌هێز، شاره‌زا، به‌ ئه‌زموون و پێست ئه‌ستوور له‌ دانووستان و ململانێ دروست بكرێت و ده‌سه‌ڵاتی ته‌واویان پێبدرێت بۆ گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ به‌غدا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پشتیوانی سیاسی و میللییان بۆ دروستبكرێت، بۆ ئه‌وه‌ی به‌هێزه‌وه‌ دانووستان بكه‌ن. 2-پێویسته‌ ئۆپشنی کشانەوە له‌ پرۆسەی سیاسی و حكومڕانی عێراق وه‌ك ئه‌ڵته‌رناتیڤی ئۆپشنی یه‌كه‌م ئاماده‌ بكرێت، له‌سه‌ر بنه‌مای زانستی و خوێندنه‌وه‌ی پانۆرامایی دروست بۆ هه‌موو پێشهات و پاشهاته‌كان، ته‌ریب له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ش له‌ڕووی ئابوورییه‌وه‌ خۆمان ڕێكبخه‌ینه‌وه‌، داهاتی ناوخۆ زیاتر بكه‌ین و پایه‌كانی ژێرخان و سه‌رخانی ئابووری و مرۆیی كوردستان به‌هێزتر بكه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ ئه‌گه‌ری ته‌حقیق نه‌بوونی ئۆپشنی یه‌كه‌م، ڕاسته‌وخۆ ئۆپشنی دووه‌م پراكتیزه‌ بكه‌ین و چیتر له‌وه‌ زیاتر کورد ملکەچی به‌غداد نەكرێت و ستۆپێك به‌م به‌ربه‌رێتییه‌ی به‌غدا بكرێت، ئینجا ئه‌وكات ده‌بینین هاوكێشه‌كه‌ چۆن پێچه‌وانه‌ ده‌بێته‌وه‌ و به‌غدا چۆن به‌ لاوازییه‌وه‌ دێته‌وه‌ سه‌ر مێزی گفتوگۆ و دان به‌ هه‌موو مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانماندا ده‌نێت‌. مه‌به‌ستمه‌ بڵێم، ئەم بارودۆخەی ئێستا ده‌رفه‌تێكی له‌باره‌ بۆ جیابوونەوە و کشانەوە له‌ عێراق، هەروەک نموونەی سیسته‌می یوغسلافیا کە بووە هۆکاری دابەشبوون و بەو هۆکارە جیابوونەوە. ئێمه‌ ده‌رفه‌تگه‌لێكی زۆر گرنگمان له‌ده‌ستداوه‌ له‌ماوه‌كانی ڕابردوودا، ئه‌كرێ ئه‌مه‌یان له‌ده‌ست نه‌ده‌ین و بڕیار بدەین، بۆ ئه‌وه‌ی له‌مه‌ لاوازتر نه‌كرێین و به‌و قه‌رزه‌ش كه‌ كردوویانه‌‌، نه‌خرێینه‌ ژێر بارێكی قورستر له‌ئێستا و جوڵه‌مان ببڕن و به‌و شێوه‌یه‌یه‌ ڕۆحیه‌تی مقاوه‌مه‌ت و ئیراده‌ی بڕیاردانمان تێدا بمرێنن و ده‌سته‌مۆمان بكه‌ن.

