كاروان كه‌لاری/ باڵكێش فیدراسیۆنی شاخەوانی کوردستان، ساڵی 2006 له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و ئه‌نجومه‌نی باڵای وه‌رزش له هه‌رێمی كوردستان مۆڵه‌تی پێدراوه و به پێوه‌ر و شێواز و نه‌خشه‌سازی شاخەوانی جیھانی چالاكییه‌كانی ئه‌نجام ده‌دات. هێمن ئه‌مین مه‌نسور، به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه گشتییه‌كانی فیدراسیۆنی شاخه‌وانی كوردستان بۆ باڵكێش وتی: "ویستێکی زۆر هه‌یه بۆ وه‌رزشی شاخه‌وانی و گەشتی پیادەڕۆی و لە هه‌رێمی کوردستان، چونكه ئه‌م وه‌رزشه تایبەتمەندیی خۆی هه‌یه و وەرزشێکی جەستەیی، دەرونییە کە بە کومەڵ دەکرێت و هەموو تەمه‌ن و ڕەگەزەکانیش ده‌توانن بە تێچوویەکی کەم و بە ئاسانی بیکەن." وتیشی، "لەم وەرزشەدا فێری یەکڕەنگی، ڕاستی و دروستی، لە خۆبردوویی، خۆڕاگری و ورەبەرزی دەبیت و سەرکەوتن بەسەر سەختییەکانی کوێستان و ئه‌و شاخانه فێرت دەكه‌ن چۆن بۆ سەرکەوتن بەسەر کێشەکانی ژیاندا تێبکوشی و هاوكات جۆڵانەوە و چالاکییەكی سودبه‌خشیشه له‌ڕووی تەندروستییه‌وه بۆ مرۆڤ." سه‌باره‌ت به چۆنیه‌تی ڕێكخستنی وه‌رزشه‌كه و ناسینی به فه‌رمی، له‌لایه‌ن په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه وتی، سەردانی جێگری سەرۆکی په‌رله‌مانی کوردستان‌مان کردووه بۆ دانانی نەخشەڕێگایەک بۆ نووسینەوەی پرۆژە پێشنیازێکی تایبەت بە شاخەوانی و بەشەکانی، یان "جێکردنەوە"ی بەشێکی تایبه‌ت بە وه‌رزشی شاخەوانی لەناو ئەو یاسا گشگیرەی کە وا بڕیارە بۆ وەرزش ده‌ربكرێت لە پارلەمانی کوردستان. ڕوونیشیكرده‌وه، "هێمن هه‌ورامی، جێگری سەرۆکی په‌رلەمانی کوردستان پاڵپشتی كردوون و پێیڕاگه‌یاندوون، هەرکات دەست بە نووسینەوەی ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای وەرزش لە هەرێمی کوردستان کرا، ئەوان دۆسیەی وەرزشی شاخه‌وانی ده‌خەنە بەرنامەی کاری ئەو لیژنەیەی کە یاساکە دەردەکەن و سه‌رۆكی فیدراسیۆنی شاخه‌وانی كوردستانیش به‌شداری پێده‌كه‌ن لە نووسینەوە و ئامادەکردنی ڕەشنووسی پڕۆژە یاساكه‌دا." ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، كه سەرەڕای بڕینی سەرچاوەی دارایی و نەبوونی ھیچ ھاوکاری و بودجەیەک، وه‌رزشه‌كه گه‌شه‌ی كردووه و فیدراسیۆنی شاخەوانی کوردستانیش لە ھەوڵی بەردەوامدابووه بۆ به‌ده‌ستهێنانی ئامانجی گەورەتر خزمەتی زیاتر بە وه‌رزشكارانی شاخەوانی و بەردەوانی هه‌رێمی کوردستان بکه‌ن، "به‌بێ ڕه‌چاوكردنی جیاوازی ناوچەیی و ئاینی و مەزهەبی."