هەواڵ
15-11-2020

بەڕێوەبەری پەروەردەی کەرکوک به‌م تۆمه‌ته‌ دەستگیرکرا و دانی پێدا نا

كاروان كه‌لاری/ باڵكێش ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌، 15ی تشرینی دووه‌م، ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا ڕایگه‌یاند، "نوسینگەی دەستەی دەستپاکیی عێراق لە  کەرکوک، بەڕێوەبەری گشتیی پەروردەی کەرکوکیان بەتۆمەتی وەرگرتنی بەرتیل دەستگیرکردووە." ئاماژەی به‌وه‌شكردووه‌، ناوبراو بەرامبەر دانانی کەسێک بۆ بەرپرسی یەکێک لە بەشەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکە بەرتیلی وەرگرتووە، دوای لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون، تۆمەتبارەکە دانی بە تاوانەکەیدا ناوە و بەپێی بڕگەی (1) لە ماددەی (307) یاسای سزدادانی عێراقی دادگایی دەکرێت. ناوبراو لە مانگی تەمموزی ڕابردووشدا بەتۆمەتی بەفیڕۆدانی سامانی گشتی، لەلایەن نووسینگەی کەرکوکی دەستەی دەستپاکی عێراقەوە دەستگیرکرا، بەڵام دواتر به‌رامبه‌ر به‌ پێدانی 110 ملیۆن جینار وه‌ك بارمته‌ ده‌ستگیركراوه‌.

هەواڵ
15-11-2020

ڕه‌گه‌زنامه‌ی سلێمانی: هاوڵاتیان ته‌نها بۆ ئه‌م كاره‌ سه‌ردانمان بكه‌ن

كاروان كه‌لاری/ باڵكێش بەرێوەبەرایەتی ڕەگەزنامەی سلێمانی لەبارەی مامەڵەی دەرهێنانی کارتی نیشتمانی بۆ "یەکەمجار" ئاگادارییەكی بڵاوكرده‌وه‌ و ڕایگه‌یاند، "لەسەر بڕیاری بەرێوەبەرایەتی گشتی ڕەگەزنامەی عێراق، مامەڵەی دەرھێنانی کارتی نیشتیمانی "یه‌كه‌مجار" ناكرێت، لە بەرێوەبەرایەتی ڕه‌گه‌زنامه‌ و فەرمانگەکانی تری سەر بە بەرێوەبەرایەتیمان." ڕه‌گه‌زنامه‌ی سلێمانی ده‌شڵێت، هاوڵاتیان تەنھا بۆ ئەم مامەڵانە ده‌توانن سەردانمان بكەن: ١- مامەڵەی ھاوسەرگیری ٢- مامەڵەی جیابوونەوە ٣- مامەڵەی منداڵی تازە لە دایکبوو ٤- مامەڵەی مردن ٥- مامەڵەی تێکچوونی پێناسی باری شارستانی و کارتی نیشتیمانی ٦- مامەڵەی ونبوونی پێناسی باری شارستانی و کارتی نیشتیمانی باسی له‌وه‌شكرد، "ئەو قوتابیانەی كه‌ ده‌یانه‌وێـ مامەڵەی وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگاکان بكه‌ن، دەتوانن سەردانی بەڕێوەبەرایەتی ڕەگەزنامە و باری شارستانی سلێمانی بکەن، به‌مەبەستی دەرهێنانی ڕەگەزنامە، بەو مەرجەی نوسراوی فەرمییان پێبێت".

هەواڵ
15-11-2020

ئه‌مرۆ سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی هه‌رێمی كوردستان كۆده‌بنه‌وه‌

كاروان كه‌لاری/ باڵكێش ئەمڕۆ یەكشەممە، 15ی تشرینی دووه‌م، سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێمی کوردستان لەبارەی پەسەندکردنی (یاسای قەرزکردن)ی عێراق بەبێ کورد كۆده‌بنه‌وه‌. شه‌وی ڕابردوو مەکتەبی سیاسی یەکێتی لەڕاگەیه‌ندراوێکدا داوای لەهەر سێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێمی كوردستان كرد، كە كۆبوونەوەی ڕاگەیێنراوی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ دوابخه‌ن بۆ كاتێكی تر، بۆ ئەوەی هەموو حیزب و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان، كە نوێنەریان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هەیە بەشداربن، بەڵام ڕەتکرایەوە.” بەرەبەیانی ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو، پەرلەمانی عێراق پڕۆژەياسای قەرزکردنی بەبێ رەزامەندی پەرلەمانتارانی کورد پەسەندکرد و نوێنه‌رانی كوردیش دانیشتنه‌كه‌یان بایكۆت كرد.