كاروان كه‌لاری/ باڵكێش دوێنێ دووشه‌ممه، 16ی تشرینی دووه‌م مسته‌فا كازمی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق بڕیاری داخستنی سه‌رجه‌م ده‌روازه "نافه‌رمییه‌كان"ی عێراقی دا. سه‌رچاوه‌یه‌ك له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی گومركی هه‌رێمی كوردستان به تۆڕی میدیایی باڵكێشی ڕاگه‌یاند، "بڕیارەكه‌ی مسته‌فا كازمی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق ھەرێمی كوردستان ناگرێتەوە و مه‌به‌ست له‌و بڕیاره داخستنی ئه‌و ده‌روازانه‌ی عێراقه كه له‌ژێر كۆنترۆڵی هێزه نافه‌رمییه‌كانی عێراقدان." باسی له‌وه‌شكرد، "ده‌روازه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به فه‌رمی و نافه‌رمییه‌وه له‌ژێر هێزی فه‌رمی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندایه و له‌لایه‌ن حكومەتی عێراقیشه‌وه دانیان پێدانراوە، وتیشی، ده‌روازه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بڕیاری كاركردنی بۆ ده‌ركراوه و دوا بڕیاریش بۆ هه‌ر گۆڕانكارییه‌ك له‌و ده‌روازانه، له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكومه‌تی عێراقه‌وه ده‌درێت."
كاروان كه‌لاری/ باڵكێش به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه، 17ی تشرینی دووه‌م، سوپای تورکیا نزیكه‌ی كاتژمێرێك زنجیرە چیای "خامتیر"ی سنووری ناحیەی دەرکاری تۆپبارانکرد. دانیشتووانی گونده‌كانی بناری چیای خامتیر ده‌ڵێن، زیاتر له 20 گولـلە تۆپ گیراوه‌ته زنجیرە چیاکه، به‌ڵام زیانی گیانی لێنه‌كه‌وتووه‌ته‌وه. ئه‌مه له‌كاتێكدایه، كه ئه‌م مانگه فه‌رمانگه‌ی وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ڕاپۆرته نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له ڕاپۆرتێكدا ئاماژه‌ی به‌وه كرد، كه له‌ماوه‌ی 5 ساڵی ڕابردوودا، له‌لایه‌ن توركیا و ئێرانه‌وه 272 جار بۆردومان و تۆپبارانی ناوچه‌كانی هه‌رێمی كوردستان كراوه.
كاروان كه‌لاری/ باڵكێش 16ی ئه‌م مانگه لە جووتسایدی لاوانی شاری هەولێر، چه‌ند كه‌سێك هێرشیانكرده سه‌ر كارمه‌ندانی ده‌رمانخانه‌یه‌ك و دواتر بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤیدیۆی هێرشکردنەكه نیگه‌رانی هاوڵاتیانی له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان لێكه‌وته‌وه و داوایان كرد "هێرشكاران سزابدرێن". هۆگر عەزیز، وتەبێژی پۆلیسی هەولێر ڕایگەیاند، "بەدواداچوونی وردمان بۆ دەستگیرکردنی ئەو تۆمەتبارانە كرد و هه‌ر شه‌وی ڕووداوه‌كه کەسێکمان دەستگیرکرد، دواتریش بەدواداچوونمان کرد بۆ دوو تۆمه‌تباره‌كه‌ی تر كه هەڵاتبوون." ده‌شڵێت، "شه‌وی ڕابردوو لە ئۆپەراسیۆنێکی پۆلیسی قەزای دەشتی هەولێر لەگەڵ پۆلیسی چالاکییە مەدەنییەکان و چەند بنکەیەکی پۆلیس، دوو تۆمەتبارەکەی تریش دەستگیركران." باسی له‌وه‌شكرد، "كه تۆمه‌تباره‌كان تەمەنیان لەنێوان 25 بۆ 30 ساڵدایه و له‌كاتی ده‌ستگیركردنیاندا چەکی کلاشینکۆڤ و دەمانچەیان پێبووە و ویستوویانه ڕووبەڕووی پۆلیس ببنه‌وه، بەڵام پۆلیس چەکی كردوون."