گشتی
15-11-2020

نرخی زێڕ به‌ جێگیری ده‌مێنێته‌وه‌

كاروان كه‌لاری/ باڵكێش ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌، 15ی تشرینی دووه‌م، له‌كاتی كردنه‌وه‌ی بازاڕه‌وه‌، تاوه‌كو ئاماده‌كردنی ئه‌م هه‌واڵه‌، زێڕ له‌ بازاڕه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌مشێوه‌یه‌ مامه‌ڵه‌ی پێوه‌ ده‌كرێت. یەک مسقاڵ زێڕی عەیارە 18 بە 285 ھەزار دینارە. یەک مسقاڵ زێڕی عەیارە 21 بە 333 ھەزار دینارە. یەک مسقاڵ زێڕی عەیارە 24 بە 381 ھەزار دینارە.

هەواڵ
14-11-2020

سێ سەرۆکایەتییەکە بۆ یەکێتی: کۆدەبینەوە

سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێمی کوردستان رایانگەیاند، سبەی یەکشەممە کۆدەبینەوە، بەڵام بەبێ بەشداریکردنی فراکسیۆنە کوردستانییەکان. ئەمە لە کاتێکدایە کە مەکتەبی سیاسیی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا داوای دواخستنی کۆبوونەوەکەیان کردبوو. بڕیارە رۆژی یەکشەممە 15-11-2020 سێ سەرۆکایەتییەکە لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان کۆببنەوە، هەرچەندە سەرەتا بڕیاربوو فراکسیۆنە کوردستانیەکانی بەغداش بەشداری بکەن، بەڵام دواتر ئەمە ڕەتکرایەوە. مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت "مەكتەبی سیاسی بەڕەسمی داوا لەهەر سێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێمی كوردستان دەكات، كە كۆبوونەوەی راگەیێنراوی سبەی 15-11-2020 دوابخات بۆ كاتێكی دیکە، بۆ ئەوەی هەموو حیزب و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان، كە نوێنەریان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هەیە بەشداربن." بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە 12ی تشرینی دووەم پەرلەمانی عێراق بەبێ رەزامەندیی کورد، پرۆژەیاسای قەرزی بۆ کورتهێنانی بودجە پەسندکرد. بەپێی یاساکە هیچ پشکێک لەو قەرزە بۆ هەرێمی کوردستان دیارینەکراوە، هاوکات رادەستکردنی هیچ بڕە نەوتێکیش لەسەر هەرێمی کوردستان نەسەپێندراوە، بەڵکو دانراوە کۆمپانیای سۆمۆ دیاریی بکات، بۆیە پەرلەمانتارانی کورد لە پەرلەمانی عێراق بە پێویستی دەزانن، هەرێمی کوردستان شاندێک بۆ گفتوگۆ بنێرێتە بەغدا و دەڵێن، ئەگەر پابەندبن بە نێوەڕۆکی یاسای قەرزەوە، دەتوانن لەجیاتی 320 ملیار دینار، زیاتریش وەربگرن.