كاروان كه‌لاری/ باڵكێش ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه، 17ی تشرینی دووه‌م، له‌كاتی كردنه‌وه‌ی بازاڕ تاوه‌كو ئاماده‌كردنی ئه‌م هه‌واڵه، دراوه‌كان له بازاڕه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌مشێوه‌یه مامه‌ڵه‌یان پێوه‌ده‌كرێت. 100 دۆلار بە 125 هەزار دیناره. 100 پاوەند بە 164 هەزار دیناره. 100 یۆرۆ بەرامبەرە بە 147 هەزار و 500 دیناره. 100 هەزار تمەن بە 5 هەزار و 100 دیناره. 100 لیرەی تورکی بە 17 هەزار دیناره.
كاروان كه‌لاری/ باڵكێش میدیاکانی جیهان بڵاویانكردەوە، ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه، 17ی تشرینی دوووه‌م نرخی به‌رمیلێك نه‌وتی برێنت بە 44 دۆلار و 18 سەنت لە بازاڕەكانی جیهان مامەڵەی پێوەكراوە و نرخی بەرمیلێك نەوتی خاوی ئەمریكیش بە 41 دۆلار‌و 62 سەنت مامەڵەی پێوەكراوە. كۆتاییهاتنی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی ئەمریكا، جارێكی تر گۆڕانكاری بەسەر نرخی نەوتی جیهانیدا هێناوه،، بەڵام تائێستاش بازاڕی نه‌وت ناجێگیرە.
تەرمی کوردێک لە هۆتێلێکی ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید دۆزرایەوە و تاوەکو ئێستا هۆکاری گیانلەدەستدانەکەی ئاشکرا نەکراوە. بڵێسە عومەر، تەمەنی 42 ساڵە و خەڵکی قەزای ڕانیەیە لە سنووری پارێزگای سلێمانی، ماوەی نزیکەی 20 ساڵە لە وڵاتی سوید دەژیا. لە ڕۆژانی ڕابردوو تەرمەکەی لە هۆتێلێکی ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید دۆزراوەتەوە. بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست تۆڕی میدیایی باڵکێش کەوتوون، پۆلیسی سوید لێکۆڵینەوەی لە ڕووداوەکە دەستپێکردووە و هۆکاری گیانلەدەستدان و چۆنیەتی ڕووداوەکە ئاشکرا دەکات.
كاروان كه‌لاری/ باڵكێش شه‌وی ڕابردوو، دووشه‌ممه، 16ی تشرینی دووه‌م فڕۆكە جەنگییەكانی سوپای عێراق لە سنوری پارێزگای دیالە بۆردوومانی چەكدارانی داعشی كرد. شانەی راگەیاندنی جەنگی عێراق له ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا ڕایگه‌یاند، "فڕۆكە جەنگییەكانی سوپا مۆڵگەی گروپە چەكدارەكانی داعشیان بۆردوومان كردووه لە سنووری شار خانەقینی سه‌ر به پارێزگای دیالە." ئاشكراش كراوه، كه بۆردوومانەكە لەڕێگەی فڕۆكەی ئێف16 بووه و لە ناوچەی (زۆر) لەسەر ڕووباری دیالە لە سنووری شاری خانەقین كراوه.
كاران كه‌لاری/ باڵكێش ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه، 17ی تشرینی دووه‌م، له‌كاتی كردنه‌وه‌ی بازاڕ، تاوه‌كو ئاماده‌كردنی ئه‌م هه‌واڵه زێڕ له بازاڕه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌مشێوه‌یه مامه‌ڵه‌ی پێوه ده‌كرێت. یەک مسقاڵ زێڕی عەیارە 18 بە 284 ھەزار دینارە. یەک مسقاڵ زێڕی عەیارە 21 بە 331 ھەزار دینارە. یەک مسقاڵ زێڕی عەیارە 24 بە 380 ھەزار دینارە.