هەواڵ
14-11-2020

یەکێتی داوای دواخستنی کۆبوونەوەی سێ سەرۆکایەتییەکە دەکات

ئێوارەی ئەمڕۆ ( 14/11/2020) بەسەرپەرشتی هەڤاڵ لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆك، مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە شاری سلێمانی، بۆ تاوتوێكردنی دوایین پێشهات و گۆڕانكارییە سیاسیەكان و بەتایبەتی پرسی مووچە و بژێوی خەڵكی كوردستان كۆبوەوە.لە كۆبونەوەكەدا، كە سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان و ژمارەیەك لە پەرلەمانتارانی فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و نوێنەری تیمی گفتوگۆی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدرالی عێراق ئامادەیبوون، مەكتەبی سیاسی پاراستنی ئەو یەكریزییەی كە لەنێوان فراكسیۆنە كوردستانیەكان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە سەر یاسای پڕكردنەوەی كورتهێنانی مووچە هاتە ئاراوە بەگرنگزانی و پێداگیری لەسەر پاراستنی دەكات، بۆ دەستەبەركردنی مافە دەستورییەكانی خەڵكی كوردستان.بۆ ڕەخساندنی زەمینەی لەبار لەپێناوی گفتوگۆ و گەیشتن بەبڕیارێكی گونجاو، كە لەبەرژەوەندی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان و باشكردنی گوزەرانی خەڵكدا بێت و یەكریزی هێزو لایەنە سیاسیەكانی كوردستان پیشانبدات، مەكتەبی سیاسی بەڕەسمی داوا لەهەر سێ سەرۆكایەتیەكەی هەرێمی كوردستان دەكات، كە كۆبونەوەی ڕاگەیەنراوی سبەی (15/11/2020) دوابخات بۆ كاتێكی تر، بۆ ئەوەی هەموو حزب و لایەنە سیاسیەكانی كوردستان، كە نوێنەریان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هەیە بەشداربن.مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەردەوامیدان بە گفتوگۆكان لەگەڵ حكومەتی فیدرالی عێراق، لەپێناوی گەیشتن بە رێككەوتن بۆ دەستەبەركردنی شایستە داراییەكانی هەرێم و مووچە و بژێوی خەڵكی كوردستان بە باشترین رێگاچارە دەبینێت.بۆ گەیشتن بەرێككەوتنی بنەڕەتی لەسەر شایستە داراییەكانی هەرێم و مووچەی خەڵكی كوردستان، مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، جەختیكردەوە لەسەر پابەندبوونی حكومەتی هەرێم بە جێبەجێكردنی ناوەڕۆكی رێككەوتنەكان و حكومەتی فیدرالی عێراقیش پابەندی بنەمای تەوافق و دەستوری هەمیشەیی عێراق بێت.هەر سەبارەت بەهەمان پرس، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بۆ دەستەبەركردنی شایستە داراییەكانی هەرێم و مووچەی خەڵكی كوردستان و چارەسەركردنی كێشەكان، هەوڵەكانی درێژە پێدەدات و خەڵكی كوردستان دڵنیا دەكاتەوە، كە لەم پێناوەدا درێغی ناكات.

هەواڵ
14-11-2020

"کەسێک زەوی سلێمانی داگیربکات چۆن دەتوانێ خزمەتی بکات"

عەلی حەمە ساڵح، ئەندام پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی گۆڕان دەڵێ"مانگی پێشوو لە مەرزی باشماخ، 45 ملیۆن دۆلار کاری قاچاخی کراوە". عەلی حەمەساڵح لە پۆستێکدا لە ساڵیادی دامەزراندی شاری سلێمانیدا نووسیویەتی " یەکێک زەوی ئەم شارە داگیربکات! ڕۆژانە خەریکی قاچاخچێتی بێت بەسەر خەڵکەکەی! چۆن دەتوانێت خزمەتی ئەم شارە بکات". پۆستەکەی عەلی حەمە ساڵح لە باشماخ مانگی پێشوو ٤٥ ملیۆن دۆلاری( چوار ھەزارو ٥٠٠ دەفتەر) دەستکەوتی قاچاخچێتی بوو! . بەھەزاران دۆنم بەناوی ھێزی ئەمنی و چەکدار داگرکراوەو مەتر مەتر بەدەیان ملیۆن دۆلار فرۆشرا.. یەکێک زەوی ئەم شارە داگیربکات! ڕۆژانە خەریکی قاچاخچێتی بێت بەسەر خەڵکەکەی! چۆن دەتوانێت خزمەتی ئەم شارە بکات!! باشترین خزمەتێک بە سلێمانی بکەن کۆتایھێنانە بە قاچاخچێتی و ھەڵوەشاندنەوەی داگیرکردنی ھەزاران دۆنم زەوی بەناوی پێشمەرگەو ھێزی ئەمنی.

گشتی
14-11-2020

ڤیدیۆ.. کوڕێک دایکە پیرە پەککەوتەکەی ناچار دەکات بە قادرمەدا بچێتە خوا...

لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە دەگوترێت لە گوندێکی وڵاتی میسردا گیراوە، گەنجێکی دایکە بەساڵاچووە پەککەوتەکەی ناچار دەکات بە قادرمەیەکدا بچێتەوە خوارەوە، دایکەکەش لەبەر بێتوانایی قاچ و جەستەی، بە دانیشتنەوە هەوڵدەدات بچێتە خوارەوە. بڵاوکردنەوەی ئەو گرتە ڤیدیۆییە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، چونکە لەکاتی چوونە خوارەوەی دایکەکەدا، کوڕەکەیی و بووکەکەی گاڵتەی پێدەکەن. دوای بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆکە، هێزە ئەمنیەکان کوڕەکەیان دەستگیرکردووە، بەڵام دایکەکە چووەتە بنکەی پۆلیس و بە گریانەوە داوای ئازادکردنی کوڕەکەیی کردووە و وتوویەتی" تەنیا بۆ خۆشی ئەو کارەی کردووە و کوڕەکەم زۆرباشە لەگەڵم و ساڵی پێشوو بردوومی بۆ حەج".بەڵام پۆلیس باوەڕ بە قسەکانی دایکی ناکات و پێیانوایە لەژێر کاریگەریی سۆزی دایکایەتی ئەو قسانە دەکات بۆ ئەوەی کوڕەکەی ئازاد بکەن. https://www.youtube.com/watch?v=to4AdqUIKas&feature=emb_title

هەواڵ
14-11-2020

بۆچی گەنجانی تازە پێگەیشتوو دەبنە هاوڕەگەزباز؟

هاوڕەگەزبازی، لە کوردستاندا هێشتا حاڵەتێکی نامۆیە و نەبووەتە دیاردەیەکی بەربڵاو، بەڵام گەشەیەکی خێرا دەکەن و هەندێ ئامرازیش هەن، گەنجانی تازە پێگەیشتووە پەلکێش دەکەن بۆ نێو ئەم دیاردە نامۆیە.لە هەرێمی کوردستان، چ ئایین و چ کولتوور، رێگە بە هاوڕەگەزبازی نادات، بەڵام ئێستا پێشکەوتنی تەکنەلۆجیا و بەشێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بە هەندێ گرتەی وروژێنەر گەنجانی تازە پێگەیشتوو لە خشتە دەبەن.نووسەر کوردۆ شابان لەوبارەیەوە دەڵێ"نازانم هۆکارەکەی چییە، لەم ماوەیەدا، چەندان جار گەنجان (هەم کچ و هەم کوڕ) داوام لێ دەکەن بابەتێک لەسەر هاوڕەگەزبازی بنووسم و ڕای خۆیشمی تێدا ئاشکرا بکەم؟ هەرگیز پشتیوانیی ئەو مافە ناکەم کە بەڕێز جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران داکۆکی لێ دەکات، بەڵکوو بە هەموو شێوەیەک دژایەتی دەکەم، چونکە بە هەڵەیەکی گەورە بەرانبەر سرووشت دەیبینم و بێز و قێزی لێ دەکەمەوە". ئاماژەی بەوەشکردووە، پێم باشە، هەموو ئەو کچانەی بوونەتە لێسبیان، ئەو کوڕانەی دوودەگین، لە نەخۆشخانەیەکی تایبەت چارەسەری دەروون و گیانیان بۆ بکرێ و لەو هەڵەیە ڕزگار بکرێن کە ئاژەڵەکانیش ڕەتی دەکەنەوە، نەوەک ببینە فڕەنسا و ئیتاڵیا و وڵاتانی تر، ئەدەب و هونەریان بخەینە خزمەت. هەڵبەت ئەدەبی ئێمە لەو باسە بەدوور نییە؛ شیعرەکانی شێخ ڕەزا، پڕیانە لە حەز بۆ مێرمنداڵ کە هەم هاوڕەگەزبازییە هەم دەستدرێژی".کوردۆ شابان باسی ئەوەش دەکات کە، خاتوونێکی تووشبوو، لە ڕێی نامەوە سەرکۆنەی کردم، بۆچی وەک نووسەرێک، داکۆکییان لێ ناکەم! کاتێک گوتم: تۆ بە نەخۆش دەزانم، منی وەک مرۆڤێکی کۆنەپەرست و داگیرکراوی هەژموونی ئایین لەقەڵەم دا.ئەو نووسەرە هۆشداری دەدات و دەڵێ"پێویستە هۆشداریی ئەوەشتان بدەمێ، ئاگاتان لە منداڵەکانتان بێت. بەهۆی کامێرای سێڵفییەوە، بەپێی تەمەن و ڕەگەزەکانیان، ڕێکلامی جۆراوجۆریان بۆ دەنێرن کە بەلایانەوە ئاسایی بێت، دوو مێ لێویان لە یەکتری ئاڵاوە، دوو نێر لە ئامێزی یەکتریدان. لەپڕ نەوەیەک دروست دەبێ، لەسەر ئەم هەموو عیلم و فەننە، پێشکەوتن و ئازادی لە هاوڕەگەزخوازیدا دەبیننەوە، خۆشیان هەو نەبن، داکۆکی لە مافی ئەوان دەکەن، وەک چۆن هەموومان خزممان لە ئەورووپا هەیە و دەبینین چۆن بە ماف و ئازادیی هەڵبژاردن لەقەڵەمی دەدەن و گاڵتە بەو سەردەمانە دەکەن کە بە نەخۆشی دانرا بوو".