كاروان كه‌لاری/ باڵكێش وه‌زاره‌تی ئاوه‌دانكردنه‌وه و نیشته‌جێكردنی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا ڕایگه‌یاند، "بە تێچووی زیاتر لە 381 ملیۆن دۆلار چەندین یەکەی نیشتەجێبوونی بەشێوەی پێشەکی درێژخایەن بەسەر هاوڵاتیانی ناوچەی پشدەردا دابەشکرا." ده‌شڵێت، "پرۆژەكه لە 7 باڵەخانەی سێ نهۆمی و 84 یەکە پێکھاتووه و خزمەتگوزارییەکانیشی بەشێوەی جێبەجێکردنی ڕاستەوخۆ لەلایەن وەزارەتەوە بۆ دابینکراوه." ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "ئه‌م پرۆژه‌یه له‌چوارچێوه‌ی كاره خزمه‌تگوزارییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندایه و بەشێوەی پێشەکی درێژخایەن دابەشدەکرێن." دوێنێ دووشه‌ممه، 16ی تشرینی دووەم، لە شاری قەڵادزێ تیروپشک بۆ ئەو خێزانە کەمدەرامەتانە كرا کە فۆڕمی وەرگرتنی یەکەکانیان پڕکردبووه‌وە.
كاروان كه‌لاری/ باڵكێش دۆسیه‌ى ساخته‌كردنى پسوڵه‌ى گومرگى له په‌روێزخان تائێستا لێكۆڵینه‌وه‌ى تێدا ده‌كرێت و نزیكه‌ى 15 كه‌س له‌و دۆسیه‌یه‌دا لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا كراوه و ژماره‌یه‌كیان ئازاد كراون. به پێی زانیارییه‌كانى تۆڕی میدیایی باڵكێش، دۆسیه‌ى ساخته‌كردنى پسوڵه‌ى گومركی له مه‌رزی په‌روێزخان، تائێستا به كراوه‌یی ماوه‌ته‌وه و لێكۆڵینه‌وه له دۆسیه‌كه به‌رده‌وامه، به‌شێوه‌یه‌ك 15 كه‌س له‌سه‌ر ئه‌و پرسه لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا كراوه. هه‌ر به پێی زانیارییه‌كانی باڵكێش، 3 له‌و كه‌سانه‌ى كه له‌سه‌ر ئه‌و دۆسیه‌یه ڕاگیرابوون به كه‌فاله‌ت ئازادكراون تا ڕۆژی دادگایی كردن. له ماوه‌كانى ڕابردوو به تۆمه‌تى ساخته‌كردنى پسوڵه‌ى گومرگى "37 ئه‌لیف" ژماره‌یه‌ك كه‌س ڕاگیران و لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا كرا، كه یه‌كێك له ڕاگیراوه‌كان (محه‌ممه‌د شێخ وه‌هاب)،، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانییه له فراكسیۆنی گۆران.
كاروان كه‌لاری/ باڵكێش بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانی له ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا ڕایگه‌یاند، لەسەر بودجەی 8%ی داهاتی كارەبای پارێزگای سلێمانی، بەبڕی زیاتر لە 5 ملیار و 800 ملیۆن دینار 3 وێستگەی مۆبایلی جێبه‌جێده‌كرێت.كاره‌بای سلێمانی ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه، ئامانج لە پڕۆژه‌كان بەرزكردنەوەی تونای دابەشكردنی كارەبا و كەمكردنەوەی بارگرانی سەر فیدەرەكانە." كاره‌بای سلێمانی، شوێن و كاتی ته‌واوبوونی پرۆژه‌كانی ئاشكراوه كردووه و ده‌ڵێت، پرۆژه‌كان له شاری سلێمانی و چەمچەماڵ و سەیدسادق جێبەجێ دەكرێت و لەماوەی 400 ڕۆژدا تەواو ده‌كرێن.