گشتی
14-11-2020

بۆڵت: ئێستا كریستیانۆ لێم دەباتەوە

مەسعود حەسەن/ باڵکێش یوسین بۆڵت خێراترین پیاوی جیهان لە ڕاكردنی ماوە كورتەكاندا لە لێدوانێكدا دەڵێت، ئەگەر ئێستە پێشبڕكێی ڕاكردن لەگەڵ كریستیانۆ ڕۆنالدۆ بكەم شكست دەهێنم. بۆڵت كە ساڵی 2017 وازی لە ڕاكردن هێناوە، لە لێدوانێكدا بۆ ڕۆژنامەی ماركای ئیسپانی گووتی:" كریستیانۆ وەرزشكارێكی داهێنەرە، بەردەوام لە پێشەنگە، هەموو رۆژێك مەشق و راهێنان دەكات، بە ڕژدییەوە یاری دەكات، ئەگەر ئێستە پێشبڕكێی ڕاكردن لەگەڵ كریستیانۆ بكەم بە دڵنیاییەوە لێم دەباتەوە". بۆڵت ڕاكەری جامایكی لە ئۆلیمپیادی بەرلین لە ساڵی 2009 ماوەی 100 مەتری بە 9،58 چركە بڕی و بووە خاوەنی ژمارەی پێوانەیی.

هەواڵ
14-11-2020

تائێستا نزیكه‌ی‌ 3 هه‌زار كه‌س له‌ كوردستان به‌ كۆرۆنا مردوون

كاروان كه‌لاری/ باڵكێش وەزارەتی تەندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئاماری 24 كاتژمێری ڕابردووی توشبوون و چاكبوونه‌وه‌ و مردنی به‌ كۆرۆنا بڵاوكرده‌وه‌ و ڕایگه‌یاند، لەماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا، 573 كه‌س تووشی كۆرۆنا بوون و 398 توشبووش چاكبوونه‌ته‌وه‌." وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی له‌ ئاماره‌كه‌یدا ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ڕوو، كه‌ له‌ماوه‌ی 24 كاتژمێری ڕابردوودا 27 توشبووی تری كۆرۆنا گیانیان له‌ده‌ستداوه‌." بەپێی دوایین ئامارەکانی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی، تائێستا 89 هەزار و 29 کەس لە هەرێمی كوردستان تووشی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیەش 54 هەزار و 856 کەسیان چاکبوونەتەوە و 2 هەزار و 815 کەسیش گیانیان لەدەستداوە.

1 2 ... 940 941 942 ... 1144 1145